Skip to main content

سەمى جیهادى کشاوەرزى بووەتە هۆى کوشتنى مێشهەنگەکانى بۆکان و میاندواو و مەهاباد

سەمى جیهادى کشاوەرزى بووەتە هۆى کوشتنى مێشهەنگەکانى بۆکان و میاندواو و مەهاباد
AvaToday caption
posted onApril 10, 2022
nocomment

بە پێى هەواڵى گەیشتوو بە تۆڕى میدیایی ئاڤاتودەى، ماوەیەکە مێشهەنگوینەکانى شار و ناوچەکانى بۆکان و میاندواو و مەهاباد و شاروێران و زۆرێک لە ناوچەکانى موکریان، بە لێشاو و کۆمەڵ لەنێو دەچن و دەمرن و هەنگدارەکان ئەمە بۆ ئەو سەم و ژەهرە دەگەڕێننەوە بۆ جیهادى کشاوەرزى کە بەسەر جوتیارانی ناوچەکەى دابەش کردووە.

 

دۆخى لەنێوچوونى هەنگەکان هێندە زۆرە کە چیتر بەرپرسەکانى کۆمارى ئیسلامیش ناتوانن بیشارنەوە، بۆیە مەسعود عەبدوڵاهی بەڕێوەبەرى گشتیى تەعاونى مێشدارانى مەهاباد بە ئیرناى گوتووە "بەکارهێنانى سەم و ژەهرى خراپ بۆ سەمپاشى لە زەوییە کشتوکاڵییەکان، زەرەرى داوە زیاتر لە ١٠ هەزار کەنووى مێشهەنگوین لەم شارە و ئەمەش واى کردووە کە ٥٠%ى مێشى مێشدارانى شاروێران کە دەکاتە نزیکەى ١٠ هەزار کەنووى مێشهەنگوین، لەنێو بچن".

هەر لە شارى بۆکانیش دووبارە بە هۆى سەمپاشى کێڵگەکانى یونجە، ٧٥%ى مێشهەنگوینەکانى ئەم شارە لەنێو چوونە. زاهید مسگەرى بەڕێوەبەرى گشتى تەعاونى مێشدارانى بۆکانیش لەم بارەوە بە ئیرناى گوتووە "بە پێى ڕاپۆرتى خاوەن مێشەکانى ناوچە جیاوازەکانى بۆکان، ٧٥%ى مێشى ١٢ هەزار و ٥٠٠ کەنووى شار و ناوچەکە لەنێو چوونە. بۆکان، بە بوونى ١٨ هەزار کەنوو، توانراوە ١١٠ تەن باشترین هەنگوین بەرهەم بهێنرێت".

جیهادى کشاوەرزى ماوەیەکى جۆرە سەمێک دەداتە جوتیاران بەتایبەت بۆ یونجە لە ناوچەکانى مەهاباد و بۆکان و میاندواو و شاروێران کە بووەتە هۆى ئەوەى تا ٣٠٠ کیلۆمەتریش لە هەر کێڵگەیەکى سەمپاشکراو، مێشەکان بکوژێت، ئەمە لە کاتێکدایە کە هەر ساڵى ڕابردوو ئەم کارەساتە ڕووى دایەوە و هەزاران مێش بە هۆى سەمپاشییەوە لەنێو چوون و ئەمەش زەرەر و زیانێکى زۆر لە هاووڵاتیانى مێشدار دا.

مێشهەنگوین زۆر گرنگە لە ژیانى مرڤدا و ٧٠%ى خواردنى مرۆڤ بە شێوەى ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پەیوەندى بەو گەردەپژێنی مێشهەنگوینانەوە هەیە. بەڵام بەداخەوە سەمپاشى بێ بەرنامە و نادروستى جوتیاران، بووەتە هۆى ئەوەى بە پێى جیاوازییەکانى ناوچەکە و شارەکان، ٣٠ بۆ ٨٠% زەرەرى لە هەنگەوانان داوە.

بە پێى قسەى پسپۆڕانى ئەم بوارەش، ئەو سەم و ژەهرەى کە جیهادى کشاوەرزى داویەتە جوتیاران، جۆرەکەى زۆر خراپە و زەرەر و زیانێکى زۆرى لە خەڵک داوە و مێشکەکانیشى لەنێو بردووە، ئەمە لە کاتێکدایە دەکرێت بە گۆڕینى سەمەکە و کاتى سەمپاشییەکە ئەم زەرەرە لە مێشهەنگوینى ناوچەکان و شارەکان نەدرێت.