Ana içeriğe atla

ڕاپۆرتێک لەسەر زیادبوونى ئاڵوودەبووانى ماددەى هۆشبەر لە نێو کرێکاراندا

 ئاڵوودەبووانى ماددەى هۆشبەر لە نێو کرێکاراندا
ڕاوێژکاری وەزیر و جێگری کاروباری کۆمەڵایەتی ناوەندی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی وەزارەتی وڵاتی ئێران لە چاوپێکەوتنیک دا لەگەڵ ئیسنا ڕایگەیاند "ڕێژەى ئاڵوودەبووانى مادەی هۆشبەر لە نێو کەسانى نیوان ١٥ بۆ ٦٤ ساڵى کۆمەڵگەی ئێران ٥.٢ لەسەد دایە، بەڵام ئەو ڕێژیە لە نێو توێژى کرێکارانى ئەو وڵاتە دەگاتە ٢٢ لەسەد.
posted onMay 14, 2018
noyorum

 

کرێکارانی ناوەندە پیشەییەکان، کارگە و ناوەندە بەرهەمهێنەرەکان ٣٠ بۆ ٣٥ لەسەدی هێزی کاری ئاڵوودەبووانى ماددەی هۆشبەریان لە خۆ گرتووە و رێژەی ئەو کرێکارانە ٦٠٠ بۆ ٧٠٠ هەزار کەس دەبێت. لە ئێستەدا ئیران بە بوونی دوو میلیۆن کەسی تووشبووی مادەی هۆشبەر یەکێک لە گرینگترین وڵاتانی بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەرە لە جیهان و پتر لە سێ لەسەدی حەشیمەتی ئەو وڵاتە ئاڵوودەى ئەو پەتایە بوون کە لەو ڕێژەیەش ٧٠ لەسەدی خاوەن پیشە و کارن.

یەکێک لە کرێکارانی ئاڵوودەبوو لە چاوپێکەوتنیک لەگەڵ ماڵپەڕى بوشێهر دەڵێ: لە نێوکرێکارانی کانی خەڵووز لە نێو ٨٠ کرێکاردا لانیکەم ١٥ کریکار گیرۆدەی مادەی هۆشبەرن، دۆخی کار نالەبارە و دڵەڕاوکێ زۆرە، کێشە ئابوورییەکان ژیانی خەڵکیان تاڵ کردووە و کریکاران بۆ ئەوەی لەسەر پێ بمێنن و چەند شیفت کاری بکەن دەست بۆ تریاککێشان و جۆرەکانی دیکەی ماددەی هۆشبەر دەبەن.

ئەو کریکارە لە درێژەی قسەکانی دا دەڵێ: سێ ساڵە ٤٠٠ هەزار تمەن وەردەگرم و دوو مانگ دەبێ کەرتی تایبەتی خاوەنی ئەو کانگایە تەنیا کەمێک لەو مانگانەمان دەداتێ و لە دوو مانگی رابردوودا ٢٠ کرێکاری بە هۆی چوونە سەری تێچوو و نەفرۆشرتنی خەڵوز لە کار دوور خستۆتەوە، لەو بارودۆخەدا کرێکار حەبیک دەخوات و دواتر دەچێتە قوڵایی زەوی. محەمەد سادق فەتحوڵڵاهی بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی پەرەپێدانی بەشداری خەڵک و ڕیکخراوە مەدەنییەکان رادەگەیەنێ ٧٠ لەسەدی کرێکاران کاری تەواو وەختیان هەیە.

لیکۆڵینەوەکان باس لەوە دەکەن لە چەندین لیکۆڵینەوە و توێژینەوە دا ئەوە دەر کەوتووە کرێکاران بە هۆی دۆخی خراپی ژینگەی کارەکەیان و ناخۆشی کارەکەیان، کێشە ئابووری و ماڵییەکان، داهاتی کەم ، دووربوون لە بنەماڵە، لەسەرێبوونی کاتی کار و نەبوونی کاتی خۆشگوزەرانی، بەخۆڕاگەیشتنی تاکەکەسی و نەبوونی بیمە ، خزمەتگوزاری و گوێنەدانی خاوەن کاران بە دیاردەی گیرۆدەبوونی کریکاران بە ماددەی هۆشبەر لە شوێنی کاردا،  هەبوونی گرووپی هاوکاران و کاریگەریی وەرگرتن لێیان، کەشی ناساغڵەمی ڕۆحی و بنەماڵەیی، ترس و دڵەڕاوکێ لە بیکاربوون و لەدەستدانی کار، گوشاری ڕەوانی و  تاڵییەکانی کار و ماندوویەتی لە کاری رۆژانە وەک ماددەیەکی ئارامبەخش ڕوو دەکەنە مادەی هۆشبەر.

کێشەی زۆرتری ئابووری، کۆمەڵایەتی و بنەماڵەیی و ڕۆحی و جەستەیی بۆ کرێکاران، ئەو توێژە هەژارە پەلکێشى گرووپە مافیاکان، دز و باندەکانی بڵاوکردنەوەی ماددەی هۆشبەر، کوشتنە بنەماڵەییەکان، دەستدرێژی بۆ سەر ژنان و منداڵان، لەشفرۆشی و زۆر دیاردەی دزێوی دیکە دەکات.

دوکتور میهران مەولودی پسپۆڕى پرسە کۆمەڵایەتییەکان لەو بارەوە دەڵێ: بە پێی ئامارە فەرمییەکان ٤٩ لەسەدی کوشتنەکان، ٦٩ لەسەدی ئەو تێکهەڵچوونانەی کە کوشتنیان لێ دەکەوێتەوە، ٥٠ لەسەدی ئەو مردنانەی دەرئەنجامی ڕووداوی هاتووچۆن، ٢٠ بۆ ٣٠ لە سەدی خۆکوشتنەکان، ٦٢ لەسەدی شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی نیو کۆمەڵگە، زیاتر لە ٥٠ لەسەدی توندوتیژییەکانی دژ بە خێزان و ٣٨ لەسەدی ئازاردانی منداڵان، پێوەندی راستەوخۆی بە  بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر و کحوولەوە هەیە.

گوێنەدانە کار و کەمبوونەوەی دەروەستی بە کار، هاتنەخواری ئاست و رێژەی بەرهەمهێنان، بوونی کردەوەی پێشبینینەکراو و تێکدەرانە کە کاریگەریی لەسەر دەرهاویشتەی کاری کرێکاران دادەنێت، نەچوونەوە سەر کار و دەرکردنی کرێکارانی بە ئەزموون کە لەوانەیە کۆمپانیایەک پارەیەکی زۆری بۆ بارهێنانی سەرف کردبێ، رووداوە هەڵکەوتەکان و هەڕەشە لەسەر ئەمنیەتی کرێکاران و ساغڵەمی کرێکاران، ژێرپێنانی یاساى کار و ئەنجامدانی کاری نایاسایی وەک دزی هەمووی دەتوانێ هۆکاری بوونی کرێکارانی ئاڵوودەى مادەی هۆشبەر بێت لە شوێنی کار.

بە پێی لێکۆڵینەوەکانی ڕێکخراوی تەندرووستى جیهانی (WHO) هۆکاری ٢٥ لەسەدی ئەو ڕووداوانەی لە دونیادا ڕوودەدەن کەسانی ئاڵوودەبووى ماددەی هۆشبەرن.