
حەفتەی ڕابردوو بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیایێک لە کرماشان دەستدرێژی سێکسی کردە سەر کچی سەرایداری کۆمپانیاکە کە تەمەنی تەنیا ٤ ساڵ بوو.
باوکی ئەم کچە گوتوویەتی "لەم کۆمپانیایە سەرایدار بووم و ئیشم دەکرد. ڕۆژێک خاوەنکارەکەم منی بۆ کارێک ناردە دەرەوە و کچە چکۆڵەکەم کە لە حەسار خەریکی یاریکردن بوو، بەبێ ئیزنی ئێمە و بەدزییەوە سواری ئۆتۆمبێلەکەى دەکا و لەگەڵ خۆی دەیبا".
باوکى کچەکە درێژە بە قسەکانى دەدات و دەڵێت "کاتێ کچەکەم گەڕایەوە، شوێنی ۱۹ برین لەسەر جەستەی بوو. هێنامانە لای پزیشک و ئەویش پشتڕاستی کردەوە کە دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەری. کچەکەشم دەڵێ کە (ف.ق)ـى بەڕێوەبەر جلەکانی لەبەر داکەندووم".
باوکى کچەکە باسى ئەوەى کرد کە ئێستا سکاڵایان لەسەر ئەو بەڕێوەبەرە تۆمار کردووە و خوازیارى سزادانین.
ئەوەی سەیرە ئەمەیە کە میدیاکانی کۆماری ئیسلامی شوناسی ئەم بەڕێوەبەرەیان شاردووەتەوە کە بەهاسانی دەستدرێژی کردووەتە سەر کچەکە و تەنیا بە (ف.ق) نێوی دەبەن و ئێستاش بە دانانی بارمتە ئازاد کراوە و ئازادانە دەسووڕێتەوە. کۆمارى ئیسلامى هێندەى لە خەمى دەستدرێژیکەرانە هێندە گوێ بە ئابڕوو و کەرامەتى قوربانییەکان نادات!