Skip to main content

بکوژانى فەرماندەکەى حدک حوکمى لەسێدارەدانیان بۆ دەرچوو

بکوژانى فەرماندەکەى حدک حوکمى لەسێدارەدانیان بۆ دەرچوو
AvaToday caption
posted onAugust 3, 2021
nocomment

لقی دووى دادگای تاوان لە هەولێر دوای زیاتر لە دوو ساڵ تاتوێ و بەدواداچوون بۆ کەیسى تێرۆری شەهید قادر قادری فەرماندەی حیزبی دیموکراتی کوردستان، حوکمى بۆ تاوانباران دەرکرد کە سێ کەسیان سزاى لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە و دوو کەسی دیکەشیان سزای پێنج ساڵ زیندانیان بۆ بڕایەوە.

 

حدک لەم بارەوە بەیاننامەیەکى بڵاو کردەوە کە تیایدا هاتووە:

حیزبی دێموکرات هیوادارە ئەم حوکمە ببێتە خاڵێکی وەرچەرخان لە هەڵدانەوە و وەگەڕخستنەوەی تێرۆری تێکۆشەرانی سیاسیی دیکەش کە بەهۆی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە هەرێمی کوردستان تیرۆر کراون. هەروەها ئەم بڕیارە ببێتە هۆی وەستاندن و بەرگرتن بە بەردەوامیی هەوڵە تێرۆریستییەکانی ڕیژیم لەدژی تێکۆشەرانی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم حوکمە و سزادانی تاوانباران هەم بووە هۆی سیبووریی دڵی بنەماڵەی شەهید قادر و، هەمیش پارێزراونەبوونی تاوانباران لە سزای کردەوەکانیان دەبێتە هۆی وریاکردنەوە بۆوەی چیدی کەسانێک لە ڕووی نائاگایی و لەبەر تەماح و وادە و بەڵێن نەکەونە داوی پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی.

 بەپێی بەدواداچوونەوەکانی دادگای لێکۆڵینەوە و دانپێدانانی تاوانبارانی پەروەندەکە و هەروەها هەبوونی بەڵگەی تەواو و حاشاهەڵنەگری دیکە، بڕیاری تێرۆری شەهید قادر قادری لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەدیاریکراوی سپای پاسدارانەوە دراوە و جێبەجێ‌کردنەکەی بە تیمی تێرۆر سپێردراوە.  لەم سۆنگەیەوە چاوەڕوانیی بەرحەقی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئەوەیە تاوانبارانی پەروەندەی تێرۆری شەهید قادر قادری نەک بەپێی ماددەی ٤٠٦ ـی یاسای سزادانی عێراق، بەڵکوو بەپێی یاسای سزادان لە بابەت تاوانەکانی تێرۆرەوە سزا بدرێن و بەئاشکرا و بەڕەسمی نەخشی کۆماری ئیسلامی لە کردەوە تێرۆریستییەکانی چەند دەیەی ڕابردووی لە هەرێمی کوردستان ئاشکرا بکرێن.

 ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەموو ماوەی تەمەنیدا تێرۆری بە چەکێکی پێویست و گرینگ بۆ حەزف و لەنێوبردنی نەیارانی خۆی زانیوە. تێرۆریزمی دەوڵەتیی ڕێژیمی ئیسلامی کە هیچ سنوور و جوغرافیاییەکی نەناسیوە، زۆرترین زەبری بەر بزووتنەوەی کورد کەوتووە، بە جۆرێک کە لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا پتر لە ٤١٥ کەس لە ئەندامان و تێکۆشەرانی ئۆپۆزیسیونی کوردی داوه‌ته‌ به‌ر په‌لاماری تێرۆریستی کە حیزبی دێموکرات بە زیاتر لە ٣٥٠ تێرۆر کە بەشی هەرە زۆریان لە خاکی هەرێمی کوردستان‌دا کراون، ئامانجی سەرەکیی ئەو ڕێژیمە بۆ زەبروەشاندن بووە.