Skip to main content

ترامپ پەیامى نەورۆزى بۆ ئێران و ڕۆژهەڵات نارد

ترامپ پەیامى نەورۆزى بۆ ئێران و ڕۆژهەڵات نارد
AvaToday caption
"ساڵی ڕابردوو بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە گەندەڵییەکانی ڕژیم هەستانە سەر پێ"
posted onMarch 21, 2020
nocomment

سەرۆککۆماری ئەمریکا لە یەکەمین ڕۆژی ساڵی نوێدا وێرای پیرۆزبایی کردنی نەورۆز باسی لە ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ڕابردووی خەڵکی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد.

 

دۆنالد ترامپ لە پەیامە نەورۆزیەکەیدا نووسیویەتی:ساڵی ڕابردوو بۆ خەڵکی ئێران (و ڕۆژهەڵاتی کوردستان) ساڵێکی مێژوویی بوو. ئێمە ئێرانی ( و ڕۆژهەڵاتییە) بوێر و نەترسەکانمان بینی کە لە سەرتاسەری ئەو وڵاتە لە دژی گەندەڵی بەرپرسانی ئێران ڕژانە شەقامەکان و خوازیاری وەڵامدانەوەی بەرپرسان بوون.

خەڵکی ئیران ( و ڕۆژهەڵاتی کوردستان) سەلماندیان خوازیاری ڕێبەریەکن کە نوێنەری ئەوان  بێت نەک لە خزمەتی گەندەڵی حکومەتێک دابن.

خەڵکی ئێران شایستەی ڕێبەرانێکن کە گوێیان لێبگرن و ڕێزیان بۆ دابنێن و لەسەر ئەوان سەرمایەگوزاری بکەن نەک ڕێبەرانێک کە خەریکی بەفیڕۆدانی سامانی خەڵک بۆ بەرەوپێشبردنی پڕۆژەی ئەتۆمی و تاقیکاری مووشەکی زیاترن. باشترینەکان بۆ ئەو کەسانە دەخوازم کە لە ئەمریکا و هەموو جیهان یادی جێژنی نەورۆز دەکەنەوە.

وەک یەکەمین ڕۆژی بەهار، نەورۆز دەستپێکی ساڵی نوێیە و لە لایەن ئێرانیەکان و زۆر خەڵکی دیکە لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئاسیای نێوەڕاست و هەموو جیهان پیرۆز دەکرێتەوە.

ترامپ لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا نووسیویەتی: نەورۆز کاتی دەستپێکێکی دووبارەیە و ئەوانەی کەو ئەو جێژنە دەگرن هان دەدات بە دڵێکی کراوە قەبوڵی ڕوحیەیەکی نوێ بۆ خۆشبینی بکەن.

خەڵکی ئێران (و ڕۆژهەڵاتی کوردستان) خاوەنی تواناییەکی نەدیتراوەن. فەرهەنگەکەیان پڕە لە زیندوویەتی و لە زۆر بواری وەک بیرکاری، زانست، ماف، تکنۆلۆژی و هوونەردا  باشترینەکانن. ئەوان شایستەی داهاتویەک بە ئاشتی و خۆشگوزەرانی لە تەنیشت نەتەوەکانی دیکەن.

بەو جۆرەی کە ئەوان وەرزێکی نوێی هیوا دەستپێدەکەن، ئێمەش بە نزا بۆ داهاتویەکی ئازاد و ڕوونتر دەبین بە هاوپەیمانیان. لە لایەن ئەمریکاوە گەرمترین سڵاوەکانی خۆمان بۆ نەورۆزێکی شاد و پڕ لە ئاشتی دەنێرین. ئەوڕۆ جارێکی دیکە وەبیرمان دێتەوە کە هێزی ئازادی و سەربەخۆیی هەموو کات بەسەر شەڕ و سەرکوتدا سەردەکەوێت.