
ڕۆژی سێشەممە ٢ی بانەمەڕ سەعید دەستگیری ئەندازیاری عومران و شارسازی کە خاوەنی زیاتر لە بیست ساڵ ئەزموون بوو، لە کاتی ئەنجامدانی پڕۆژەیەک لە گوندی ئێرانشای سەقز، بە هۆی ڕووداوی کار و کەوتنە ژێر ئامێری غەڵتەک گیانی لەدەست دا.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە بڵاو کراونەتەوە ناوبراو لە پڕۆژەی قیرتاوکردنی ڕێگای گوندی ئێرانشا تووشی ئەو ڕووداوە بووە و ئەو ئامێری غەڵتەکە کە بەسەر "سەعید دەستگیری"دا کەوتووە و کوشتوویەتی، سەر بە شارەوانیی سەقز بووە.
هەروەها بڵاو کراوەتەوە کە پەیمانکاری پێشووی ئەم پڕۆژەیە بەهۆی نەدانی مووچە و حەقی کاریان، دەستی لەوە پڕۆژەیە هەڵگرتبوو. دوابەدوای ئەوە شارەوانیی سەقز ئامێری غەڵتەکی خۆی بۆ درێژەدان بەو پرۆژەیە ناردبوو و ئەمەش لە کاتێدایە کە بەپێی یاساکانی شارەوانی ڕێگە نادرێ کە کەرەستە و ئامێر و ئۆتۆمبێلی شارەوانی بۆ دەرەوەی شار بنێردرێت.
ئەم ڕووداوە کارەساتبارە جارێکی دیکە پرسی نەبوونی ئەمنییەتی کار و گوێنەدانی دەسەڵاتدارانی بە ئەمنییەت و سڵامەتیی کرێکار و کارمەندانی خستووەتە ڕوو.