هەواڵدەری ڕۆیتەرز لە زمان سەرچاوە ئەمنیەکان ڕۆژی هەینی ٢٩ خەرمانان باسی ئەگەری هێرشی تورکیە بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان کرد. سەرچاوە ئەمنیەکان باس لەوە دەکەن ئانکارا پزیشکى شارە گەورەکانی لە دوو پارێزگای باشووری ئەو وڵاتە و لە سنووری ڕۆژئاوای کوردستان جێگیر کردووە و ئەوە نیشانەی ئەگەری هێرشە. سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن ئیزنی ئەو پزیشکانە هەڵوەشێنراوەتەوە و واپێدەچێت هێرشی سەربازی دەست پێ بکات.
ئانکارا و واشنتۆن مانگی گەلاوێژ لەسەر دانانی ناوچەیەکی ئارام و ژوورێکی چالاکی هاوبەش لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریە ڕێککەوتوون کەچی تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیە پێشتر ڕایگەیاندبوو واشنتۆن خەریکی لەمپەر درووستکردنە لەسەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە و هۆشداری دابوو ئەگەر ناوچەی ئارام تا کۆتایی مانگی سپتەمبەر دروست نەبێ ئانکارا هێرش دەکاتە سەر باکووری سوریە.
بە پێی سەرچاوە ئاگادارەکان کۆمەڵێک پزیشک لە دوو شاری ئورفا و ماردین جێگیر کراون. ئانکارا دانانی ناوچەی ئارام بەوە دەبینێ کە نزیکەی سێ ملیۆن و نیو ئاوارەی عەرەبی سوریە لە خاکی ڕۆژئاوای کوردستان نیشتەجێ بکات و لە ڕاستیدا ئامانجی تورکیە کۆنترۆڵکردنی یەپەگەیە کە دەسەڵاتدارانی تورکیە بە لقی پەکەکە لە سوریە ناوی دەبەن.
هێزەکانی سوریەی دیموکرات و یەپەگە لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا توانیویانە بە پشتیوانی ئەمریکا بەشێکی بەرچاو لە ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریە لە دەستی داعش ڕزگار بکەن و بیهێننە ژێر کۆنترۆڵی خۆیان. ئانکارا بە پاساوی ئەوەی هێزەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لەگەڵ پەکەکە لە پەیوەندیدان، بە تیرۆریست ناویان دەبات.
وابڕیارە دۆناڵد ترامپ و رەجەب تەیب ئەردۆغان حەوتووی داهاتوو جارێکی دیکە سەبارەت بە ناوچەی ئارام کۆ ببنەوە و سەبارەت بە ناوچەیەکی ئارام بە درێژایی ٤٥٠ کیلۆمەتر لە ناوچەی سنوورییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بۆ ڕۆژهەڵاتی فورات دانوسان بکەن.