Skip to main content

کۆمارى ئیسلامی عێراق بەرەو تۆنێلێکى تاریک پاڵ پێوە دەنێت

کۆمارى ئیسلامی عێراق بەرەو تۆنێلێکى تاریک پاڵ پێوە دەنێت
AvaToday caption
posted onJanuary 28, 2022
nocomment

لە دوایین پێشهاتە سیاسییەکانى عێراق، گرووپە شیعەکانى نزیک لەکۆماری ئیسلامی ئێران هەڕەشەى بایکۆتکردنى پرۆسەى سیاسیی و، پەکخستنى هەڵبژاردنى سەرۆککۆمارى وڵات دەکەن، گەر هاتوو رێبەرى ڕەوتى سەدر، سوور بێت لەهەڵوێستەکانى.

 

ئەو گرووپە سیاسییەى کە لەلایەن رژێمى ئێرانەوە ڕاستەوخۆ پاڵپشتى دەکرێت، لەدوایین هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەى عێراق تووشى گەورەترین دۆڕان بوون و، ئێستاش دەیانەوێت سەرەڕاى دۆڕاندنیان زۆربەى کورسییەکانى ئەنجومەنى نوێنەران بێبەش نەکرێن لە پۆستە باڵاکانى حکومەتى نوێ، بەڵام موقتەدا سەدر، رێبەرى ڕەوتى سەدر، کە فراکسیۆنەکەى براوەى یەکەمى هەڵبژاردنەکانە، سوورە لەوەى حکومەتێکی زۆرینەى نیشتیمانى وەک خۆى وەسفی دەکات پێک بهێنیت.

لەسەروبەندی دانیشتن و کۆبوونەوە هاوبەشەکانیشدا، بەفشارى ئێران و حیزبوڵای لوبنانى، سەدر ئامادە بووە پشک بە گرووپە نزیکەکانى تاران بدات، بەو مەرجەى نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانى پێشووتر و سەرۆکى فراکسیۆنى دەوڵەتى یاسا لەو گرووپە دوور بخرێتەوە، بەڵام هاوپەیمانى هەماهەنگی شیعەکان دژى ئەو هەڵوێستەى سەدر بوون و پێیان وایە "دوورخستنەوەو پەراوێزخستن"، ناچاریان دەکات بەرەو بژاردەى ئۆپۆزسیۆن بوون و بایکۆتکردنى پرۆسەى سیاسیی هەنگاو بنێن.

ئەمەش لەکاتێکدایە لە دوایین کۆبوونەوەى ناوخۆیی ئەو گرووپە، بۆ تاوتوێکردنى دوایین پێشهاتەکان، سووربوونى خۆیان لەبەشداریکردنى هەموو پێکهاتەى نێو گرووپەکەی خۆیان کردووە، لە نێویاندا رێبەرى فراکسیۆنى دەوڵەتى یاسا، کە ژمارەیەکى بەرچاوی کورسیی هێناوە و، کۆڵکەى سەرەکی ئەو هاوپەیمانیەشە.

لە چەند هەفتەى رابردوو، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەى سوپاى قودس، بەنهێنى سەردانى بەغدای کردو، لەگەڵ سەرجەم لایەنە شیعەکان بەبێ سەدر، کەئامادە نەبوو لەگەڵیدا کۆببێتەوە، دانیشتووەو، تاوتوێی پرۆسەى سیاسیی کرد، بەڵام ئەو فەرماندەییەى تاران بەبێ هیچ دەستکەوێت گەڕایەوە وڵاتەکەى خۆی.

لەدواى ئەویش مەحمەد کەوسەرانى، بەرپرسى کەیسى عێراق لەنێو حزبوڵلای لوبنانی ئەویش بەهەمان شێوە گەیشتە بەغداو نەجەف، لەگەڵ سەدرو نەیارانى کۆبوویەوە، بەڵام ئەو پێشنیاری ئەوەى کرد، بۆ گەیشتن بەرێکەوتنێکى مامناوەند دەبێ دەست لەمالیکی هەڵبگرن، بۆ ئەوەى بتوانن پشکیان لەحکومەتى نوێ دەستبکەوێت.

موفتەدا سەدر

بۆ ئەو پرسەش بەبێ مالیکی ئەو گرووپە شیعەیە هیچ هاوسەنگییەکى بەرچاویان بۆ نامێنێتەوە، ئەوکات ژمارەى کورسییەکانیان تا نیوە کەم دەبێتەوە، بەتایبەت لەوەى سەرۆک وەزیرانى پێشووتر تاوەکو ئێستاش خاوەن دەسەڵات و پارەى سیاسییە.

ئەوانەى لەو گرووپە ئەندامن بریتین لە "نوری مالیکی، رێبەرى فراکسیۆنى دەوڵەتى یاسا، هادی عامری، سەرۆکى هاوپەیمانى فەتح، حەیدەر عەبادی، سەرۆکى فراکسیۆنى نەسڕ، عەممار حەکیم، رێبەرى هاوپەیمانى هێزی دەوڵەت، فالح فەیاز، سەرۆکى بزوتنەوەى عەتا، هەمام حەمودی، سەرۆکى ئەنجومەنى باڵاى ئیسلامی، جگە لەچەندین کەسایەتى دیکەى شیعە".

لەبەرامبەریشدا سەدر هاوپەیمانى لەگەڵ مەحمەد حەلبوسی، سەرۆکى پەرلەمان و، خەمیس خەنجەر، رێبەرى سوننەکان و، مەسعود بارزانى، سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان کردووە، بۆ ئەوەى حکومەتى نوێی بەغدا پێکبهێنن. سەدر بە روونى دووپاتی کردززوتەوە کە "ئامادە نییە مالیکی لە هیچ پۆستێکى حکومەتى داهاتوو بەشدار بێت"، ئەو پێشنیارەشى دووربارە خستۆتەوە بەردەم هێزە شیعەکان، بەڵام ئەوان ڕەتیان کردووەتەوە، لە وەڵامیشدا پێی گووتن "ئارەزووی خۆتانە".

مەترسیی ئەوە دەکرێت لەقۆناغی داهاتوو ئەگەر بەم شێوەیەى ئێستا بەردەوام بێت، عێراق بەرەو تۆنێلێکی نادیار هەنگاو بنێت و، گرووپە شیعەکان بتوانن چەندین لایەنى سیاسیی بۆ ریزى خۆیان ڕاکێشن، بەتایبەت لەپرسی هەڵبژاردنى سەرۆککۆمار، کەپێویستى بەدەنگی دوو لەسەر سێی پەرلەمانتاران هەیە. گرووپى هەماهەنگی جەختیان لەوە کردۆتەوە، ئەوان لەداهاتوو ئەو پرۆسەیە یەکلایی دەکەنەوە.

ئەوەى ئێستا چاودێریی دەکرێت، ئەوەیە پارتى دیموکراتى کوردستان، بەبێ گەڕانەوە بۆ هاوپەیمانە تەقلیدییەکەى کەیەکێتى نیشتیمانى کوردستانە، کاندیدی بۆ پۆستى سەرۆک کۆمار دیاریی کردووەو، دەیەوێت ئەمجارە ئەو پۆستە بۆ خۆی ببات، کە لەپاش ٢٠٠٥ ـەوە لەلایەن لایەنى دووهەمەوە بەرێوەدەبرێت.

لەبەرامبەریشدا یەکێتى پێی وایە پارتى، دەیەوێت لەبەغدا پەراوێزی بخات و، سەرجەم پۆستەکان بەبیانووی زۆرینەى سیاسیی بۆ خۆی ببات.

پێشبینى ئەوە کراوە " ئەگەر پارتى بەردەوام بێت، لەو هەنگاوەى و، بیەوێت بەبێ ڕەچاو کردنى یەکێتى لەبەدەستهێنانى پۆستى سەرۆککۆمار، گرووپە هەماهەنگی پاڵپشتى یەکێتى بکات و، رێگرى لەپارتى بگرن کاندیدەکەى سەربکەوێت".

لەپاڵ یەکێتى ئەگەری ئەوە هەیە نەوەى نوێ و چەند پارتێکى دیکەى کوردیش پاڵپشتى لەکاندیدەکەى یەکێتى بکەن، کەئەویش برهەم ساڵحە لەبەرامبەر هۆشیار زێباری، کە لەلایەن پارتیەوە دیاریی کراوە.

بۆیە ئەوەى چاوەڕوان دەکرێت لەکۆى ٣٢٩ پەرلەمانتار، ٧٥ پەرلەمانتاری گرووپی هەماهەنگی بایکۆتى دانیشتنەکانى هەڵبژاردنى سەرۆککۆمار بکەن، ئەگەر سەرکەوتوو بن لەرازی کردنى ٢٩ پەرلەمانتاری دیکە، لەنێو فراکسیۆن و سەربەخۆییەکان، ئەوان ئەنجومەنى نوێنەران تواناى کۆکردنەوەى دوو لەسەر سێی نابێت بۆ هەڵبژاردنى سەرۆککۆمار.