Skip to main content

ژنى سولەیمانى و جەعفەریش گەندەڵ دەرچوون

ژنى سولەیمانى و جەعفەریش گەندەڵ دەرچوون
AvaToday caption
posted onJune 10, 2019
nocomment

 

ئەندامێکى ئەنجومەنى شارەوانى کۆمارى ئیسلامی ئێران ئابرووچوونێکى گەورەى سەرکردەکانى ملشیاکانى سوپای پاسداران ئاشکرا دەکات، کە لەلایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوە چاوپۆشییان لێدەکرێت.

 

مورتەزا وێری، ئەندامى ئەنجومەنى شارەوانى تاران رایگەیاندووە "چەندین کەیسى گەندەڵى ڕەوانەى دەسەڵاتی دادوەرى کراوە کە تایبەتن بە خێزانەکانى قاسم سولەیمانى، فەرماندەى سوپاى قودس و، مەحمەد جەعفەری، فەرماندەى پێشووى سوپای پاسدارانى ئێران". میدیاکان لەسەر زارى وێری بڵاویان کردووەتەوە "دەسەڵاتى دادوەرى ئێران وەڵامى ١٢ کەیسى گەندەڵى ئابوورى گەورە، تایبەت بە خێزانەکانى سولەیمانى وجەعفەرى پشتگوێ خستووە".

سوپای پاسداران، کە ماوەیەک لەمەوپێش لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە، خرایە نێو لیستى رێکخراوە تیرۆریستیەکان، لەنێو خۆی کۆماری ئیسلامیدا، خاوەنی چەندین کۆمپانیاى زلهێزو بازرگانى گەورەیە، کە زۆربەى جومگە ئابوورییەکانى ئەو وڵاتەى بۆ خۆى قۆرخ کردووە.

لەساڵى رابردووش مەحمود ئەحمەدی نەژاد، سەرۆکى پێشووى ئێران سولەیمانى تۆمەتبار کرد بەوەى "دەستى لەکەیسى گەندەڵى مەهدی جیهانگیری، برای ئیسحاق جیهانگیری، جێگرى حەسەن ڕوحانی سەرکۆمارى ئێران هەیە"، کە لەتشرینى یەکەمى ٢٠١٨ وەک تۆمەتبارێکى کەیسى گەندەڵى ناوی هێنرابوون. ئەحمەدی نەژاد ئەو کات باسى لەوە کرد "مەهدی جیهانگیری دواى دەستێوەردانى قاسم سولەیمانى ئازاد کراوە". سەرکۆماری پێشوو تەنها بەوە نەوەستاوە، بەڵکو سوپاى پاسدارانى بەقاچاخبردنى کاڵا لەبەندەرەکانى خۆیان تۆمەتبار کردووەو، کارمەندانى ئەو ملشیایەش بە "برایانى قاچاخچی" ناوزەد کردووە.

هەریەک لەسولەیمانى جەعفەرى، یەکێکن لە کەسایەتیە نزیکەکانى عەلى خامنەیی، رابەرى باڵاى کۆمارى ئیسلامین، لەماوەى رابردووش سولەیمانى خەڵاتى زولفەقاری وەک رێزێک بەرامبەر کارەکانى بەدەست هێناوە و، جەعفەریش لەپۆستەکەى لادراو، چووە پێگە نزیکەکانى خوودی رابەرى باڵا.