Skip to main content

لە تاران خوێندکارێکی خەڵکی مەریوان کوژرا؛ دایکی دەڵێت: تەرمی دەیان گەنجی دیکەم لە نەخۆشخانە بینی

لە تاران خوێندکارێکی خەڵکی مەریوان کوژرا؛ دایکی دەڵێت: تەرمی دەیان گەنجی دیکەم لە نەخۆشخانە بینی
posted onJanuary 11, 2026
nocomment

لە ناڕەزایەتییەکانی شاری تاران، کچە خوێندکارێکی تەمەن 23 ساڵی خەڵکی مەریوان بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژرا. کەسوکاری ئەو کچە باس لەوە دەکەن کە لە کاتی وەرگرتنەوەی تەرمەکەیدا، تەرمی "دەیان" گەنجی دیکەیان لە نەخۆشخانە بینیوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ڕۆبینا ئەمینیان کە خوێندکاری بەشی دیزاینی جلوبەرگ بوو لە زانکۆی شەریعەتی تاران، ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە لە نزیک بەشە ناوخۆییەکەی کراوەتە ئامانج. زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە هێزە ئەمنییەکان لە پشتەوە "ڕاستەوخۆ" تەقەیان لە سەری کردووە و بەو هۆیەوە گیانی لەدەستداوە.

دایکی ڕۆبینا دوای چوونی بۆ ئەو نەخۆشخانەیەی کە تەرمی کچەکەی لێ بووە، گوتوویەتی: "تەنیا کچەکەی من نەبوو، بە چاوی خۆم تەرمی دەیان گەنجی دیکەم بینی کە زۆربەیان تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ 22 ساڵدا بوو، فیشەک بەر سەر و ملیان کەوتبوو."

سەبارەت بە ڕێکارەکانی بەخاکسپاردنی، سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە ناوەندە ئەمنییەکان سەرەتا ڕێگرییان لە ڕادەستکردنەوەی تەرمەکە کردووە، بەڵام خێزانەکەی توانیویانە بە نهێنی تەرمەکە لە تارانەوە بۆ کرماشان بگوازنەوە.

هێزە ئەمنییەکان لە کرماشان و مەریوان ڕێگەیان نەداوە ڕێوڕەسمی پرسە و بەخاکسپاردن لە نێو شارەکاندا بەڕێوەبچێت، تەنانەت ڕێگری لە دانانی پرسە لە مزگەوتەکانیش کراوە. بەو هۆیەوە خێزانەکەی ناچار بوون تەرمی ڕۆبینا لە گوندێکی سەربە شاری مەریوان بە خاک بسپێرن.