بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

دیاردەى تەڵاق و هەڵوەشانەوەى بنەماڵەى ئێرانى!

ئاساییبوونەوەى تەڵاق لە ئێران
ڕێژەی تەڵاق و جیایی ژن و پیاوان لە ساڵی ٩٦،  ٢٩% لە چاو سالی ٩٥ زیادی کردووە
posted onOctober 20, 2018
noبۆچوون

 

جێگری کاروباریی لاوان لە وەزارەتی وەرزش و لاوانی ئێران، ئەوڕۆ لە چاوپێکەوتنێک لە گەڵ ئیلنا باسى لەوە کردووە کە "جیابوونەوەی ژن و پیاو چیتر بە عەیبە چاو لێناکرێت".

 

محەمەد مێهدی توندگویان لە بەشێکی قسەکانی ئاماژەی بە چوونەسەرێی تەمەنی پێکهێنانی ژیانی هاوبەش کردووە و دەڵێ "تەمەنی پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لە کوڕاندا نێونجێکەی ٣١ ساڵ و لە کچانیش ٢٨ ساڵە".

ئەم جێگرە، ئاماژەکردن بەوەی ڕێژەی جیابوونەوە لە نێو بنەماڵەکانی ئێران زیاترى کردووە، دەڵێ "٦٠% ئەو ژن و پیاوانەی لێک جیابوونەتەوە، کەمتر لە ٥ ساڵ پێکەوە بوون و ١٠%ى دیکەی تێکچوونی شیرازەی بنەماڵەکان لە ساڵی یەکەمی ژیاندایە".

 

ڕێکخڕاوی تۆمارى بارى کەسى (ثبت احوال)ـى ئێران بە بڵاوکردنەوەی ئاماری ساڵی ٩٦، ئەو ڕاستییەی دەرخستبوو کە ڕێژەی پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لەو ساڵەدا بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٩٥، ٨٠% کەمی کردووە و لە بەرامبەردا ڕێژەی جیابونەوەکان سنووری ١٧٥هەزارى لە ساڵدا بڕیوە کە زۆرترین ئامارە لە مێژووی ئەو وڵاتە. ڕێژەی تەڵاق و جیایی ژن و پیاوان لە ساڵی ٩٦،  ٢٩% لە چاو سالی ٩٥ زیادی کردووە .

 

تووشبوون بە مادەی هۆشبەر، هەژاری، خیانەت، ناڕەزایی سێکسی و چوونە سەری ئاستی چاوەڕوانییەکان، بە گرینگترین هۆکارەکانی چوونە سەری ڕیژەی جیابوونەوە هەژمار دەکرێن کە لە نێو ئەو هۆکارانەشدا هەژاری پلەی یەکەمی هەیە.