Skip to main content

قاسم سلێمانى چاوی لە شوێنەکەى ڕوحانییە

قاسم سولەیمانى چاوی لە شوێنەکەى ڕوحانییە
پرۆسەى سیاسی لە ئێران گەیشتۆتە بنبەست
سوپا: پێویستە کەسایەتییەکى سەربازی پۆستى سەرۆککۆمارى بگرێتە دەست
posted onSeptember 3, 2018
nocomment

 

سوپاى پاسداران، لەم ماوەیەى ڕابردوو و لە کاتى گەمارۆ ئابوورییەکەى ئەمریکا لەسەر ئێران، دامەزراوە مەدەنییەکانى ئێرانیان لاواز و بەم دواییەش هۆشدارییان لەسەر داڕمانى ئابوورى داوەتە دەوڵەتى ئێران و تەنانەت هەڕەشەى ئەوەیان کردووە کە ئەگەر بەر بە خەڵک نەگیردرێت لە خۆپێشاندانە جەماوەرییەکان و ئاڵۆزی و قەیرانە ئابوورییەکان، "سوپا بەرپەرچی ئەو خۆپێشاندانە دەداتەوە".

 

ئەمەش لە کاتێکدایە دەنگۆی ئەوە لە نێو کۆمارى ئیسلامی ئێراندا بڵاوبووەتەوە کە "سوپای پاسداران بەنیازە رژێمێکى سەرکوتکارانەى سەربازی گشتگیر دابمەزرێنێت"، ئەگەری ئەوەش دەکرێت کە درز بکەوێتە نێو فەرماندەکانى ئەو سوپایە کە خۆى وا نیشانداوە یەکگرتووە، بەڵام تێوەگڵانى لە پرسە ئابووری و بازرگانییەکان و خراپبوونى ڕەوشى ئابووری هیمایەکى روونە بۆ ئەو درزە.

لە دواى مردنى ئایەتوڵا خومەینى دامەزرێنەرى کۆمارى ئیسلامى و سوپای پاسداران و هاتنەسەرکارى عەلى خامنەیی، کە لە نێو پیاوە ئایینیە میانڕۆکاندا سەری هەڵدا، دەسەڵاتی ئەو سوپایەی بە شێوەیەکى بەرچاو فراوان کرد و، کاریشى لە پتەوکردنى دەسەڵاتەکەى لەسەر بنەماى هاوبەشى و یارمەتی کرد.

ئێستا پێگەى ڕوحانى لاى سوپاى پاسداران و ڕەوتى توندئاژۆ لە مەترسیدایە

ئێستا پێگەى ڕوحانى لاى سوپاى پاسداران و ڕەوتى توندئاژۆ لە مەترسیدایە

 

پێکهاتەى ئەو سوپایە کە لەسەر بنەماى تۆڕێکى پێکەوەبەستراو لەجەنگاوەرانى پێشووى جەنگی عێراق ـ ئێران 1980-1988ـە، لە زۆربەى ئاڵۆزییە سیاسییەکانى تاران پارێزگاری لە پێگەو دەسەڵاتەکانى کردووە، بەڵام لەدواى 2010 گۆڕانێک لە نێو ئەو سوپایە دروست بوو، بەڵام لەگەڵ سەرهەڵدانى باڵی ریفۆرمخوازان، سوپای پاسداران دەسەڵاتە سیاسییەکانى فراوانتر کرد و، بە چاوێکى گوماناویش سەیری ئەو باڵە نوێیەیان دەکرد، کە بانگەشەى سووککردنی کۆتە کۆمەڵایەتى و سیاسییەکانیان دەکرد.

سوپای پاسداران بەبێ گوێدانە سیستەمى سیاسی وڵات، بەردەوام دەستی وەرداوەتە نێو کاروباری سیاسی، بەتایبەت لەدواى 1999 کاتێک قوتابیانى تاران خۆپێشاندانیان کرد و، نامەیەکى هەڕەشە ئامێزیان ئاراستەى مەحەمەد خاتەمی، سەرۆکى پێشووتری کۆمار کرد و  پێیان راگەیاند "خۆپێشاندەران لە کۆنترۆڵ دەربچن، ئەوا ئەوان راستەوخۆ دەست وەردەدەنە نێو پرسەکە، کە لە لایەن توندڕەوەکانەوە بەرێوە دەچن".

لە لایەن خۆیەوە میساگ بارسا، توێژەری تایبەت بە کاروبارى ئێران لە خوێندنەوەیەکیدا بە ناوونیشانى (دیموکراسى لە ئێران) دەڵێ: وڵاتان و کۆمەڵگەکان بۆ چارەسەرکردنى ململانێیە مێژووییەکانیان دوو ئاراستە دەگرنە پێش:

ـ یان شۆرش

ـ یان چاکسازی

ئێران لەسەر رێگاى دووهەم بوو، بەڵام تاکەکانى نێو سوپای پاسداران هەوڵەکانیان چڕ کردەوە بۆ کۆنترۆڵکردنى تەواوی وڵات. تا پرسەکە گەیشتووەتە ئاستێک، چەند کەسایەتییەکى پێشووى ئەو دامەزراوە سەربازییە داوایان کردووە "کەسایەتییەکى سەربازی پۆستى سەرۆک بگرێتە دەست بۆ ئەوەى رژێمەکە رزگار بکرێت". لە چوارچێوەى قەیرانە ناوخۆیی و دەرەکییەکانى ئەو وڵاتە، رۆژنامەیەکى نزیک لە سوپای پاسداران راپۆرتێکى تایبەت بە پرسى "رادەستکردنى دەسەڵات بە کەسایەتییەکى سەربازی لە وڵاتدا بڵاو دەکاتەوە".

ئەو رۆژنامەیە بەبێ ئەوەى ناوی کەسێکى تایبەتمەند بهێنێت، بەڵام لەناوەرۆکەکەیدا وەسفێکى رادەبەدەرى قاسم سلێمانى، فەرماندەى سوپای قودس دەکات.

ئەو رۆژنامەیە پێی وابووە " پرۆسەى سیاسی لەوڵاتدا گەیشتۆتە بنبەست، پێویستیان بەوەیە لەدەوڵەتێکى ستەمکارەوە بگوازرێتەوە بۆ دەسەڵاتێکی ستەمکاری سەربازی، بۆ ئەوەى پیاوێکى بەهێز بتوانێت وڵات هەڵسێنێتەوە، بەتایبەت لەنێو نەوەى نوێی هێزەکانى بەسیج". نووسیویەتى "ئەو پرسە وەک لێدانى تەزوی کارەبایە بۆ نەخۆشێکى مردوو تا دووبارە بگەرێتەوە ژیان".

سلێمانى کە سەر بە خامنەییە، هێواش و ورد کار دەکات لەسەر ڕوحانى

سلێمانى کە سەر بە خامنەییە، هێواش و ورد کار دەکات لەسەر ڕوحانى

 

هەرچەندە هەڕەشە دژیەکەکانى واشنتۆن و تاران تا ئێستا نەگەیشتوونەتە ئاستى پێکدادان، بەڵام حەسەن ڕوحانى، سەرۆکى ئێران گووتى "جەنگی دژى ئێران بنەچەى هەموو جەنگەکانە، ئاشتیش لەگەڵیدا بنەچەى هەموو ئاشتییەکە، ئەگەر هاتوو ئەمریکا رێگە لە فرۆشتنى نەوتمان بگرێت، ئەوا تاران چەندین گەرووی دیکە دادەخات".

لە هەمان رۆژى پەیامەکەى ڕوحانی، قاسم سلێمانى پەیامێکى تووندی بڵاو کردەوەو، لەسەر ئاستى فراوانیش گرنگی پێ درا، کاتێک گووتى "شکۆمەندی سەرۆک رێگە نادات وەڵامت بداتەوە، بەڵام وەک سەربازێک وەڵامت دەدەمەوە، من دژت دەوەستم، دەریای سوور جێگەیەکى ئارام نییە بۆ پێگەکانى ئەمریکا، سوپاى قودس لەبەرامبەر سوپای ئەمەریکا دەوەستێت".

ئەو پەیامەى فەرماندەى سوپاى قودس کاردانەوەیەکى فراوانى بە دواى خۆیدا هێناو، لەلایەن دامەزراوە سەربازییەکانیشەوە پشتگیری لێکرا. هەرچەندە ڕەخنەش لە سلێمانى گیرا بەوەى دامەزراوە دیپلۆماتیکە مەدەنییەکانی پشتگوێ خستووە، بەڵام سوپای پاسداران بە تەواوى لەگەڵ لێدوانەکانى فەرماندەکەیان بوون. هەڕەشەو گۆشارەکانى تاران گەیشتۆتە قۆناغێک بەوەى بەرپرسانى ئەو وڵاتە هۆشداریی ئەوەیان داوە بەوەى "ئەگەر ئێران نەتوانێت نەوت بفرۆشێت هیچ وڵاتێکى ناوچەکە نەوتى ناتوانێت بفرۆشێت".

پاش لێدوانەکانى قاسم سلێمانى لە 29 تەمموز، 30 تەمموز ژەنەراڵ مەحمەد جەعفەرى، فەرماندەى سوپای پاسداران پەیامێکى كراوەى ئاراستەى ڕوحانى کرد، کە تایبەت بوو بە بەپرسى ئابوورى و پاڵپشتى خۆیى بۆ سەرۆکی وڵات نیشان داوە. داواشی کردووە "هەڵوێستێکى شۆرشگێرانە بەرامبەر ئابوورییە لاوازییەکەى بگرێتە بەر"، لەپاش ئەو پەیامەشى بە رۆژێک پەیامێکى دیکەى بڵاوکردەوە، ئەمجارەیان بۆ سەرۆکى ئەمریکا، بەڵام هیچ گرنگییەک بەو پەیامە نەدرا، تەنانەت لە نێو میدیا نزیکەکانى سوپای پاسدارانیش هەر باس نەکران.

ئەو پەیامە لە لایەن زۆربەى بەرپرسانى تاران وا خوێندرایەوە، کە لەبەرپرسیارێتى خۆیەوە قسەى کردووەو، زۆربەى دامەزراوەکانى سوپا ئاگایان لێی نەبووە. چاودێران پێیان وایە "گرنگیدان بەو پەیامەى سلێمانى زیاتر لەوەى جەعفەرى، بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کەسایەتى یەکەم پیاوى مەیدانەو نزیکترە لەخامنەیی".

کاردانەوەکان بەرامبەر جەعفەرى بە دوو ئاراستە دەچن:

یەکەمیان: فەرماندەى سوپای پاسداران، وادەى مانەوە لە پۆستەکەى ساڵى رابردوو کە 10 ساڵە کۆتایی هاتووە، بەڵام لەلایەن خامەنەییەوە بۆ سێ ساڵ درێژ کرایەوە، وەک هیمایەکە بۆ ئەوەى خۆى بخزێنێتە نێو کاروباری سیاسییەوە، هاوشێوەى قاسم سلێمانى".

دووهەم: دەنگۆی ئەوە هەیە سلێمانى خۆی بۆ خوولى داهاتووی سەرۆکایەتى کاندید بکات و، ڕووبەرووى هیچ ڕکەبەرییەکى ڕاستەقینە نەبێتەوە و، جەعفەریش بیەوێت لە ڕێگەى ئەو کەسەوە پارێزگاری لە پۆستەکەى ئێستا بکاتەوە، یانیش پۆستێکى سەرۆکایەتى وەربگرێت.

لە هەردوو ئەگەرەکانیشدا هێماکان بەو ئاراستە دەچن کە دامەزراوەى سەربازی کار لەسەر پەراوێزخستنى دامەزراوە مەدەنییەکان دەکەن.

لەو نێوەندەشدا گریمانەى پاوانخوازییەکانى کۆنترۆڵی سوپای پاسداران بەسەر ڕەوشى ئێران زیاتر دەبێت، بە تایبەت ئێستا خامنەیی بە هەموو شێوەیەک دانووستاندنى لەگەڵ ئیدارەى ترامپ ڕەت کردووەتەوە، هەرچەندیشە ئەگەری بۆ ئیدارەى داهاتوو داناوە، بەڵام بە تەواوی بڕیاری نەداوە.

چەند سەرچاوەیەکى ئەمریکى رێنوینى دیپلۆماتە ئێرانییەکانیان کردووە  بەوەى "چاوەڕوانى سەرۆکێکى دیکە بن، تا  دووبارە دەست بە دانووستاندنەکان لەگەڵ واشنتۆن بکەنەوە"، بەڵام ئەو قسانە هیچ دووپاتکردنەوەیەکى یەقینى لێ دروست نەبووە.

مانەوەى ئێران لە ڕەوشى چاوەڕوانى ئاڵۆزی زیاتر بۆ پرسە ناوخۆییە لاوازییەکانى دروست دەکات، چونکە ئێستا تاران لە هەمان قۆناغەکانى 2012 و 2013 نییە و، مەترسیی تەقاندنەوەى لێدەکرێت.