پەرلەمانی عێراق یاسایەکی دەرکرد کە بەپێی یاساکە هەندێ بڕیاری سەردەمی حکومەتی بەعسی عێراق دژی کورد هەڵوەشایەوە و بەم پێیە 300 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی لە کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان بۆ کورد دەگەڕێتەوە.
پرۆژە یاسای گەڕاندنەوەی زەوی بۆ خاوەنەکانیان دوای مشتومڕی زۆری پێکهاتەکانی کورد، شیعە و سوننە لە پەرلەمانی عێراق رۆژی 21.01.2025 پەسند کرا و چاوەڕوان دەکرێت کێشەی خاک لە زۆر شوێنی ناوچە جێناکۆکان چارەسەر بکات.
ئەو زەوییانە لە دەیەی 70ی سەدەی رابردووی زایینیی و لە سەردەمی حکومەتی بەعسی عێراقدا، لە جوتیارانی کورد داگیر کراوە و بە عەرەبی هاوردە دراوە.
پەسندکردنی ئەو پرۆژە یاسایە لەگەڵ پێشوازی رێبەرانی کورد لە باشووری کوردستان رووبەڕوو بوو، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە پەیامێکدا گوتی: ئەو "بڕیارە لە شوێنی خۆیەتی و گەڕانەوەی مافە بۆ خاوەن ماف" و هیوای خواست "ئەمە دەسپێکێک بێت بۆ راستکردنەوەی هەڵەکانی" رابردووی حکومەتی عێراق.
ئەو زەوییانە لە ناوچەکانی کەرکووک، مەخموور، خانەقین و دوجێل بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان کە جوتیارانی کورد بوون، دەگەڕێنێنەوە.
دوای رووخانی حکومەتی بەعسیش، سوپای عێراق بە بیانووی ئەوەی ئەو زەوییانەی کورد خاوەندارێتییان بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە، لە ناوچەکانی کەرکووک و ناوچەکانی دیکە رێگری لە جوتیاران و خاوەن زەوییەکان دەکرد، بگەڕێنەوە بۆ سەر زەوییەکانیان و بیانکێڵن.
پرۆژەی یاسای گەڕاندنەوەی زەوی بۆ خاوەنەکانیان لە ساڵی ٢٠١٢ەوە لە پەرلەمانی عێراق دەستاودەستی پێدەکرێت، بەڵام لەگەڵ دوو پرۆژە یاسای دیکە کە یەکیان عەرەبی سوننە و ئەوی دیکەیان عەرەبی شیعە هێنابوویانە پەرلەمانی عێراق، کرانە یەک پاکێج و پەسند کران.
هۆکارێکی سەرەکی پەسندکردنی پرۆژە یاسای گەڕاندنەوەی زەویوزار بۆ کورد، کۆدەنگیی فراکسیۆنە کوردستانییەکان بوو کە لە ماوە چەند مانگی رابردوودا پێکەوە هەوڵیان بۆ سەرکەوتنی پرۆژە یاساکە دەدا.