Skip to main content

ئەردۆغان بۆ ئەوروپا: گەمارۆمان بخەنە سەر، پەنابەرە سوری و داعشییەکان دەنێرینە گیانتان

ئەردۆغان بۆ ئەوروپا: گەمارۆمان بخەنە سەر، پەنابەرە سوری و داعشییەکان دەنێرینە گیانتان
AvaToday caption
posted onNovember 12, 2019
nocomment

سەرکۆماری تورکیە بە کاردانەوە بە بڕیاری یەکیەتی ئەوروپا بۆ دانانی گەمارۆ لەسەر تورکیە هەڕەشەی کرد هەموو ئەندامانی داعش دەنێرێتەوە بۆ وڵاتەکانیان و کۆچبەرە سورییەکان بەرەو ئەوروپا دەنێرن. ڕۆژی سێشەممە ٢١ خەزەڵەور ئەردۆغان لە بەرەبەری سەفەری بۆ ئەمریکا ڕایگەیاند تورکیە ژمارەیەکی زیاتری چەکدارانی داعش کە لەو وڵاتە دەستبەسەرن و هاووڵاتی وڵاتانی ئەوروپایین دەنێرێتەوە بۆ وڵاتەکانیان.

 

سەرکۆماری تورکیە ڕووبە رێبەری وڵاتانی ئەوروپایی گووتی: ئەگەری هەیە ئێوە ئەو پرسە بە هەند وەرنەگرن بەڵام دەرگاکان دەکرێنەوە و ئێوە دەبێ لەگەڵ ئاسەوارەکانی بگونجێن. ئەم ڕۆژانە ناردنەوەی ئەندام و چەکدارانی داعشی ئەوروپایی بۆ وڵاتەکانیان لە لایەن تورکیە بووە بەهەواڵی گەرمی میدیاکان.

ڕۆژی دووشەممە ئاڵمانیەک و دانیمارکییەکی ئەندامی داعش لە لایەن تورکیەوە نێردرانەوە بۆ وڵاتەکانیان. وەزارەتی ناوخۆی تورکیە بەتەمایە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ گەڵاڕێزان ٨ ئاڵمانی، ١١ فەرانسەیی، دوو ئیرلەندی و دانیمارکییەکی ئەندامی داعش بنێرێتەوە بۆ وڵاتەکانیان.

بە گووتەی ئەردۆغان ١١٤٩ داعشی لە گرتووخانەکانی تورکیە دەستبەسەرن کە ژمارەیەکیان هاووڵاتی وڵاتانی ئەوروپایین. سەرکۆماری تورکیە ڕۆژی سێشەممە سەرەڕای بەڵێنی ناردنەوەی ئەندامانی داعش بۆ وڵاتەکانیان گووتی: دەرەتانی چوونی پەنابەری سوریە بۆ وڵاتانی ئەوروپایی دەڕەخسێنێ. ٣ملیۆن و ٦٠٠ هەزای سوری لە تورکیە دەژین.

ڕۆژی دووشەممە وەزیرانی دەرەوەی یەکیەیەتی ئەوروپا لە دانیشتنێک لە بڕۆکسێل بڕیاریان دا گەمارۆی نوێ لە دژی تورکیە پەسەند بکەن. هۆکاری ئەم گەمارۆیانە بە هەوڵی نایاسایی تورکیە بۆ دیتنەوەی سەرچاوەی گازی و نەوتی لە کەنار ئاوەکانی دورگەی قوبرس ڕاگەیەندراوە.