ڕۆژانە لاوانی گەڕەکەکانی مەریوان بە بەردەوامی کۆمیتەی بەرەنگاربوونەوەی کۆڕۆنا پێکدێنن و ئەرکی خاوێن کردنەوە و دژەگەن کردنی کۆڵان و گەڕەکی خۆیان بۆخۆیان دەگرنە ئەستۆ.
لە مۆدێڵی مەریواندا پێویست بەوە ناکات خەڵکێک لەو سەری شارەوە بێ و لە گەڕەکێکی ئەوسەرتری شار کار بکات. ڕەنگە کەسێک لەوێوە تووشبووبێ و هاتنی بۆ گەڕەکێکی دیکە مەترسی لەسەر دەیان و سەدان کەس درووست بکات.
لە مەریوان ڕۆژانە و بە بەردەوامی یان چەند ڕۆژ جارێک گەڕەکان دژەعفونی دەکرێن . لەم شێوازەدا هێز و سەرمایەی ئینسانی زۆرە و بەشی ئەوە دەکات ڕۆژانە و یان ڕۆژ ناو ڕۆژێک گەڕەکەکەیان خاوێن بکەنەوە بە تایبەت کە ئێستا لە وەرزی بارانداین و باران زۆرجار هەڵمەتی دژەگەنکردنەکان بێ کاریگەر دەکاتەوە.
هاتووچۆی کەمتری دەوێ کە مەرجی سەرکەوتنی قەرەنتینەیە.
تێچووی مادی کەمتری دەوێ ئەویش لە کاتێکدا کە تێچووی هەڵمەتەکان لەسەر شانی چالاکان و پارێزەرانی ژیانە.
بەستێنێکی هەموارترهەیە بۆ بەشداری ژنان لە هەڵمەت و کۆمیتەکاندا.
تاقیکاریەکی سەرکەوتوو دەبێ بۆ خەباتی گەورەتر .
هەستی بەرپرسایەتی بەرابەر تەندرووستی و ژیانی کۆمەڵگە تەنیا لەسەر شانی گرووپ یان چەند کەسێک قەتیس نابێ و هەموو کۆمەڵگە لە کێشەکانی خۆی بە خاوەن دەردەکەوێت.
دیسپیلینی کاری دەچێتە سەر و بێ نەزمی و ئالۆزی درووست نابێت. ئەوەی هاوکاری چینیەکان بوو بۆ کۆنترۆڵی بڵاوبوونەوەی ڤایروسی کۆڕۆنا پێش لە هەبوونی ئامرازی پزیشکی بەهێز و دەرمانی باش ئەوە پڕەنسیپی کاری بوو. پرەنسیپی کاری و هێزی ڕێکخستن و مودیریەتی بەهێز ڕەمزی سەرکەوتنی هەڵمەتەکانمان دەبێت.
بە بنەماگرتنی مەریوان ئۆلگوی ڕەفتاری مەدەنی هاوبەشمان بۆ درووست دەبێت و دالێکی ناوەندیمان دەبێت. ئولگویەک کە پێشتر لە تاران و کەرەج و ئیسفەهان تاقی نەکراوەتەوە و برەندێکی کوردانەیە. ئولگوی ڕەفتاری بەکۆمەڵمان دەبێ و ئەوە ئەمرێک دەبێ لە خزمەت بەهێزبوونی وەحدەتی دەروونی کارئەکتەری نەتەوەیی و نیشتیمانیماندا.
لەبیرتان نەچێت لە مەریوان کەس یان چەند کەسێک نابنە قارەمان و خەڵکەکەی دیکە چەپڵەیان بۆ لێدات. لەوێ هەموویان ڕەمزی قارەمانین و قارەمان شعوری و هزری بەکۆمەڵی مەریوانە نەک چەند کەس و گرووپی ئەو شارە.