Skip to main content

سی ئێن ئێن: تەرمی کوژراوانی خۆپێشاندانەکان لە نەخۆشخانەکانی تاران کەڵەکە بوون

سی ئێن ئێن: تەرمی کوژراوانی خۆپێشاندانەکان لە نەخۆشخانەکانی تاران کەڵەکە بوون
posted onJanuary 11, 2026
nocomment

کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی لە زاری چەند شایەتحاڵێکەوە لە تاران بڵاویکردەوە، بەهۆی تووندیی ڕووبەڕووبوونەوەکانی نێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپێشاندەران، ژمارەیەکی زۆر تەرم لە نەخۆشخانەکانی پایتەخت کەڵەکە بوون و کەرتی تەندروستیی ئەو شارە ڕووبەڕووی قەیران بووەتەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی سی ئێن ئێن، شایەتحاڵان بارودۆخی ناوەندە پزیشکییەکانی تاران وەک "وەسفنەکراو" ناودەبەن و دەڵێن، ژمارەی زۆری بریندار و کوژراوەکانی دوای سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان، گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر نەخۆشخانەکان.

کەناڵەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە بەهۆی پچڕانی هێڵەکانی ئینتەرنێت و ئەو کەشە ئەمنییەی لە ئێراندا هەیە، ناتوانرێت بە شێوەیەکی سەربەخۆ وردەکاریی هەموو ڕاپۆرتەکان پشتڕاست بکرێتەوە، بەڵام جەخت دەکاتەوە کە زانیارییەکان لەگەڵ گێڕانەوەکانی دیکەی تایبەت بە سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران یەکدەگرنەوە.

دۆخی دەستبەسەرگەی کەهریزەک
هاوکات لەگەڵ توندبوونی ناڕەزایەتییەکان، چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوونەتەوە کە تێیدا دەردەکەوێت ژمارەیەکی زۆر تەرم لەسەر زەوی و لەسەر تەختەکان لە دەستبەسەرگەی "کەهریزەک" دانراون.

سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ئەو دیمەنانە هی ڕۆژانی 18 و 19ـی بەفرانبارن و باس لەوە دەکرێت کە تەنیا لەو دوو ڕۆژەدا "سەدان کەس" گیانیان لەدەستداوە. چالاکوانانی مافی مرۆڤ ئەو دیمەنانە وەک "کۆمەڵکوژیی ڕێکخراو" و "تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی" ناو دەبەن و دەڵێن، دەسەڵاتدارانی ئێران پچڕانی ئینتەرنێتیان وەک دەرفەتێک بۆ شاردنەوەی ئاماری ڕاستەقینەی قوربانییەکان بەکارهێناوە.