کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئەورووپا، ڕۆژی پێنجشەممە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند، یەکیەتییەکە سوپای پاسدارانی ئێرانی وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناساندووە، ئەوەش بەهۆی سەرکوتکردنی توندوتیژانەی خۆپێشاندانە سەرتاسەرییەکانی ئەو وڵاتە.
کالاس ئاماژەی بەوە کرد، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە یەکیەتییەکە بە کۆدەنگی لەسەر ئەو بڕیارە ڕێککەوتوون و گوتی: "هەر ڕژێمێک هەزاران کەس لە گەلی خۆی بکوژێت، کار بۆ ڕووخانی خۆی دەکات."
بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئەورووپا پێشتر گوتبووی: "ئەم بڕیارە سوپای پاسداران دەخاتە هەمان ئاستی ڕێکخراوەکانی قاعیدە، حەماس و داعش." جەختیشی کردەوە: "ئەگەر وەک تیرۆریست ڕەفتار بکەیت، دەبێت وەک تیرۆریستیش مامەڵەت لەگەڵدا بکرێت."
هاوکات لەگەڵ ئەم بڕیارەدا، یەکێتیی ئەورووپا کە لە ٢٧ وڵات پێکهاتووە، سزای بەسەر ١٥ بەرپرسی ئێرانیشدا سەپاند، کە ژمارەیەک فەرماندەی باڵای سوپای پاسدارانیان تێدایە. چالاکوانان دەڵێن لە ئەنجامی سەرکوتکردنی خۆپێشاندانەکاندا، لانیکەم شەش هەزار و ٣٧٣ کەس کوژراون.
پێشتر فەرەنسا دژی ئەوە بوو سوپای پاسداران بخرێتە لیستی تیرۆرەوە، چونکە نیگەران بوو لەوەی مەترسی لەسەر ژیانی ئەو هاووڵاتییە فەرەنسییانە دروست ببێت کە لە ئێران دەستبەسەرن، هەروەها ترسی لە پەککەوتنی نێردە دیپلۆماسییەکانی هەبوو؛ بەڵام دواتر پاریس پشتیوانیی خۆی بۆ بڕیارەکە دەربڕی