Skip to main content

چۆن تزارى ڕوس گەیشتە پاشایەتى

چۆن تزارى ڕوس گەیشتە پاشایەتى
٢٠ ساڵەى ئامادەیی پۆتین لە پانتایی سیاسەتى ڕوسییە!
posted onAugust 10, 2019
nocomment


ئاڤاتودەى

ڕۆژى هەینى ١٨ى گەلاوێژ/٩ى ئوت، ڕێک ٢٠ سال بەسەر ئامادەبوونى ڤلادیمێر پۆتینى ئەندامە دیارەکەى کا.گ.ب لە پانتایی سیاسەت ڕوسیە تێپەڕێ. سەیرە کە چۆن کەسێک کە وەها دادەنرا پاش خوولى یەکەمى سەرۆکوەزیرانییەکەى تەنیا یەک یا بەلانى زۆرەوە دوو خوول دەتوانێت لە کۆشکى سوورى کرملین بمێنێتەوە، کەچى نە تەنیا بووە تزارى ڕوسیە بەڵکو وا پێدەچێت بشبێتە سوڵتانى بێ ڕکەبەر و نەگۆڕی ڕوسیە.

ئەوە بوریس یەڵتسنى سەرۆکى ئەودەمى ڕووسیە و یەکەم سەرۆک پاش هەڵوەشانەوەى سۆڤیەت بوو کە ڤلادیمێر پۆتینى ٢٠ ساڵ بەر لە ئێستا و لە ڕۆژێکى وەک هەینى تێپەڕیو گەیاندە پلەى سەرۆکوەزیرى. لە کاتى ئاشووب و هەرجومەرجەکانى ساڵى ١٩٩٩ى ڕوسییە پاش لەنێوچوونى حکومەتى کۆمۆنیستى، یەڵتسن ناچار بوو چەند سەرۆکوەزیر بگۆڕێت و پۆتین چوارەمین کەس بوو کە لە کەمتر لە ١٩ مانگ گەیشتە سەرۆکوەزیرى.

لە کاتى بوونە سەرۆک، پۆتین کەسێکى نەناسراو بوو و تەنیا کەسێکى زۆر کەم لە دونیا ـ لە نێو دەزگا ئەمنیەتییەکاندا ـ ناوى ئەویان بیستبوو. بەڵام بە هاتنى، پانتایی سیاسیی ڕوسیەی وەها داگیر کرد کە تا ئەورۆکە کەس نەبووە شان بدات لە شانى. بەڵام پۆتین بیستەمین ساڵڕۆژى هاتنە نێو پانتایی دەسەڵاتى بە دڵێکى ئاسوودە جێژن نەگرت، ئاخر لەم چەند ڕۆژەى ڕابردوو بوو کە هەزاران کەس بەشدارى خۆپێشاندانەکانیان کرد و دژى ئەو لە مۆسکۆ و شار و شارۆچکەکانى دیکەى ڕوسیە خۆپێشاندانیان کرد و لە بەرامبەردا هێزە ئەمنی و سەبازییەکانى ڕوسییە لە ڕۆژێکدا نزیکەى ١٠٠٠ کەسیان دەستبەسەر کرد و تەنانەت هەواڵى ژەهراویبوونى دژبەرە لاوەکەى پۆتینیش واتە ئەلیکسى ناوالنى وەک لەکەیەک بە ڕووخسارى پۆتینەوە نووسا.

پۆتینى ٦٦ ساڵە، هەر پارەکە بوو کە بۆ جارێکى دیکە بە سەرۆکایەتى ڕوسیە هەڵبژێردرایەوە، خوولێک کە لە ساڵى ٢٠٢٤ کۆتایی پێ دێت. هەر لەم یەک دوو ڕۆژەشدا، خوولى سەرۆکایەتییەکەى پۆتین لە جۆزیف ستالینى دیکتاتۆرى کۆمۆنیستى درێژتر دەبێتەوە.

نیکۆلاى سبانیدزە یەکێک لە ڕۆژنامەنووسە دیارەکانى ڕوسیە کە چەندین جار لە کرملین گفتوگۆى لەگەڵ پۆتین کردووە، لە بیستەمین ساڵى پۆتین لەنێو دونیاى سیاسى ئەو وڵاتە تێزارییە، بە هەواڵدەرى فەڕەنساى لە مۆسکۆ گوت "پاش ٢٠ ساڵ ئامادەیی لە نێو دەسەڵات، پۆتین چیتر هیچ سنوور و ئاستێک ناناسێت، ئەو بۆ خۆى سوڵتانێکە".