Skip to main content

ئیسرائیل هەڕەشە لە سوپاى قودس دەکات

ئیسرائیل هەڕەشە لە سوپاى قودس دەکات
ئیسرائیل چەندین جارە هێرش دەکاتە سەر مۆڵگەکانى سوپاى قودس لە سوریا
وەزیرى هەواڵگری ئیسرائیل: ئەو رێککەوتنەى لە نێوان ئەسەدو ئێران کراون تاقیکردنەوەیەکە بۆ ئیسرائیل.
posted onAugust 29, 2018
nocomment

 

ئیسرائیل دووبارە هەڕەشە لە کردنە ئامانجى پێگە سەربازییەکانى کۆماری ئیسلامی ئێران لە سووریا و سوپای رژێمەکەى ئەسەد لەو وڵاتە دەکاتەوە.

 

هەڕەشەکانى تەلئەبیب دواى رێککەوتنە سەربازییە دوو قۆڵییەکەى تاران و دیمەشق دێت، کە چەند رۆژێک لەمەوبەر لەلایەن بەرپرسانى باڵای هەردوو وڵات واژۆ کراوەو، مانەوەى هێزە سەربازییەکانى ئێران لەو وڵاتە بەیاسایی کران. رێککەوتنە سەربازییەکەى ئێران و سووریا لەرێگەى ئەمیر حاتمی، وەزیرى بەرگرى حکومەتى تاران و بەشار ئەسەد، سەرۆکى سووریا واژۆ کراون، بۆ دووبارە دامەزراندنەوەی سوپای سووریا و، پێشکەشکردنى پاڵپشتى سەربازییە لەلایەن تارانەوە بۆ ئەو وڵاتە.

لەلایەن خۆیەوە یسرائیل کاتز وەزیرى هەواڵگری حکومەتى ئیسرائیل ئاماژەی بەوە دەکات "ئەو رێککەوتنەى لە نێوان ئەسەدو ئێران کراون، تاقیکردنەوەیەکە بۆ وڵاتەکەى". روونیشی کردەوە "تەلئەبیب بە هیچ شێوەیەک رێگە بە ئێران نادات پێگەى سەربازیی لە سووریا (نزیک سنوورى وڵاتەکەى) جێگیر بکات". کاتز کە هاوکات ئەندامی حکومەتى ئاسایشى بچووکى کابینەکەى بینامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانى تەلئەبیبە، گووتى "بەهەموو هێزەکانیانەوە بەرپەرچی ئامانجەکانى ئێران لەسووریا دەدەنەوە".

بەردەوام سوپاى قودس هەڕەشە بووە لەسەر سنوورەکانى ئیسرائیل

بەردەوام سوپاى قودس هەڕەشە بووە لەسەر سنوورەکانى ئیسرائیل

 

جەختى لەوەش کردەوە "ئەگەر هاتوو بەرگرى ئاسمانى دیمەشقیش هەڕەشەیەک بۆ وڵاتەکەى دروست بکات، ئەوا باجێکی گران دەدەن". لەلایەن خۆشیەوە نەتنیاهۆ هۆشداریی ئەوەى داوە کە "تاران گەورەترین هەڕەشەیە بۆ وڵاتەکەى"، بەردەوام داواى کشانەوەى هێزە سەربازی ئەو وڵاتە لەخاکی سووریاش کردووە.

سەرەڕاى ئەوەى خۆى لەقەیرانەکانى سووریا بەدوور گرتووە، بەڵام هێزە سەربازیی و فرۆکەوانییەکانى ئیسرائیل چەندین هێرشى بۆ سەر پێگە سەربازییەکانى حیزبوڵای لوبنانى و هێزی سوپای پاسدارانى ئێران ئەنجام داوە. هەریەک لەویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل داوایان لە رووسیا کردووە "فشارەکانى مۆسکۆ دژى مانەوەى ئێران لە سووریا بە کار  بهێنێت، کە بە شێوەیەکى بەردەوام لە رێگەى میلیشیاکانیەوە پاڵپشتى رژێمەکەى ئەسەد دەکات".

زانیارییە هەواڵگرییەکان ئاشکرای دەکەن، لەسەر ئەو هێزانە ناکۆکیی لە نێوان مۆسکۆ و تاران دروست بووە، بەڵام حکومەتى ئێران هەوڵی داوە "پرسەکە بە شاراوەیی بهێڵێتەوە".