Skip to main content

ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران: کۆماری ئیسلامی لە ئاست کۆڕۆنا هیچ بەهایەک بۆ گیانی خەڵک دانانێ

ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران: کۆماری ئیسلامی لە ئاست کۆڕۆنا هیچ بەهایەک بۆ گیانی خەڵک دانانێ
AvaToday caption
posted onFebruary 29, 2020
nocomment

 

ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران سەبارەت بە گوێپێنەدانى بەرپرسانى کۆمارى ئیسلامى سەبارەت گیانى خەڵکى لەبەرامبەر بڵاوبوونەوەى نەخۆشى کۆڕۆنا و شاردنەوەى بڵاوبوونەوەى ئەو ڤایرۆسە لە لایەن ڕێژیمەوە و پێنەدانى ئامارى دروست، ڕاگەیێنراوێکیان بڵاو کردووەتەوە کە ئەمە دەقی ڕاگەیەندراوەکەیە:

 

دوابەدوای سەرهەڵدانی نەخۆشیی کۆرۆنا و مەترسییەکانی بۆ سەر تەندروستیی تاک و کۆمەڵگاکان، یەکێک لەو بابەتانەی کە سەرنجی هەموو لایەکی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە، ئەوەیە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچە و جیهاندا تاقە حکوومەتێک بووە کە بەبێ گوێدانە مەترسییەکانی ئەو نەخۆشییە بۆ سەر ژیانی خەڵک، ئامادە نەبوو سنووری ئاسمانیی خۆی بەسەر وڵاتی چین وەکوو سەرچاوەی سەرەکیی ئەو نەخۆشییە و فڕۆکەکانی ئەو وڵاتەدا دابخات. هەر ئەو سیاسەتە نابەرپرسیارانەیە بوو بەهۆی ئەوەی کە لە ماوەیەکی کورتدا ئێران لە دوای چین ببێتە دووەمین وڵات لە ڕووی تووشبوان و قوربانییانی کۆرۆناوە.

لە ئاکامی ئەو سیاسەتە دژەمرۆییەدا هەنووکە کۆمەڵگای ئێران لەگەڵ هەڕەشەی کارەساتێکی مرۆیی بەربڵاو بەرەوڕوو بووە و ژیانی ئاسایی خەڵک نەک هەر لە ئێران، بەڵکوو لە ناوچەکەشدا تێک چووە. بەڵام ئەوەی کە ئێستا وەکوو مەترسییەکی گەورەتر لە کۆرۆنا بووەتە مایەی نیگەرانیی خەڵک، کەمتەرخەمیی ڕێژیمی ئێران و نەگرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو کارەساتە لەلایەن دامودەزگا پێوەندیدارەکانی کۆماری ئیسلامییەوەیە.

کۆڕۆنا ٣

لەم نێوانەدا بەپێی هەواڵێک کە لە نێوخۆی وڵاتەوە پێمان گەیشتووە، گرتووخانەکانی ئێران بە شێوەکەی تایبەت لەگەڵ دۆخێکی یەکجار خراپ و کارەساتبار بەرەوڕوون و زیندانییان، بەتایبەتی زیندانییانی سیاسی کە مێژوو سەلماندوویە ژیان و تەندروستییان بۆ کۆماری ئیسلامی هیچ بایەخێکی نییە، لەژێر هەڕەشەیەکی جیددی و کارەساتێکی گەورەدان و پێویستیان بە فریاکەوتن و بەدەنگەوەهاتنی خێرا و کوتوپڕە.

ئێمە وەکوو ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران داوا لە خەڵکی کوردستان و ئێران دەکەین، ئێستا کە ڕێژیم وەک باوەڕ و نەریتی هەمیشەیی خۆی هیچ بەهایەک بۆ مرۆڤ و ژیانی تاکەکان دانانێت و ئەرکی خۆی وەکوو حکوومەتێکی ئاسایی بەرپرسیار بەرانبەر بە هاوڵاتییانی بەڕێوە نابات، بە هەوڵی هەمەلایەنە و پاراستنی ڕێنماییەکانی خۆپاراستن، یارمەتیی یەکتر بدەن بۆ سەرکەوتن بەسەر ئەو مەترسییەدا. هەروەها داوا لە کۆڕ و کۆمەڵە داکۆکیکارەکانی مافی مرۆڤ دەکەین بە هانای زیندانییانی سیاسییەوە بێن و گوشار بخەنە سەر ڕێژیمی ئێران.

بە پێویستی دەزانین وەبیرتان بێنینەوە کە کاتێکی زۆر لە بەردەستدا نییە و هەرجۆرە دواخستن و کات کوشتنێک دەتوانێت لە سەعاتی سیفری کارەساتێکی مرۆیی نزیکترمان بکاتەوە.