Ana içeriğe atla

گەورە کۆمپانیایەکى ئەڵمانى لەگەڵ گەمارۆ ئابوورییەکانى ئەمریکا کەوت

گەورە کۆمپانیایەکى ئەڵمانى لەگەڵ گەمارۆ ئابوورییەکانى ئەمریکا کەوت
هەتا دێت گەورە کۆمپانیاکان زیاتر واز لە بازرگانى لەگەڵ ئێران دەهێنن!
ئەمە سێیەمین گەورە کۆمپانیاى ئەڵمانیایە کە واز لە بازرگانى لە ئێران دەهێنێت.
posted onAugust 16, 2018
noyorum

 

حەوتوونامەى ئابوورى ئەڵمانى "ویرت شافتس وۆخە" بڵاوى کردەوە کە کۆمپانیاى ڕێگەى ئاسنى ئەڵمانیا  (Deutsche Bahn)لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە کەوت کە لەگەڵ گەمارۆ ئابوورییەکانى ئەمریکا کەوتوون دژ بە ئێران. ئەم کۆمپانیایە ئێستا سەرقاڵى دوو پڕۆژەیە کە هەردووکیان بە تەواوى لە نێوەڕاستى مانگى ڕەزبەر کۆتاییان دێت و پاش کۆتاییهاتنیان لە ئێران دەکشێتەوە.

 

وتەبێژى ئەم کۆمپانیایە ئەورۆ ٥ شەممە ڕای گەیاند کە ئەم کۆمپانیایە ئێستا لە دوو پڕۆژە لە بوارى ئەندازیارى و ڕاوێژکارى لە ئێران سەرقاڵى کارە، بەڵام ئەم دوو پڕۆژەیە لە مانگى ڕەزبەرى ٢٠١٨ کۆتاییان دێت.

 

بە پێى هەواڵدەرى ڕۆیتەرز، ئەم وتەبێژە "گۆڕانى یاسا بانکییەکان" کە بە هۆى گەمارۆ ئابوورییەکانى ئەمریکاوە لەسەر ئێران دانراون، هۆکارى ئەم بڕیارەى کۆمپانیاکەیانە، "زۆرێک لە بانکە نێونەتەوەییەکان لە وەها دۆخێکدا ئامادە نین بە ئاڵوگۆڕ و سەوداى ماددى گەورە لەگەڵ ئێران و ئەم پرسەش مامەڵەکردنى ئابوورى لەگەڵ کۆمارى ئیسلامى قورس کردووە".

واژووى کۆمپانیاى ڕێگەى ئاسنى کۆمارى ئیسلامى ئێران لەگەڵ کۆمپانى ڕێگەى ئاسنى ئەڵمانیا

واژووى لێکتێگەیشتنى کۆمپانیاى ڕێگەى ئاسنى کۆمارى ئیسلامى ئێران لەگەڵ کۆمپانى ڕێگەى ئاسنى ئەڵمانیا

 

کۆمپانیاى ڕێگەى ئاسنى ئەڵمانیا (DB) بۆ یەکەم پڕۆژەى خۆى لە مانگى بانەمەڕى ساڵى ٢٠١٧ى زایینى، لێکتێگەیشتنێکى لەگەڵ کۆمپانیاى ڕێگەى ئاسنى "بنیاد شرقى" ئێران واژوو کرد. ڕاگەیاندنەکانى ئێرانیش ئەودەم بڵاویان کردەوە کە ئەم لێکتێگەیشتنە بە ئاراستەى "باشترکردنى خزمەتگوزارییە بۆ موسافیران" و "بەرزکردنەوەى ئاستى خزمەتگوزارى ڕێگەى ئاسن" واژوو کراوە. دووەم پڕۆژەش پڕۆژەیەکى ڕاوێژکارییە لەگەل کۆمپانیاى ڕێگەى ئاسنى کۆمارى ئیسلامى ئێران (RAI).

 

ڕۆیتەرز نووسی "بەر لەم کۆمپانیا ئەڵمانییە، کۆمپانیاکانى ئۆتۆمبێلسازى دایملێر و دوور (Dürr)ى ئەڵمانیش لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە کەوتن کە گەمارۆیان خستووەتە سەر ئێران و کۆتاییان بە چالاکییەکانى خۆیان لەو وڵاتە هێناوە.

 

پاش دەستپێکى گەمارۆ نوێیەکانى ئەمریکا دژى کۆمارى ئیسلامى، کۆمپانیا ئەوروپییەکان ڕووبەڕووى کێشەیەکى گەورە بوونەتەوە. یەکێتى ئەوروپا لە هەوڵى ئەوەدایە بەرامبەر دەرەنجامى دروستبوو بە هۆى گەمارۆ ئابوورییەکانەوە، پارێزگارى لەم کۆمپانیایانە بکات لە نێو خۆى ئێران.

 

 

وەرگیراو لە ماڵپەڕى دویچە ولە