Skip to main content

دەستپێکردنی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیە و ترسی ئەردۆغان

دەستپێکردنی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیە و ترسی ئەردۆغان
AvaToday caption
posted onMarch 31, 2019
nocomment

 

خەڵکی تورکیە و باکوری کوردستان ئەوڕۆ چوونە سەر سەندوقەکانی دەنگدان بۆ ئەوەی شارەوانان و ئەندامانی ئەنجومەنی شار و نوێنەری ناوچەکان هەڵبژێرن. لە ئیستانبوڵ و ئانکارا کێبەرکێیەکی تووند لە ئارادایە و شەمشیری دیمۆکلیتیسی قەیرانی ئابووری لەسەر سەری ئەردۆغان ڕاوەستاوە.

 

هەڵبژرادنی شارەوانییەکانی تورکیە ڕۆژی یەکشەممە ١١ خاکەلێوە دەستی پێ کرد. شارۆمەندانی تورکیە و باکوری کوردستان دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان بۆ ئەوەی نوێنەرانی خۆیان هەڵبژێرن، بە پێی نەریتی باو هەڵبژاردنەکان هاوکات لە هەموو شار و پارێزگاکانی تورکیە بەڕێوە دەچێت. کێبەرکێکانی هەڵبژاردن بە هێرشی زارەکی ئەردۆغان بۆ سەر ئۆپۆزۆسیۆنی ئەو وڵاتە دەستی پێ کرد، ناوبراو دژبەرانی خۆی بە دووژمنانی تورکیە و ئیسلام ناوبرد و هەڵبژرادنەکانی وەک پرسێک بۆ مانەوەی نەتەوەیی نێودێر کرد کە لە لایەن دووژمنانی دەرەکییەوە هەڕەشەی لەسەرە.

ئەگەرچی ئەردۆغان لەو هەڵبژاردنانە بۆخۆی پاڵێواراو نییە، بەڵام لە چەندین حەوتوو لەمەوبەرەوە سەردانی زۆربەی شارەکانی ئەو وڵاتەی کردووە و بە کردەوە ئەو هەڵبژاردنانەی کردووەتە کاناڵێک بۆ دەنگهێنانەوە بۆ سیاسەتەکانی خۆی.

هەلبژاردن لە تورکیە

ئەو هەڵبژرادنە لە کاتێکدا بەڕێوە دەچێت کە تورکیە دوای دە ساڵ تووشی قۆناغێک لە هەڵاوسانی ئابووری بووەتەوە. ئاستی هەڵاوسان گەیشتۆتە ٢٠ لەسەد و ڕێژەی بێکاری بۆ ١٣ لەسەد بەرز بووەتەوە. لە بەرەبەری هەڵبژرادنەکان بەرزی و نزمی نرخی دراو بووە هۆی نیگەرانی گەورەی ئانکارا. بایەخی لیرەی تورکیە لە هاوینی ڕابڕدوودا بە هۆی قەیرانێکی دیپلۆماتێک کە لەگەڵ ئەمریکا تووشی بوو، بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزی.

بە تایبەتی لە دوو گەورە شاری ئیستانبول و ئانکارا کێبەرکێیەکای تووند لە ئارادایە. حیزبی کۆنەپاریزی ئاکەپە بینالی یەڵدرم سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئەو وڵاتەی بۆ هەڵبژاردنی ئیستانبول ناردووە. بەرهەڵستی یەڵدرم بۆ بەدەستهێنانی شارەوانی ئیستانبوڵ، پاڵێوراوی ئۆپۆزۆسیۆن ئەکرەم ئیمام ئوغڵویە کە ئێستا شارەوانی یەکێک لە گەڕەکەکانی ئیستانبوڵە. حیزبی داد و گەشەپێدان لەو هەڵبژرادنانەدا لەگەڵ حیزبی نەتەوەخواز تووندئاژۆی "مەهەپە" یەکیان گرتووە و لە لایەکی دیکە حیزبی کەمالیست کۆماریخوازی "جەهەپە" هاوپەیمانییەکی لەگەڵ حیزبی نەتەوەخواز و لائیکی IYI  پێک هێناوە.

پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە وەک نوێنەری کوردەکانی باکووری کوردستان بە ئاشکرا بەشداری هیچ ڕێککەوتنێکی نەکردووە، بەڵام لە چەند گەورە شاری وەک ئیستانبوڵ بە قازانجی بەرەی جەهەپە و حیزبی نەتەوە گەرا لائێک پاڵێوراوی پێشکەش نەکردووە.