بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

مانگرتنى دوو ڕۆژەى مامۆستایان سەرکەوتوو بوو

مانگرتنى دوو ڕۆژەى مامۆستایان سەرکەوتوو بوو
وردەکارى دوو ڕۆژى مانگرتنى سەراسەرى مامۆستایان
posted onOctober 15, 2018
noبۆچوون


ماوەیەکە مانگرتن بووەتە نەریتى خەڵک لە نێو ئێرانى بن دەسەڵاتى کۆمارى ئیسلامى و هەر ئەمەیش واى کردووە \ڕێژیم بترسێت لەو جووڵە مەدەنییە ناڕەزایەتخوازانەیە.

 

سێ مانگرتن لە مانگێکدا:

لەم مانگەدا سێ توێژ دەستیان بە مانگرتن کرد کە یەکەمیان کامیۆنداران (شۆفێرانى ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان) بوون و دواتر جووتیاران و ئەم دوو ڕۆژەش مامۆستایان دەستیان کرد بە مانگرتنێکى سەراسەرى لە ئێران کە تەنیا لە لایەن کاناڵ و تۆڕە کۆمەڵایەتی و میدیاکانى دەرەوەى ئێران کارى لەسەر کرا و ڕاگەیاندنەکانى نێوخۆ بێدەنگى و سانسۆڕیان بەرامبەر بەو جووڵە مەدەنییە نواند. مانگرتنى مامۆستایان دژى گرانى و هەڵاوسانى ئابوورى و گەندەڵى، ڕۆژى یەکشەممە و دوو شەممەى ئەم حەفتەیە لە سەرتاسەرى ئێران دەستى پێ کرد و زیاتر لە ٢٥٠ شار و شارەدێى ئێرانى گرتەوە. مامۆستایانى قوتابخانەکان بە نووسینى درووشم و نێوى قوتابخانەکانیان و ڕێکەوتى مانگرتنەکانیان دەستیان بە بڵاوکردنەوەى وێنەى مانگرتنەکەیان کرد.

لە ڤیدیویەک کە بە دەست ئاڤاتودی گەیشتووە مامۆستایەکی شاری مەشهەد باس لە ڕەوشی خراپی سیستەمی پەروەردەی ئێران دەکات و دەڵێت "ئێستا ٩٨%ى بوودجەی پەروەردە لە ئێران سەرفی مووچەی مامۆستایان دەکرێت، بە واتایەکی دیکە هیچ پارەیەک سەرفی بەرەوپێشبردنی سیستەمی پەروەردە ناکرێت. ئەگەر دە ساڵ پێش پارەی قوتابخانەیەک ١٠٠ میلیون بووە ئێستا ناگاتە سێ میلیونیش".

ئەو مامۆستایە لە درێژەی قسەکانیدا باسى لەوە کرد کە "لەم بارودۆخەی ئێستا هەم مامۆستا لە وانەگوتنەوە بێزارە و هەم قۆتابیانیش حەزیان لە خوێندن نییە. ئەم بارودۆخە دەبێت لە ڕیشەوە بگۆڕدرێت ئەوێش دەبێت بەڕێوەبردن و پلاندانان و چاودێری سیستەمی پەروەردە لە دەست خودی مامۆستاکان بێت".

مانگرتنى کامیۆنداران بەشێک لە ئابوورى کۆمارى ئیسلامییان فەلەج کردووە!

مانگرتنى کامیۆنداران بەشێک لە ئابوورى کۆمارى ئیسلامییان فەلەج کردووە!

 

ئاڤاتودەى و مانگرتنى سەراسەرى:

تۆڕى میدیایی ئاڤاتودى زۆر بە وردى و هەر لە سەرەتاوە دەستى بە کار کرد بە مەبەستى دروستکردنى ئەم مانگرتنە و ئەوە بوو کە حەفتەیەک پێش دەستپێکردنى مانگرتنى سەراسەرى لە هەواڵ و بەرنامە ڕاستەوخۆکانیدا باسى مانگرتنى مامۆستایانى کرد کە دەبێتە پاڵەپەستۆیەکى گەورە لەسەر کۆمارى ئیسلامى ئێران.

مامۆستایەک لە شارى سنەوە بە ئاڤاتودەى گوت "پێویست بوو زووتر ئەم هەنگاوە هەڵێنرابایەوە، بەڵام ئێستاش درەنگ نەبووە و سوپاس بۆ ئاڤاتودەى کە لەگەڵ خەڵکیدایە و کارى هۆشیارى دەکات"، بەڕێوەبەرى قوتابخانەیەکى شارى کرماشان باسى لەوە کرد کە "ئەوە کاناڵە تێلێگرامى و ئەنیستاگرامییەکانى دەرەوەى وڵات بوون کە وایان لە مامۆستایان کرد مان بگرن و بەم شێوەیە سەراسەرى ببێت".

پۆستەرى ئاڤاتودەى بۆ مانگرتنى سەراسەرى مامۆستایان لە ئێران

پۆستەرى ئاڤاتودەى بۆ مانگرتنى سەراسەرى مامۆستایان لە ئێران

 

بێدەنگى بەرپرسان:

بەشێک لە درووشمى مامۆستایانى مانگرتوو دژى بەرپرسانى گەندەڵ و درۆى بەرپرسان بوو لە چارەسەرکردنى کێشەى مامۆستایان، لەگەڵ ئەوەیشدا لە بەرپرسانى کۆمارى ئیسلامى کە تا ئێستا قسەیان لەسەر مانگرتنى مامۆستایان کردبێت، تەنیا محەمەد مەهدى زاهیدى سەرۆکى کۆمسیۆنى پەروەردە و پێداچوونەوە لە پەرلەمان قسەى کرد، کە ئەویش لە وەڵامى پرسیارى ڕۆژنامەنووسێکدا سەبارەت بە مانگرتنەکە گوتبووى "ئاگادارى مانگرتنى مامۆستایان نیم!"

 

محەمەد مەهدى زاهیدى سەرۆکى کۆمسیۆنى پەروەردە و پێداچوونەوە لە پەرلەمان

محەمەد مەهدى زاهیدى سەرۆکى کۆمسیۆنى پەروەردە و پێداچوونەوە لە پەرلەمان

 

گرتنى مامۆستا چالاکەکان:

دوو ڕۆژ پێش و لە کاتى ڕاگەیاندنى کاناڵەکانى دەرەوەى ئێران بۆ مانگرتنى سەراسەى، کۆمارى ئیسلامى دەستى بە گرتنى چالاکانى مامۆستا لە نێوخۆى وڵات کرد کە لە نێو کاناڵە سنفییەکان و مامۆستاکاندا چالاکن.

عەبدولڕەزاق قەنبەرى، مامۆستا و شاعیر و وەرگێڕ و ڕەخنەگرى ئەدەبی، نیوەڕۆى شەممە ٢١ى ڕەزبەر لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەست بەسەر کراوە و ئەمڕۆ دووشەممە محەمەد ڕەمەزانزادە بەرپرسى ئەنجوومەنى هەماهەنگى پێکهاتە سنفییەکانى ئێران لە بجنورد دەستبەسەر کرا. ڕەمەزانزادە هەر بە دەستبەسەرکردنى دەستى دایە مانگرتن لە خواردن. ئەنجوومەنى سنفى مامۆستایانى خوراسانى باکور کە ڕەمەزانزادە بەرپرسى ئەم پێکهاتەیەیە، کاناڵەکەى لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستى بەسەردا گیراوە و تەنانەت تێلێگرامى ڕەمەزانزادە لە دەستى هێزە ئەمنییەکاندایە، بۆیە هەر پەیامێکى بۆ بنێردرێت ئەوا هێزە ئەمنییەکان بەدواداچوونى بۆ دەکەن.

ئەنجوومەنى هەماهەنگى پێشتر سەبارەت بە شێوازى ڕووبەڕووبوونەوەى پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ ئەندامەکانیان و مامۆستایان هۆشدارییان دابوو.

عەبدولڕەزاق قەنبەرى و محەمەد ڕەمەزانزادە لە دوو گیراوەکانى ئەم دوو ڕۆژەن

عەبدولڕەزاق قەنبەرى و محەمەد ڕەمەزانزادە لە دوو گیراوەکانى ئەم دوو ڕۆژەن

 

درووشم و خواستەکانى مامۆستایان:

لەم دوو ڕۆژەى مانگرتنى مامۆستایان کە ڕۆژى یەکشەممە و دووشەممە بوو، مامۆستایان نەچوونەوە ماڵەکانى خۆیان، بەڵکو لە نێو باڵەخانەى قوتابخانەکان مانەوە و تەنانەت زۆرێک لە مامۆستاکان لە نێو حەسارى قوتابخانەکان و لە نێو پۆلەکان کەوتنە باسکردنى هۆکارى مانگرتنى سەراسەرى مامۆستایان و هەر ئەمەیش بوو کە وێنەیەکى زۆرێک لە پۆلەکان و تەختە ڕەشەکانیان بڵاو کرایەوە کە درووشمەکانى مامۆستایانى لەسەر نووسرابوو، وەک:

▫️  پەروەردە پێویستە بەخۆڕایی بێت بۆ هەمووان

▫️  دادپەروەرى لە پەروەردە و فێکردن

▫️  دابینکردنى بژێوى مامۆستایان و پێڕاگەیشتنیان

▫️  ڕێکخستنەوە و دادپەروەرى لە دابەشکردنى مامۆستایان

▫️  ئازادکردنى مامۆستایانى زیندانى

پەروەردە پێویستە بەخۆڕایی بێت بۆ هەمووان

پەروەردە پێویستە بەخۆڕایی بێت بۆ هەمووان

 

کێ لەگەڵ مامۆستایان کەوت:

هەرچەندە مانگرتنەکە تەنیا مامۆستایان بە تەنیا نەبوون، بەڵکو زۆرێک لە قوتابیانى قوتابخانە مانگرتووەکان بەشدارییان کرد لە مانگرتنى مامۆستایان و لە بەرژەوەندى مامۆستاکانیان درووشم و خواستەکانیان بەرز کردەوە و لە گەڵ مامۆستاکانیان کەوتنە وێنەگرتن بۆ بەربڵاوترکردنى مانگرتنەکە. لە تاران و سنە و کرماشانیش زۆرێک لە خوێندکارانى زانکۆکان لەگەڵ مامۆستایانى مانگرتوو کەوتن و درووشمى یەکگرتن و لەگەڵکەوتنیان بەرز کردەوە. لە زۆربەی شارەکانی ئێران قوتابیان بە هەڵگڕتنی نووسراوەی پشتیوانی وەک "بێ دەنگی بەهێزترین هاوارە و ئێمە پشتیوانی مامۆستاکانمانین"  پاڵپشتی خۆیان بۆ مانگرتنی مامۆستاکانیان دەربڕی.

قوتابیان و فەرهەنگیان لەگەڵ مامۆستایان کەوتن

قوتابیان و فەرهەنگیان لەگەڵ مامۆستایان کەوتن

خوێندکارانى زانکۆکان لەگەڵ مانگرتنى مامۆستایان کەوتن

خوێندکارانى زانکۆکان لەگەڵ مانگرتنى مامۆستایان کەوتن

 

مانگرتنى مامۆستایانى ڕۆژهەڵات:

لە دوو ڕۆژى یەک لە دواى یەکى مانگرتنى مامۆستایان لە ئێران، زۆرینەى ڕۆژهەڵاتى کوردستان و شارەکانى دیکەى ئێران قوتابخانەکان دەرگایان واڵا کرا بەڵام هیچ مامۆستایەک نەچووە نێو پۆلەکانى خوێندنەوە بە مەبەستى وانەگوتنەوە، تەنیا بە پێناسکردنى خواستەکانیان و باسکردنى کێشەکانیان بۆ قوتابیان هەوڵیان دا فێرخوازەکانیان تێبگەیێنن کە هۆکارى مانگرتنەکەیان چییە.

ڕۆژهەڵاتى کوردستان پێشەنگى ئەم مانگرتنە بوو، بە شێوەیەک کە لە شارەکانى کرماشان و سنە و ورمێ و سەقز و دیواندەرە و پاوەى هەورامان و ڕوانسەر و کامیاران و جوانڕۆ و دێگولان و قوروە و بانە و مەریوان و سەرپێڵ و زەهاو و خۆى و چەند شوێنێکى دیکە مامۆستایان نەچوونە نێو پۆلەکانیان و وانەیان نەگوتەوە و ئەمەش دەریخست کە کوردانى ڕۆژهەڵات لەو دەسەڵاتە بێزارن کە ٤٠ ساڵە لە کوردستان بەسەریاندا سەپاوە، هەر بۆیە زۆرێک لە درووشمەکانیان "بەڵێ بۆ خوێندن بە زمانى دایک" بوو.

هاووڵاتیکی خەڵکی شاری سنەى ڕۆژهەڵاتى کوردستان لە سەر مانگرتنی مامۆستایان بە ئاڤاتودی گوت "مانگرتنی مامۆستایان خەڵکی فێری یەکگرتوویی کرد. ئێستا ئیدی خەڵک لە هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی ناترسن".

دیمەنێک لە مانگرتنى مامۆستایانى ڕۆژهەڵات

دیمەنێک لە مانگرتنى مامۆستایانى ڕۆژهەڵات

 

هێزە ئەمنییەکان دەستیان خستە نێو کاناڵى مامۆستاکان:

هەرچەندە کۆمارى ئیسلامى تۆڕى کۆمەڵایەتى تلێگرامى فیلتەر کردووە و تلێگرامى تایبەتى خۆى داناوە بۆ دروستکردنى پەیوەندییەکان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێرانییەکان بە بەکارهێنانى فیلتەرشکێن دەستیان بە کاناڵە جەماوەرییەکان ڕادەگات کە یەکێک لەوانەى کاناڵەکانى شوراى هەماهەنگى پێکهاتە سنفییەکانى مامۆستایانە، بەڵام وەک لە ڕاگەیاندنێکى شووراکەدا هاتووە "هەندێک لە کاناڵەکانمان لە لایەن هێزە ئەمنییەکان و ئیتلاعاتەوە دەستیان تێ وەردراوە، بۆیە بە هیچ شێوەیەک بڕوا بە ئاگادارى و داواکارییەکانیان مەکەن!"

ئەم شوورایە لە فایلێکى دەنگى نێردراو بۆ تۆڕی میدایی ئاڤاتودەى داوایان کرد کە ناوى ئەو کاناڵانە بڵاو بکرێنەوە کە هێشتا هێزە ئەمنییەکان دەستیان پێیان ڕانەگەیشتووە کە بریتین لە کاناڵەکانى "کاناڵى کانونى سنفى معلمان، کاناڵى مەعەلمانى عەدالەت تەڵەب و  ئەبەر گرووهى چالش" و هەروەها داوایان کرد کە هەردوو کاناڵى "شوراى هەماهەنگى و ئەبەر گرووهى تەحەسون" وەک دوو کاناڵ بناسێنرێت کە هێزە ئەمنییەکان ئەدمینەکانیان دەرکردوون و خۆیان دەیانەوێت بە ئاگادارى هەڵە و بەلاڕێدابردنى بەر بە مانگرتنى سەراسەرى مامۆستایان بگرن.