Ana içeriğe atla

فەرماندەی هێزی زەوینی سوپای پاسداران: هێرش دەکەینە سەر مەقەڕى حیزبەکانى ڕۆژهەڵات

فەرماندەی هێزی زەوینی سوپای پاسداران: هێرش دەکەینە سەر مەقەڕى حیزبەکانى ڕۆژهەڵات
AvaToday caption
posted onSeptember 6, 2021
noyorum

▪️ ئاڤاتودەى

سەردارى تیرۆریست محەممەد پاکپور، فەرماندەی هێزی زەوینی سوپای تیرۆریستى پاسدارانى کۆمارى ئیسلامى کە ئێستا لە خاڵە سنوورییەکانى پارێزگاى ورمێیە بۆ سەردانى بارەگا و بنکەکانى سوپاکەى، وەک کاردانەوە بەرامبەر بە جووڵەى پێشمەرگەکانى حێزبەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان، هەڕەشەى کرد و هێزە تیرۆریستییەکەى خۆى بە ئامادە نیشان دا بەرامبەر بە هەر جووڵەیەک کە "دژى ئێران!" بکرێت.

 

سەردارى تیرۆریست محەممەد پاکپور بە ڕاگەیاندنەکانى کۆمارى ئیسلامى گوت: "دۆخى نائارامکردنى سنوورەکانمان چیتر جێگەى تەحەموول نییە و وەڵامى توندى تیرۆریستەکان دەدەینەوە". سپانیوز کە میدیای تایبەت بە سوپاى پاسدارانە بڵاوى کردەوە کە ئەم فەرماندەیەی هێزی زەوینی سوپای تیرۆریستى پاسداران لە کاتى سەردانى بۆ یەگان و پاسگا سنوورییەکانى پارێزگاى ورمێ، سەرەڕاى هۆشداریدان بە بەرپرسانى هەرێمى کوردستان سەبارەت بە جووڵەى هێزە کوردییەکان و ناردنەوەى پێشمەرگەکانیان بۆ نێو ڕۆژهەڵاتى کوردستان، گوتوویەتى "ساڵیانێکە کە گرووپە تیرۆریستى و دژە ئینقیلابییەکانى سەر بە ئیستیکبارى جیهانى و ڕێکخراو و ناوەندە سیخووڕییەکانى بێگانە لە نێو باکوورى عێراق، خەریکى تێکدانى ئەمنیەت و ئارامى ناوچە سنوورییەکانى کۆمارى ئیسلامین و ئازار و ئەزیەت بۆ خەڵکى دانیشتووى ئەو ناوچانە دروست دەکەن و لەم بارەوە هۆشدارى پێویست دراوە بە عێراق و بەرپرسانى هەرێمى باکوورى ئەم وڵاتە".

پاکپوور پێداگرى لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە "نابێت دەوڵەتى عێراق و هەرێمى کوردستان ڕێگەى جووڵە و مانەوە و دانانى بنکە بە تیرۆریستەکان بدەن لە خاکەکەیان کە دەبینە هۆى هەڕەشە و دروستبوونى نائارامى و هەر جۆرە پشتگوێخستن و کەمکارى لەم بارەوە، ناتەبا و دژ بە نیەتپاکى لە بوارى دراوسێیەتى و پەیوەندییە باشەکانى هەردوولاى هەژمار دەکەین".

ئەم فەرماندەیەی هێزی زەوینی سوپای تیرۆریستى پاسدارانى کۆمارى ئیسلامى باسیشى لەوە کردووە کە "سەرنجدان بە دۆخى ناوچەکە و ئەگەرى وەڵامى توند و پەشیمانکەرانەى کۆمارى ئیسلامى بەم گرووپە تیرۆریستییانەى سەر بە دوژمنانى سوێندخواردووى ئینقیلاب و نیزامى ئیسلامى کە لە هەرێمى باکوورى عێراق خۆیان مەڵاس داوە، خوازیارین لە دانیشتووانى ئەو ناوچانە کە لە بنکە و بارەگاى ئەو تیرۆریستیانە خۆیان بە دوور بگرن تا نەبادا زەرەیان پێ بگات".

لەم چەند حەوتوویەى ڕابردوو، چەندین جار هەواڵى لە دەستبەسەرکردن و گرتنى چەک و چۆڵى هێزە کوردییەکانى بڵاو کردەوە کە گوایە "بۆ کارى تیرۆریستى چوونەتە نێو خاکى ئێران"ـەوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەم هێزە کوردییانە و پێشمەرگەى کوردستان هەر ڕۆڵەى ڕۆژهەڵاتى کوردستانن و خەبات دەکەن بۆ وەدیهێنانى ئامانجەکانى گەلى کورد لە بن دەستى کۆمارى ئیسلامى دیکتاتۆر کە زیاتر لە ٤٠ ساڵە مافى گەلى کورد پێشێل دەکات و هیچ جۆرە مافێکى سەرەتایی بەو گەلە ڕەوا نابینێت.