Skip to main content

داخستنی هەژمارە بانکییەکانی بنەماڵەی کیومەرس لەتیفی لە لایەن ئیتلاعاتەوە

داخستنی هەژمارە بانکییەکانی بنەماڵەی کیومەرس لەتیفی لە لایەن ئیتلاعاتەوە
posted onFebruary 18, 2022
nocomment

بە پێی زانیارییەک کە بە تۆڕی میدیایی ئاڤاتودەی گەیشتووە؛ هەژمارە بانکییەکانی بنەماڵەی "کیومەرس لەتیفی" نزیکەی ٨ مانگە لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە  داخراوە. 

ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بە  گوشارهێنان بۆسەر کیومەرس لەتیفی بەمەبەستی خۆ ڕادەستکردنی، هەژماری بانکی مێللی و مێلەتی ناوبراو و شەش خۆشکەکەی بە ناوەکانی"ئارەزوو لەتیفی، هەتاو لەتیفی، سەعات لەتیفی، حەیات لەتیفی، ئامینە و سوسەن لەتیفی" بۆ نزیکی هەشت مانگە داخستووە و پارەی هەژمارەکانی بلۆک کردووە؛ پارەی هەژمارەکان زیاتر لە هەششەد میلیون تمەن خەمڵێنراوە. 

سەرەتای هاوین پاش دەستبەسەرکرانی "ئیبراهیم تاریمورادی" خاڵۆزای "کیومەرس لەتیفی" و هەڕەشە و مەترسی ئیدارەی ئیتلاعات لەم چالاکە سیاسییە، کیومەرس لەتیفی ناچار دەبێت خۆی حەشار بدات و نزیکی شەش مانگ بە نهێنی بژیت. 


لە ماوەی هەشت مانگ  گەڕان بۆ گرتنی کیومەرس لەتیفی ٣جار هێرشیان بردووەتە سەر ماڵی "سوسەن لەتیفی" و  ٢جاریش ماڵی "مەهتاب لەتیفی" ان پشکنیوە و جارێکیش مالی "ئارەزوو لەتیفی" و لەم ماوەشدا لە ژێر چاودێری و هەڕەشەی توندی ئیدارەی ئیتلاعات بوون و داوای هاوکاریان لێکراوە کە شوێنی حەشاردنەوەی براکەیان ئاشکرا بکەن و زانیارییەکان بدرکێنن.
 
هەروەتر پەیوەندییەکانی ئەو بنەماڵەیە چاودێری کراوە و تەنانەت هەڕەشەی ئەوەیان لێکراوە نابێت لەگەڵ" فەرید لەتیفی" برازایان کە پەنابەری سیاسی لە وڵاتی ئەڵمانیایە پەیوەندیان هەبێت چونکە ناوبراو دوژمنی ئینقلابە و لە سەر  کتێبی"کورتەیەک لە دیرۆکی ورمێ" بە قەڵەمی فەرید لەتیفی لێپێچینەوەیان لێ کراوە و پرسیویانە ئێوە هاوڕان لەگەڵ چەمکی ئەم کتێبە؟ 

کیومەرس لەتیفی چالاکی مەدەنی و ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی مەولەوی لە شاری سنەیە کە لە بواری زمانی کوردی چالاکی هەبووە و ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٦ی ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری سنە دەستبەسەر کرا و بۆ یەکێک لە گرتنگە ئیتلاعاتییەکانی شاری سنە ڕاگوێزرا. 

ئێوارەی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٧ی ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی، مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بە چەند ئۆتۆمبێلێک هەڵیانکوتایە سەر ماڵی کیومەرس لەتیفی و ماڵەکەیان پشکنیوە و لەم هێرشەدا پەلاماری ئارەزوو لەتیفی دراوە و ناوبراو بە هۆی توندوتیژی هێزەکانی ئیتلاعاتەوە لە هۆش دەچێت و دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانەی "تەوحیدی" سنە. 

کیومەرس لەتیفی لە مافی"دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" و "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەی" بێبەری کراوە و تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە لە تۆمەتە پاڵخراوەکانیی ئەم هاووڵاتییە زانیارییەک لە دەستدا نییە.