
کیمیا شەکیبا و لەیلا زەندی کە تەرمی بێ گیانیان لە ناوچەیەكی شاری سەلاسی باوەجانی سەر بە پارێزگای کرماشان دۆزرایەوە، پێشتر ئەندامی حیزبی کۆمەڵە بوون.
ئەوان ساڵی ڕابردوو لە هەرێمی کوردستانەوە گەڕاونەتەوە ئێران و لەلایەن بەکرێگیراوانی ئیدارەی ئیتلاعاتی تیرۆرەوە دەستگیر كراون.
ئەم دوو کچە گەنجە دوای ماوەیەک ئازاد کراون و دووبارە گەڕاونەوە بۆ هەرێمی کوردستان و پاشان جارێكی دیكە بۆ ئێران گەڕاونەتەوە.
ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بە گیانلەدەستدانی گوماناویی ئەو دوو کچە گەنجە کوردە کردووە و تەرمەکانیان لە یەکێک لە گوندەکانی شاری سەلاسی باوەجانی دۆزراوەتەوە، بەڵام بەدواداچوون و وتووێژی ئاڤاتوودەی لەگەڵ کەسوکاری هەردووکیان دەریدەخات کە هەردوو کچە گەنجەکە لە لایەن بەكرێگیراوانی ڕێژیمەوە ڕفێنراون و کوژراون.
ناسنامەی گیانبەختكردووان بریتین لە "کیمیا شەکیبا" تەمەن ٢٠ ساڵ خەڵکی سەلاسی باوەجانی و "لەیلا زەندی" تەمەن ٢٢ ساڵ خەڵکی سنە.
کەسانێک کە ئاشنایەتییان لەگەڵ ئەو دوو کچە هەبووە، ڕایانگەیاندووە کە کەسایەتییان وا نەبووە کە هەوڵی خۆکوشتنیان دابێت و هەواڵی خۆکوشتن یان کوشتنی نامووسییان هەڵبەستراوە.