Skip to main content

ئه‌و چوار كه‌سه‌ بناسە کە ئامریکا گەمارۆى خستنە سەر

ئه‌و چوار كه‌سه‌ بناسە کە ئامریکا گەمارۆى خستنە سەر
AvaToday caption
posted onJuly 21, 2019
nocomment

وه‌زاره‌تی خه‌زێنه‌داری ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان، ئێواره‌ی پێنجشه‌ممه‌ سزای به‌سه‌ر چوار كه‌سایه‌تی عێراقیدا سەپاند كه‌ دووانیان فه‌رمانده‌ی هێزه‌ ملشیاییه‌كانی حه‌شدی شه‌عبین و نزیكن له ڕژێمی ئێرانن. گرنگترین ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی ئاراسته‌ی ئه‌و چوار كه‌سه‌ كراون‌ " ئه‌نجامدانی پێشلكارییه‌كانی مافی مرۆڤ و گه‌نده‌ڵی" بوون.

ئه‌و چوار كه‌سە عێراقییەش بریتین له‌ "ڕە‌یان كلدانی، وه‌عد قادۆ و هه‌ردوو پارێزگاری پێشووی نه‌ینه‌وا و وسه‌لاحه‌ددین (نۆفل حه‌مادی سوڵتان و ئه‌حمه‌د جبوری)ـن". بڕیاره‌ جێبه‌جێكارییه‌كه‌ی واشنتۆن پشتی به ‌یاسای ماگنیتسكی بۆ لێپرسینه‌وه‌ی جیهانی به‌ستووه‌، كه‌ تۆمه‌تبارانی مافی مرۆڤ و پێشڵكارییه‌كان و گه‌نده‌ڵكاران ده‌كاته‌ ئامانج.

سیگال ماندڵكه‌ر، بریكاری وه‌زاره‌تی خه‌زێنهدارى‌ بۆ كاروباری تیرۆر و هه‌واڵگری دارایی گووتی "ئەمریكا ڕێكاره‌كانی به‌رامبه‌ر چوار كه‌سی عێراقی گرتووەته‌ به‌ر، چونكه‌ له ‌پێشڵكاریی مه‌ترسیداری مافی مرۆڤ و گه‌نده‌ڵی تێوه‌گڵاون". ڕاشیگه‌یاند "به‌رده‌وام ده‌بین له ‌لێپرسینه‌وه‌ له‌و كه‌سانه‌ی تۆمه‌تبارن به‌ پێشڵكارییه‌كانی مافی مرۆڤ، به‌تایبه‌ت به‌رامبه‌ر كه‌مینه‌ ئاینییه‌كان و، به‌رپرسه‌ گه‌نده‌ڵه‌كان، كه‌ پۆسته‌كانیان بۆ كاری نایاسایی ده‌قۆزنه‌وه‌".

زۆربه‌ی ئه‌و ڕێكارانه‌ی دژی ئه‌و كه‌سایه‌تیانه‌ گیراونه‌ته‌ به‌ر، له ‌ناوچه‌كانی ژێر ده‌ستی داعش بووه‌، كه‌ دوای ڕزگاركردنیان ئه‌وان كاری نایاسایی و تاوانیان ئه‌نجام داوه‌. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ كه‌ به‌ناوچه‌ی كه‌مینه‌ ئاینییه‌كان داده‌نرێت، تاوه‌كو ئێستاش نه‌توانراوه‌ هێمنی و ئاوه‌دانی بگرێنه‌وه‌ نێو كۆمه‌ڵگه‌كانی ناوچه‌كه‌.

به‌پێی بڕیاره‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكاش سه‌رجه‌م موڵك و به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌و كه‌سانه‌، كه‌ ده‌كه‌ونه‌ نێو بازنه‌ی پسپۆڕی ئه‌مریكا ده‌ستی به‌سه‌ردا ده‌گیرێت و بلۆك ده‌كرێن، ڕێگری له‌ هه‌موو كه‌سێكی نێو  وڵاته‌كه‌ی ده‌كات مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكه‌ن.

كورته‌یه‌ك له‌سه‌ر ئه‌و چوار به‌رپرسه‌ عێراقییە لێرەدا بخوێنەرەوە:

 

ڕە‌یان كلدانی:

رەیان

ئه‌م كه‌سایه‌تییه‌ كه ‌یه‌كێكه‌ له ‌فه‌رمانده‌كانی ملشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی عێراق و ڕابه‌رایه‌تی لیوای ٥٠ ده‌كات، له‌لایه‌ن واشنتۆنه‌وه‌ تۆمه‌تبار كراوه‌ به‌وه‌ی "به‌رپرس و تێوه‌گڵاوه‌ له‌ ئه‌نجامی سه‌رپێچی مه‌ترسیدار دژی مافه‌كانی مرۆڤ، ئه‌وانه‌ی ڕاسته‌وخۆ یا به‌ناڕاسته‌وخۆ ئەنجام دراون".

هاوكات‌ له ‌ئایاری ٢٠١٨ى زایینى، ڤیدیۆییه‌كی بڵاو بووه‌تەوه‌ كه‌ گوێی دەستبەسەرکراوێکى به‌ره‌ی شه‌ڕ ده‌بڕێت. جگه‌ له‌وانه‌ش فه‌رمانده‌ی لیوای ٥٠ـی حه‌شدی شه‌عبی، تۆمه‌تباره‌ به‌ تاڵانكردنی خانووه‌كانی شارۆچكه‌ی باتنایای ئایینی كریستانه‌كان، كه‌ به ‌هۆی تیرۆری داعشه‌وه‌ چۆڵ كرابوون.

بڕیاره‌كه‌ی ئه‌مریكاش ئاشكرای ده‌كات "لیوای ٥٠ چه‌ندین زه‌ویی كشتوكاڵی داگیر كردووه‌ و به‌ شێوه‌یه‌كی نایاسایی و ناشه‌رعی فرۆشتوونیه‌تییه‌وه‌".

له‌سه‌ر زاری دانیشتووانی ئه‌و ناوچانه‌ش "ئەم پیاوە ژنەکانى ناوچه‌كه‌ی تۆقاندووه‌ و گیریان پێ ده‌دات".  دووپاتی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ "لیوای ٥٠، ڕێگرییه‌كی گه‌وره‌یه‌ له‌به‌رده‌م گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ ده‌شتی نه‌ینه‌وا".

 

وه‌عد قادۆ

وەعد

هه‌رچه‌نده‌ كه‌سێكی نه‌ناسراوه‌ به ‌به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی دیكه‌، به‌ڵام تۆمه‌تبارێكی سه‌ره‌كییه‌ له‌ پێشڵكارییه‌كانی مافی مرۆڤ، كه‌ له‌ ڕێگه‌ی سه‌رۆكایه‌تیكردنی ملشیای لیوای ٣٠ ئه‌نجامی داون.

هاوشێوه‌ی كلدانی چالاكییه‌كانی ئه‌و لیوایه‌ له‌ ده‌شتی نه‌ینه‌وا بووه ‌و سه‌رقاڵی ڕێگری و ده‌ستگیركردنی نایاسایی و ڕفاندن بووه‌. له‌ زۆربه‌ی كاته‌كانیشدا، قادۆ به‌بێ بڕیاری دادگا خه‌ڵكی زیندانی كردووه‌ و هه‌ندێك كاتیش باجی به‌سه‌ر خه‌ڵك و بازگه‌كاندا سه‌پاندووه‌.

خه‌ڵكی ئه‌و ناوچه‌یه‌ سوورن له‌وه‌ی "لیواى ٣٠، به‌رپرسی یه‌كه‌مه‌ له ‌تاوانه‌كانی ڕفاندن و تۆقاندن و كوشتن و دەستدرێژیکردنە سەر خه‌ڵك".

 

نۆفل حه‌مادی سوڵتان

نۆفل

پارێزگاری پێشووی نه‌ینه‌وا، دوای داگیركردنی شاره‌كه‌ی له‌ لایه‌ن داعشه‌وه‌، هه‌ڵبژێردرا کەچى تا ڕزگاركردنی موسڵ شاره‌كه‌ی نه‌بینی، به‌ڵام هه‌ر كه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ شاره‌كه‌ی ده‌ستی به ‌گه‌نده‌ڵی كرد و، چه‌ندین ده‌ستكه‌وتی نایاسایی بۆ خۆی دەستەبەر کرد.

واشنتۆن ده‌ڵێت "به‌رپرس و تۆمه‌تباره‌ له ‌پرۆسه‌ی گه‌نده‌ڵی، له ‌نێویاندا خاوه‌ندارێتی ناسایایی موڵكه‌كانی ده‌وڵه‌ت و، ده‌ستبه‌سەرداگرتنی چه‌ندین موڵكی حكومه‌ت له‌ شاره‌كه‌ی و دواتر خستنه‌ سه‌ر ناوی خۆی". هه‌روه‌ها سوڵتان كاری له‌سه‌ر ده‌رهێنانی سامانی سروشتی شاره‌كه‌ی كردووه ‌و ڕاده‌ستی ملشیاكانی نزیك لە ڕژێمی ئێرانی كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی پشتگیری بكه‌ن له‌درێژە‌دان به ‌گه‌نده‌ڵییه‌كانی، به‌ڵام دوای نقوومبوونی كه‌شتییه‌ك و مردنی سه‌رووی ١٠٠ كه‌سی خه‌ڵكی موسڵ، له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی عێراقه‌وه‌ له‌ پۆسته‌كه‌ی دوور خرایەوە.

كه‌شتییه‌كه‌ كه‌ تایبه‌ت بوو به ‌یه‌كێك له‌ فه‌رمانده‌كانی ملشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی له‌ موسڵ، پێنج هێنده‌ی قه‌باره‌ی خۆی خه‌ڵكی بار كردبوو، كه‌ ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر كێشی كرد و، چه‌ند خووله‌كێك ‌دوای به‌ڕێكردنی وه‌رگه‌ڕا. به‌و هۆیه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌منی فه‌رمانی ده‌ستگیركردنیان بۆ پارێزگاری موسڵ ده‌ركرد، به‌ڵام ڕای كرد.

 

ئه‌حمه‌د جبوری

جبورى

هاوكات ئەم پیاوە به‌ ئه‌بوو مازن ناسراوه‌، پارێزگاری پێشووی سه‌ڵاحه‌ددین بووه ‌و، ئێستاش ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقه‌. هاوشێوه‌ی سوڵتان، بڕیاره‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆیە بەسەریدا سەپێنراوە چوونکە له‌ کاتى پارێزگارییەكه‌ی گەندەڵى ئەنجام داوە.

له ‌ساڵی ٢٠١٧ به‌ تۆمه‌تی به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵات و بەکاربردنى پاره‌ی فیدراڵی بۆ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی زه‌ویوزار، له‌ لایه‌ن به‌غدا ده‌ر کرا و بڕیاری زیندانیكردنی بۆ دەرچوو، به‌ڵام دوای ماوه‌یه‌ك له ڕێگه‌ی هێزه‌كانی نزیك لە ڕژێمی تارانه‌وه‌ ئازاد کرا و، ئێستا لە ژێر پارێزگاری ئه‌وان، له‌نێو په‌رله‌ماندا درێژە‌ به‌كاره‌ گه‌نده‌ڵییه‌كانی ده‌دات.