تاران و میلیشیا شێعەکانى خۆى لە باکوورى ڕۆژهەڵاتى سوریە، بەردەوام کار لەسەر بەهێزبوونى دەسەڵاتەکەیان دەکەن و بەهێزبوونى خۆیان تێکەڵ بە بەرنامە ئینسانى و ئابوورى و کۆمەڵایەتى و مەزهەبییەکان کردووە بۆ ئەوەى لە درێژماوەدا بتوانرێت لە سوریە شوێنپێیان قایم بکەن و بمێننەوە!
لە ٣٠ سپتەمبەرى ٢٠١٩ى زایینى، سوریە و عێراق دەروازە سەرەکییە سنوورییەکانى خۆیان لە نێوان ئەلبووکەمال و قائیم کە بۆ ماوەى پێنج ساڵ بوو بەسترابوون، کردەوە. ئەمەش ئەوە دەگەیێنێت:
ئەم مەراسیمە بە هۆى هێرشە ئاسمانییە نەناسراوەکان بۆ سەر بنکە و بارەگاکانى سوپاى قودسى پاسدارانى ئێران لە ڕۆژهەلاتى سوریە ـ کە بە دواى ئەوەش هێرشى ئێران بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانى عەرەبستان ڕووى دا ـ چەند حەوتوو دواکەوت.
سوپا و گرووپەکانى سەر بە سوپاى قودس، لە پارێزگاى دێرەزوور چییان دەکرد و چالاکییەکانیان لەمەڕ بەربڵاوترکردنى بەرنامەکانى ئێران لەوێ چیمان بۆ ئاشکرا دەکەن؟
کردنەوەى دەرگا بۆ ملشیاکانى ڕژێم لە عێراق:
ئەم مەراسیمە سنوورییە کە بە سەرۆکایەتى کازم العوقابی، نوێنەرى دەوڵەتى عێراق بەڕێوە چوو، ئەم پرسیارە دروست دەکات کە ئایا کردنەوەى خاڵى سنوورى عێراق و سوریە هاوکارى ئێران دەکات لە دەوردانەوەى گەمارۆکانى ئەمریکا؟!
ئەگەرچى ڕاگەیاندنە دەوڵەتییەکانى سوریە ئەم ڕووداوەیان بە دەرفەتێک بۆ زیاتربوونى بازرگانى لەگەڵ عێراق زانى و پێشوازییان لێ کرد، بەڵام کاردانەوەى تاران نیشاندەرى ئەوە بوو کە ئەم دەروازە سنوورییانە بە شێوەیەکى گشتى لە خزمەتى بەرژەوەندییەکانى ڕژێمەکەیدان.
بە قسەى بەرپرس و ڕاگەیاندنەکانى ئێران، کردنەوەى ئەم خاڵە سنوورییە گرنگییەکى ستراتیژى زۆر بەرزى لە بەهێزکردنى "هاوپەیمانى سێ لایەنە"ى تاران و دیمەشق و بەغدا هەیە. هەروەک لە وتارێکى ئەم دواییەى مێهرنیوز هاتووە، ئەم ڕووداوە دەشتوانێت "هەوێنێک" بێت بۆ ڕووبەڕوونەبوونەوە و ئەگەرى کشانەوەى سوپاى ئەمریکا لە باکوورى ڕۆژهەڵاتى سوریە لە ڕێگەى کردنەوەى دەروازەیەکى تەواو بۆ حەشدى شەعبی و گرووپەکانى دیکە بۆ نێو خاکى سوریە و ڕیشەکێشکردنى تیرۆریزم". بەشێک لەم وتارە ئاماژە بە ملیشیا شێعەکانى نێو سوپاى عێراق دەکات کە زۆرینەیان لەسەر سنوورەکان کار دەکەن.
پەراوێزخستنى هێزەکانى ئەسەد:
بە قسەى چالاکانى دژى ڕژێمى سوریە، ئێران و ملیشیا شێعەکانى بن دەستى ئێران، ئێستا کۆنتڕۆڵى حەوت شارى رۆژهەڵاتى ڕووبارى فوراتیان تا سەرەتاى باشوورى شارى دێرەزوور، لە مەیادین تا ئەلبوکەمال، لە دەستە. ئەم کۆنتڕۆڵکردنە، بەلانى کەمەوە بە ٤٥٠٠ چەکدار بەڕێوە دەچێت. هەندێک لەو هێزانە، هى سوپاى پاسدارانن و هەندێکى دیکەشیان ملیشیا شێعەکانى وەک تیپى باقر و فاتمیون و حەشدى شەعبی و زەینەبیون و گرووپەیلى دیکەن کە خۆیان بە حیزبوڵاى سوریە ناساندووە.
شڕۆڤەى وێنە: فلاشە سوورەکان، شارەکانى بن دەستى کۆنتڕۆڵى ئێران نیشان دەدات. ئەو ناوچەیەى کە بە بازنەى سوور دیارى کراوە، شوێنى بەریەککەوتنى هێززەکانى ڕژێمى ئەسەد و ئێرانە. ئەم نەخشە ڕێگەپێدراوە، لە تۆڕى هەواڵى دێرەزوورى ٢٤ وەرگیراوە.
بە ئامادەبوونى ئەو هێزە شێعییانەى سەر بە ئێران و سوپاى پاسداران، ڕۆڵى نێوخۆیی ملیشیاکان کە تورکیە ناوى ناون "ئەرتەشى نیشتمانى سوریە" بە شێوەیەکى بەرچاو لاواز بوو. هۆکارێکى ئەوەش باوەڕپێنەکردنى سوپاى پاسدارانە بەم گرووپە. هۆکارێکى دیکەش دەکرێت بەرنامەیەکى درێژماوەى تاران بێت بۆ بەهێزکردنى خۆى.
بە قسەى عومەر ئەبوو لەیلا، سەرۆکى تۆڕى هەواڵى دێرەزوور ٢٤، ئەرتەشى نیشتمانى سوریە تەنیا ڕێگەیان پێ دراوە کە ناوچە ناسەربازییەکانى پارێزگاکەیان لەدەست بێت و بەشدارى شەڕەکان نەکەن (ئەمە تا ئەو کاتە بوو کە ڕێککەوتن کرابوو لە نێوان سوریە و ئێران و تورکیە، بەڵام ئێستا ئەو هێزە دژى کوردەکان دەجەنگن). بە پێى هەندێک لە ڕاپۆرتەکان، سوپاى پاسداران هەندێک ئەندامى ئەرتەشى نیشتمانى سوریەى بە هۆى کێشەى دەروونی لەسەر دەسەڵات دەستبەسەر کردووە. تەنانەت ئامادەبوونى یەکە سەربازییەکەى ڕوسیەش کەم کرایەوە کە لەوێ جێگیر کرابوو.
هاوکات ئێران خەریکى بنیاتنانى دوو بنکەى سەربازى نوێیە لەم ناوچەیە:
یەکەمیان: لە دەوروبەرى ڕۆژئاواى مەیادین
دووەمیان: لە ئەلبوکەمال بە ناوى "ئیمام عەلى" کە گەورەترە.
هەردووکیان بە هاوکارى "جیهاد البناء" و "سازمانى ئیمام حوسەین" دروست دەکرێن، دوو ناوەندى ژێر دەستى ئێران کە چەندین لەقیان لە شارەکانى دێرەزوور و مەیادین و ئەلبوکەمال هەیە. ئەم بنکە سەربازییانە ئامانجى سەرەکى تاران بۆ کۆنتڕۆڵى ئاراستەیەکى گرنگى ستراتیژى دەبەنە پێشەوە:
"لە ئەلبوکەمال لە باکوور تا وێستگەى پۆمپاژى نەوتى (T2) لە مەیادین، دواتر بە ئاراستەى رۆژئاوا بۆ ئەلتیاس، واتە شوێنى وێستگەى پۆمپاژى (T4) و بنکەى ئاسمانى سوریە و دواجاریش بەرەو دۆڵى بەقاعى لوبنان، سەنگەرى سەرەکى حیزبوڵا".
ئەکتەرە دەرەکییەکانیش، ئۆپەراسیۆنى ئاسمانییان بە درێژایی ئەم ئاراستەیە ئەنجام داوە، بەڵام هێزەکانى سوپا و گرووپەکانى سەر بە سوپاى قودس، بۆ خۆشاردنەوە دەچنە نێو ماڵە مەدەنییەکان.
مووچە و شوێنى نیشتەجێبوونى جەنگاوەرەکان:
ئەگەر چى ملیشیا شێعەکان لە دێرەزوور گرووپەیلى جیهادى ئەفغانى و پاکستانیشیان تێدایە، بەڵام حەشدى شەعبی عێراقى وەک سەرەکیترین بەڕێوەبەرى ماڵى ئێران لەم پارێزگایە، بەتایبەت لە ئەلبوکەمال، کار دەکات. ماف و شێوازەکانى دابەشکردنى مووچە و پارەکەى، بەستراوەتەوە بە جیاوازى نەتەوە و ژمارەى کەسەکانەوە. بۆ نمونە، شەڕکەرە عێراقییەکان لە سوریە مانگانە نزیکەى ٤٠٠ دۆلارى ئەمریکى لە ڕێگەى ماستەرکارتەوە وەردەگرن کە حەشدى شەعبی پێى داون. شەڕکەرى نەتەوەکانى دیکە پارەکەى خۆیان بە شێوەى کاش و شەخسى وەردەگرن و زۆربەیان لە بانکەکانى ژێر دەستى حەشدى شەعبی لە عێراقن، کارێک کە دەشێت بە پێچەوانەى سیاسەتەکانى گەمارۆى ئەمریکا لەسەر ئێران بێت.
دامەزرێنراوە سوورییەکانیش، مووچەکەى خۆیان ڕاستەوخۆ لە سوپاوە وەردەگرن کە زۆرى و کەمی مووچەکەیان بەستراوەتەوە بەو ئەرکەى کە پێیان دەسپێردرێت. کەسانێک کە لە شار و گوندەکانى خۆیان خزمەت دەکەن، مانگانە ١٠٠ دۆلارى ئەمریکییان دەدرێتێ، بەڵام ئەوانەى کە بە ئۆتۆمبێلى سەربازى دەچنە بەرەکانى پێشەوەى شەڕ، ١٥٠ دۆلارى زیادە و پسوولەى (کۆپن) سووتەمەنى وەردەگرن و تێچووى دیکەیشیان پێ دەدرێت. بە قسەى کەسانى دژە ڕژێمى سوریە، ئەم شێوازى ڕێکخراوە ماڵییەی سوپا، زۆر باڵاترە لە پێکهاتەى ئەمنى ڕژێمەکەى بەشار ئەسەد کە "بەربڵاو و تێکشکاو"ە. لەم دۆخەشدا، هەروەک ئەوەى کە لە ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى داعش پێشتر ڕوووى دا، خوازیارانى پارەى سوپا، پیاوانى بێکار و هەژارى سوریە و جەنگاوەرانى بیانین.
لەگەڵ ئەوانەشدا، بە دامەزراوە شێعەکان و بنەماڵەکانیشیان دڵنیایی دەدرێت کە لەو موڵک و زەویانە نێشتەجێ دەکرێن و دەبنە خاوەن کار کە ئێرانییەکان کڕیویانن. تا نۆڤەمبەرى ٢٠١٨ى زایینى، زیاتر لە ١٠٠ بنەماڵەى شێعەى بیانى لە باشوورى مەیادین و بە هەمان ژمارەش لە بنەماڵە شێعە عێراقییەکان لە ئەلبوکەمال نیشتەجێ ببوون. ئەم ئامار و ژمارانە لەو کاتەوە تا ئێستا بە دڵنیاییەوە زیاتر بوونە.
دابینکردنى ماڵى پڕوپاگندەى فێرکارى و مەزهەبی:
گەڵاڵەى بنیاتنانەوە و پڕۆژە گشتییەکانى ئێران لە سوریە، بە شێوەیەکى زۆر سەیر زیادیان کردووە و بە ئاشکرا کاریان بۆ دەکرێت. سوپا و حەشدى شەعبی جگە لە پێدانى مووچەى ڕاستەوخۆ بە شێعەکانى بن فەرمانى خۆیان، لە ڕێگەى چالاکی جیاوازى کۆمەڵایەتى و ئابوورییەوە خەریکى دزەکردنن بۆ نێو پێکهاتە سوونینشینە عەرەبەکان. ئەم کارە هاوکاریان دەبێت کە خوێندنەوەى شێعانەى دوانزە ئیمامى خۆیان بەسەردا فەرز بکەن و ئەوانیش کە تینووى پارەن ڕازى و ملکەچ بن.
بۆ نمونە، "ناوەندى فەرهەنگى ئێران" لە شارى دێرەزوور بە ئیجازەى ڕژێمى ئەسەد، قوتابی و خوێندکاران ناچار دەکرێن بەشدارى بەرنامەکانی بکەن. یەکیەتى لاوانى ئینقیلابی حیزبی بەعسى سوریە، فەرمانى بە بەڕێوەبەرایەتى پەروەردەکان کردووە تا گەشتى زانستى بۆ بەشداربوون لە مەراسیمى شێعەکان و قسە و میتینگەکانى سوپاى پاسداران و بەرنامەکانى چیرۆکنووسى و کێبەرکێى وەرزشى بکەن و لە بەرامبەریشدا، ئەم خوێندکارانە پارەیان دەدرێتێ.
بۆرسیەى خوێندنیش لە دەرەوەى سوریەشکارى گەورەى بۆ کراوە و خوێندکارانێک کراونەتە ئامانج کە خوازیارى خوێندنى دینین لە ئێران تا دواتر بگەڕێنەوە سوریە و وەک بانگخوازى شێعەى دوانزە ئیمامى کار بکەن. بۆرسیەکانى خوێندن بۆ گرووپگەلى جیاوازى تەمەنن، لە منداڵانى قوتابخانە بنەڕەتییەکانەوە دەست پێ دەکات تا خوێندکارانى سی تا چل ساڵ. تا ئێستا زیاتر لە ١٠٠ قوتابی (بە بنەماڵەکانیانەوە)، لە دێرەزوورەوە سەفەریان بۆ ئێران کردووە بۆ ئەوەى بەشدارى ئەم بەرنامەیە بکەن.
لەگەڵ ئەوەشدا، مامۆستا ئێرانییەکان کارگێڕى سێ قوتابخانەیان لە مەیادین و ئەلبوکەمال و شارى دێرەزوور لەدەستە و پۆلەکانى زمانى فارسى و مێژوویان لە تەنیشت وانەکانى دیکە دەڵێنەوە. بە پێى ڕاپۆرتەکان نزیکەى ٢٠٠ خوێندکار لەم پۆلانە بەشدارییان کردووە.
هەندێک لە عەشیرەکانى دێرەزوور، ڕۆڵێکى گەورەیان لە بەڕێوەچوونى ئەم پلان و کارانەى ئێران هەیە. لە ناوچەیەکى وەک سبیخان و مەیادین، سوپا فەرمانى بە شێخى عەشیرەتەکان کردووە کە دانیشتووان بە پارە و پشتیوانى ماڵى و هاوکارى هەتیو و ژن و بنەماڵە شەهیدەکان، بکێشنە نێو حوسەینییەکانەوە. سەرچاوەیەکى خۆجێی باس لەوە دەکات کە شێخ نەواف ئەلبەشیر لە عەشیرەتى بەقارە، گرووپێکى لە ژێر فەرمانى ئێرانییەکان لە محیمیدیە هەیە. هەروەها ساڵح محەمەد ئیسماعیل ئەلبەعاج، یەکێک لە گەورەکانى خێڵى بەعاجین لە مەیادین، هاوپەیمانێکى سەرەکى تارانە لە بڵاوکردنەوەى ئیسلامى شێعەى دوانزە ئیمامى هەڵبەت بە هاوکارى ناوەندى فەرهەنگى ئێران لە دیمەشق. ئەمە جگە لە ڕۆڵى ئەو وەک ڕاوێژکارى مەزهەبی تیپى ئەبووفەزلى عەباس کە لقێکى ملیشیاکانى سەر بە ئەسەدە کە جەنگاوەرى عێراقى و لوبنانین.
ساڵى ڕابردوو، بەرپرسانى سوریە ٢٠ مەلاى مزگەوتە سوننییەکانیان لە سبیخان، مەیادین و ئەلبوکەمال و شارەکانى دیکە دەستبەسەر کرد لەبەر ئەوەى ڕێگەیان نەدابوو لە مزگەوتەکانیانەوە بە شێوەى شێعە بانگ بدرێت. لە بەرامبەردا، ئەو مەلایانەى کە ئەم فەرمانەیان جێبەجێ کردبوو، پارەى خۆیان درابوویێ.
تەوەر و ستراتیژى دێرەزوور بۆ ئامانجە مەزهەبی و گرنگەکانى ئێران، لە مانگى پووشپەڕى ڕابردووەوە کارى گەورەترى لەسەر کراوە. لەم چوارچێوەیەشدا بوو کە قاسم سولەیمانى فەرماندەى هێزەکانى سوپاى قودس سەردانى ئەلبوکەمالى کرد. سولەیمانى لەوێ لەگەڵ فەرماندە ملیشیاکانى کۆ بووەوە بۆ ئەوەى یەکەیەکى نوێ لە ژێر ناوى "لەشکرى بەرگریکارانى حەرەمى پیرۆز" پێک بێنێت. کارى ئەم لەشکرە، بەرگریکردنە لە حەرمەکانى شێعە کە بەم دواییانە لە دێرەزوور دروست کراون. سوپا بە دروستکردنى زیارەتى نوێى شێعى لە شوێنە پیرۆزەکانى پێشوو (کە پێشتر شوێنى کۆن و پیرۆزى سووننى بوونە) یا لە نێزیکییانەوە، هەوڵ دەدات بەو حەرەمە نوێیانە مەشرووعیەتى مەزهەبی و شێعى بداتە ئەو شوێنانە. ئەم کارەش هاوئامانجى ئەو دامەزراوە مرۆڤدۆستانەیە کە ئێران لەو پارێزگایە دروستى کردوون، واتە پڕوپاگندە بۆ باوەڕە شێعییەکان دەکەن بۆ ئەوەى خەڵکى لەبەرامبەر هاوکاریکردنیان ببنە شێعە.
ئەمریکا دەبێت سوود لە ناڕەزایەتییەکان وەربگرێت:
ئەم کارانەى کۆمارى ئیسلامى بووەتە هۆى ئەوەى دانیشتووانى دێرەزوور ڕەخنە لە ڕژێمەکەى بەشار ئەسەد و ئامادەیی سەربازى و دەستڕۆیشتووى سوپا بگرن. ئەم ناڕەزایەتییانە دەرفەتێکى لەبارە بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانە ناوچەییەکانى کە کۆمەڵگە بە ئاراستەیەکى جیاوازتر لەوەى ئێران بەرنە پێشەوە، ئەم کارە دەتوانێت بە پاڵپشتى ئاشکراى خۆپێشاندەران، پاراستنى شوێنەکانیان و هاوکارى نهێنى مەیسەر بێت. بەمەش نە تەنیا پشتیوانى لە خواستە ڕەواکانى خەڵکى سوریە دەکرێت، بەڵکو دەبێتە لەمپەریش لەبەردەم ئامانجەکەى ئێران کە دروستکردنى "هیلالی شێعى"ـیە کە بە عێراق و سوریە و لوبناندا تێدەپەڕێت. ئەم هیلالە دەتوانێت هەڕەشەیەکى گەورە بێت لەسەر بەرژەوندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانى لە رۆژهەڵاتى نێوەڕاست. لەگەڵ ئەەشدا هاوپەیمانەکانى ئەمریکا لە کاتى پێویست دەبێت هەنگاوى جددى و کردەیی هەڵێننەوە وەک هێرشى ئاسمانى زیاتر بۆ سەر سوپا و میلیشیا شێعەکانى سوپاى قودسى پاسداران لە نێو خاکى سوریە تا بەر بە گواستنەوەى پارە بگیردرێت و دامەزراوە ماڵییەکانى سەر بە حەشدى شەعبی عێراقى لەنێو ببرێت کە پارە بۆ جیهادییە جەنگاوەرەکان لەوبەرى سوریە و لە بەرژەوەندى کۆمارى ئیسلامى دەگوازرێتەوە.
* ڕاپۆرتێکى پەیمانگەى واشنتۆن و ئەلعەرەبیەى ئینگلیزییە
** عۆلا ئەلڕافى هەمەوەند، ئنیستیتۆى واشنتۆن لە بوارى سیاسەتى عەرەبی