وڵاتانی فەڕەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا میکانیزمی "سەپاندنەوەی سزا" نێودەوڵەتییەکانی سەر ئێرانیان چالاک کردووە. بەم پێیە، سەرجەم ئەو گەمارۆیانەی بەهۆی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی ٢٠١٥ەوە هەڵگیرابوون، دووبارە بەسەر ئێراندا دەسەپێنرێنەوە.
گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان هەموو سێکتەرەکانی بانکی، بازرگانی، پشکنینی کەشتییەکان لە دەریاکان، چەک و بواری سەربازی و نەوت دەگرێتەوە. ئەمە دیسان ئێران دەخاتەوە ژێر ماددەی ٧ی ئەنجوومەنی ئاسایش، کە ڕێگە بە بەکارهێنانی هێزی سەربازی دژی ئەو وڵاتە دەدات.
بەپێی ئاژانسی هەواڵی ئەکسیۆس، سێ زلهێزەکەی ئەورووپا نامەیەکیان ئاراستەی ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە و تیایدا ڕایانگەیاندووە کە لە ماوەی ٣٠ ڕۆژی داهاتوودا - پێش کاریگەر بوونی سزاکان - ئامادەن بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران لەسەر ڕێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمی، کە دەتوانێت پرۆسەی سەپاندنەوەی سزاکان ڕابگرێت.
لەم ڕۆژانەی دواییدا، دەنگۆی چالاککردنەوەی میکانیزمی سزاکان کاریگەری خستە سەر بەهای دراوی ئێران و ئەمڕۆ هەر دۆلارێک بۆ زیاتر لە ١٠٠ هەزار تمەن بەرز بووەوە.
پاشخان و داواکارییە ئەورووپییەکان
میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان لە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمیی ساڵی ٢٠١٥ لەنێوان ئێران و وڵاتانی ٥+١ دا ڕێککەوتنی لەسەر کرا. بەپێی ئەم ڕێککەوتنە، ئەگەر هەر لایەنێک پابەندی مەرجەکان نەبێت، لایەنی دیکە دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ بارودۆخی پێش ڕێککەوتنەکە.
زلهێزەکانی ئەورووپا تا کۆتایی مانگی ئاب مۆڵەتیان داوەتە ئێران بۆ ئەوەی هەنگاو بنێت و خۆی لە سزاکان بپارێزێت. ئەوان دەیانەوێت ئێران دانوستاندنەکانی لەگەڵ ئەمریکا دەستپێبکاتەوە، ڕێگە بە پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بدات دەستیان بە ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران ڕابگات و چارەنووسی ٤٠٠ کیلۆ یۆرانیۆمی ٦٠٪ پیتێنراوی ئێران یەکلایی ببێتەوە.
هەڵوێستی بەرامبەر: تۆڵەسەندنەوەی ئێران
بەرپرسانی ئێران پێشتر گوتوویانە کە گەمارۆکان کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر ئابووری وڵاتەکەیان نابێت، چونکە لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا بە کردەوە گەمارۆکان هەڵنەگیرابوون.
کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، بە تەلەفزیۆنی فەرمی ئێرانی گوتووە؛ ئەگەر ئەورووپییەکان میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان چالاک بکەن، ئێران تۆڵە دەکاتەوە، لەوانەش هەڵپەساردنی هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم.