Ana içeriğe atla

کۆماری ئیسلامی فێستیڤاڵى هەناری هەورامانی هەڵوەشاندەوە

کۆماری ئیسلامی فێستیڤاڵى هەناری هەورامانی هەڵوەشاندەوە
ئیتلاعاتی پاوە و مەلا قادر قادری پێشنوێژی سەر بە ئیتلاعاتى فێستیڤاڵەکەیان هەڵوەشاندووەتەوە
posted onOctober 24, 2018
noyorum

ئیتلاعاتی پاوە و مەلا قادر قادری پێشنوێژی سەر بە ئیتلاعاتى ئەو شارە، بە بیانووی تێکەڵاوبوونی کچان و کوڕان و لاوازکردنی بنەماى ئیمانداران ئەو فێستیڤاڵەیان هەڵوەشاندەوە کە بڕیار وا بوو ١٨ی خەزەڵوەر لە شارەدێى باینگان بەڕێوە بچێت.

هەرساڵەو لە کاتی هاتنی وەرزی پاییز و مانگی خەزەڵوەردا کە هەنار پێدەگات، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و شاری هەورامان فێستیڤاڵى هەنار لە سەر دەستی خەڵکی ئەو دەڤەرە و چالاکانی فەرهەنگی بەرێوە دەچێت.

ئاوێتەبوونی ڕەنگەکان لە فێستیڤاڵى هەناردا

لە کاتی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵى هەناردا و بە سروشتی فەرهەنگ و کەلەپووری دەوڵەمەندی خەڵکی ئەو ناوچەیە، کچان و کوڕان بە پۆشینى جلوبەرگى ئاڵاوواڵاى کوردی و بە هەڵگرتنی سین و چنگڵەی پڕ لە هەنار وێنایەکی جوان لە ئاوێتەبوونی ڕووحی سرووشت لەگەڵ فەرهەنگی خۆوڵاتی پێک دێنن.

جوانییەکانى هەورامان لەبن نەهاتوون

جوانییەکانى هەورامان لەبن نەهاتوون

 

فێستیڤاڵ مەیدانێک بوو بە ئاشتی و ئاوێتەبوونى فەرهەنگی

کۆماری ئیسلامی چەندین ساڵ هەوڵی دا وێنایەکی تووندوتیژ لە کەسایەتی کورد لە لای نەتەوەکانی دیکەی ئێران و بە تایبەت نەتەوەی سەردەستی فارس و گەلی ئازەری نیشان بداتو کورد بە سەربڕ و خوێنڕێژ نێوزەد بکات، بەڵام بوونى فێستیڤاڵێک لە چەشنی فێستیڤاڵى هەنار و نەورۆزی کوردستان و چەندین بۆنەی دیکەی وەک بوومەلەرزەی کرماشان و هەرەوەزی ڕۆژهەڵاتیان بۆ بە هاناوەچوونی ئەو خەڵکە، وای کردووە کورد و فەرهەنگی کورد دوور لە شانتاژی میدیایی میدیاکانی ئێران وەک خۆی بناسرێت و کورد بە سیمبوولی ئازادیخوازی و کراوەیی و ئاشتیخوازی و لەخۆبردووی بناسرێتەوە.

لە کاتی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵى هەناردا ساڵانە خەڵکی ناوچەکانی دیکەی ئێران بەشداری ئەو ڕێوەڕسمە دەبن و فەزایەک بۆ دیالۆگی فەرهەنگی ـ نەتەوەیی درووست دەبێت کە ئاکامەکەی نێزیکایەتی و کەمبونەوەی کەلێنە فەرهەنگی و نەتەوییەکان دەبێت.

ئەم فێستیڤاڵە یەکێکە لە گردبوونەوە جوان و سروشتیگەراکانى هەورامان

ئەم فێستیڤاڵە یەکێکە لە گردبوونەوە جوان و سروشتگەراکانى هەورامان

 

فێستیڤاڵى هەنار و هەڵپەڕکێی کوردی

یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندییەکانی فێستیڤاڵى هەنار، ڕەشبەڵەک و هەڵپەڕکێی کوردوارییە. دەست گرتنی کوڕان و کچان و شان لە شانی یەکدانی بە سەدان کەس لە نێو باغاتی هەنار، وێنەیەیکی تایبەتی دەخوڵقینێت و هەڵپەڕکێی کوردی ئاوێتە بە دەنگە ڕەسەن و سروشتییەکانی هەورامان کە لە گەرووى عوسمان هەورامى و جەمیلە و سەباح و دەیان لاوى دیکە، چ ناهێڵێتەوە بۆ دونیا شاراوەکانی جوانی.

 

هەڵوەشانەوەی فێستیڤاڵى هەنار دژایەتیکردنى فەرهەنگی کوردییە

ئیتلاعاتی پاوە و مەلا قادری سەر بە ئیتلاعات و پێشنوێژی ئەو شارە، بە بیانووی لاوازکردنی بنەماى ئیمانداران ڕێگەیان نەدا ئەو فێستیڤاڵە بەڕێوە بچێت.

بە گووتەی چالاکێکی مەدەنی شاری پاوە، ئامانج لە هەڵوەشانەوەی فێستیڤاڵەکە، ترسی کۆماری ئیسلامی لە  ئاشنایی نەوەی نوێی کوردستان بە فەرهەنگی کوردی و پەرەگرتنی پێشوازی خەڵک لە بۆنە خۆوڵاتییەکانە کە دەرهاویشتەکەیان گەشەکردنی بیری شوناسخوازییە.