دوێنێ هێرش کرایە سەر ماڵی مستەفا کازمى سەرۆکوەزیرانی عێراق و چاودێرانى سیاسى و ئەمنیش شێوازى هێرشەکە دەگەڕێننەوە بۆ سەر ئەو ڕێگە و شێوازەى کە میلیشیاکانى سەر بە کۆمارى ئیسلامى لە ڕۆژهەڵاتى نێوەڕاست بەکارى دەهێنن، کە وڵاتانى ئەوروپاش هاتنە نێو دەستەى لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە، ئەمڕۆ فەرماندەی سوپای تیرۆریستى قودس گەیشتە بەغدا و لەگەڵ کازمى کۆ بووەوە و بڕیارە هەموو میلیشیا شێعەکانیش کۆ بکاتەوە.
هاتنى ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی سوپای تیرۆریستى قودس بۆ دوو مەبەستى سەرەکییە:
یەکەم: پەردەپۆشکردنى هێرشەکەى سەر ماڵى کازمى و بەلاڕێدابردنى ئەو ڕوانگە و گومانانەى کە هێرشەکە بە پلانى کۆمارى ئیسلامى و بە دەستى میلیشیاکانى لە عێراق و بە درۆنەکانى سوپاى تیرۆریستى پاسداران ئەنجام دراوە.
دووەم: بۆ گەیاندنى پەیامێک بە کازمى و هەموو عێراق کە "بەهیچ شێوەیەک ناتوانرێت لە سیاسەت و دەسەڵاتداریەتى عێراقدا نە کۆمارى ئیسلامى و نە میلیشیاکانى فەرامۆش بکرێن".
لە پاڵ ئەم دوو پەیامەیشدا بڕیارە قائانى هەموو سەرۆکى میلیشیاکانى خۆى کۆ بکاتەوە بۆ ئەوەى ئەو ناکۆکى و کێشانەى کە کەوتووەتە ناویانەوە، چارەسەر بکات و ڕێکیان بخاتەوە تا نەچنە پاڵ هێزە براوەکانى دیکەى هەڵبژاردنەکانەوە و حکومەت و دەسەڵات لە دەستى کۆمارى ئیسلامى لە عێراق دەربچێت!