بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

نوێنەرى خامنەیی شێعەکانى عێراق دژى ئەمەریکا هان دەدات

نوێنەرى خامنەیی شێعەکانى عێراق دژى ئەمەریکا هان دەدات
نوێنەرەکەى خامنەیی بە ئاشکرا دەست وەردەداتە نێو کاروبارى سیاسى عێراقەوە
موجتەبا شیرزى نوێنەرى خامنەیی جگە لە خەتدانى سیاسى پارەى قاچاخیش بۆ ئێران کۆ دەکاتەوە
posted onAugust 20, 2018
noبۆچوون

 

نووسەرێکى عێراقی هێرش دەکاتە سەر نوێنەرى ڕابەرى باڵاى کۆمارى ئیسلامی ئێران لە شارى نەجەف، و ڕایدەگەیەنێت "هیچ پۆستێکى فەرمیی و دیپلۆماتی نییە و، بەردەوام دەست وەردەداتە نێو کاروبارى سیاسی عێراق".

 

عەدنان حوسێن، سەرنووسەرى ڕۆژنامەى (المدى) ـى عێراقی، لە وتارێکیدا کە لە ڕۆژنامەى (الشرق الاوسط)ـى لەندەنى بڵاو کراوەتەوە، ئاماژە بەوە دەکات "ئایەتوڵا موجتەبا شيرازی، لەشارى نەجەف، نوێنەرى دەوڵەتى ئێران نییە، بەڵکو نوێنەری ڕاستەوخۆى عەلی خامنەیی ڕابەرى باڵاى ئێرانە".

گووتیشى "ڕۆڵى نوێنەرى خامنەیی لە نەجەفی باشوورى عێراق، بانگەشەکردنی سیاسی و مەزهەبی و فکرییە بۆ ویلایەتى فەقیه، کە ئەمەش لە لایەن زۆربەى مەرجەعە گەورە شێعەکان لە سەرووی هەمووشیانەوە ئایەتوڵا عەلى سیستانى، گەورە مەرجەعی شێعەکان ڕەت دەکرێتەوە".

حوسێن جەختى لەوەش کردووەتەوە "ئەو کەسایەتییە لە چەند مانگی ڕابردوودا بە شێوەیەکى بێزارکەر دەستى وەرداوەتەوە نێو کاروباری ناوخۆى عێراق و بووەتە هۆى توڕەیی هەستى نیشتیمانى هاووڵاتیان و تەنانەت لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ناوەندە ڕۆشنبیرى و سیاسیی و میللییەکانیشی گرتەوە".

موجتەبا شيرازی لە نەجەف نوێنەرى دەوڵەتى ئێران نییە، بەڵکو نوێنەری ڕاستەوخۆى خامنەیییە

موجتەبا شيرازی لە نەجەف نوێنەرى دەوڵەتى ئێران نییە، بەڵکو نوێنەری ڕاستەوخۆى خامنەیییە 

 

دەستێوەردانى ئێران لە کاروباری ناوخۆیى عێراقدا پرسێکى نوێ نییە، بەڵکو لە دواى 2003 ـەوە تاران بە شێوەیەکى بەردەوام ڕۆڵى لە پرۆسەى سیاسی بەغدا هەبووە و، تەنانەت زۆربەى پۆستە باڵاکان لە کەسایەتییە نزیکەکانى ئەو وڵاتە بوون. موجتەبا شیرازی، کە ساڵى 2015 بە شێوەیەکى فەرمیی بووەتە نوێنەرى خامنەیی لە نەجەف، وەک پیاوێکى ئایینى گەیشتۆتە ئەو شارە، بەڵام بەردەوام سەرپێچی یاسا و ڕێنماییەکانى بەغدای کردووە.

تەنانەت دەستێوەردانى ئەو کەسایەتییە گەیشتۆتە ئاستێک کە ڕاستەوخۆ هێرش بکاتە سەر حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانى حکومەتى بەغدا و بە کەسێکى شکستخواردوو وەسفی بکات، ئەم هێرشکردنەیش پاش لێدوانەکەى عەبدى بوو لەسەر گەمارۆ ئابوورییەکانى ئەمریکا لەسەر ئێران کە گوتى "لە بەرژەوەندی وڵاتەکەمان پابەند دەبین بە گەمارۆ ئابوورییەکانى ئەمریکاوە". جگە لەوانە موجەتەبا باسى لەوەش کردبوو "لێدوانەکانى عەبادی بەرپرسیارانە نین و, لەگەڵ ئەو خەباتە سەربەرزەى کۆمارى ئیسلامى ئێران و شەهیدەکانى بۆ بەرگرى لە عێراق بەرامبەر داعش وێک نایێتەوە".

 

نووسەرە عێراقییەکە ئاشکراشی دەکات "جگە لە دەستێوەردان لە کاروبارى ناوخۆیی عێراق، مەجەتەبا کار لە سەر کۆکردنەوەى پارەى خومس (یەک لەسەر پێنجی) زەکاتى شێعە مەزهەبەکان دەکات بۆ ڕابەرەکەى". حوسێن هیمای بەوەش داوە "ئەو دەستێوەردانانە بەردەوامییان هەبووە و, مەترسیدارترین هەڵوێستى ئەو ئایەتوڵایەیە لە حوزەیران (بانەمەڕ) بوو، کاتێک بە ڕوونى گووتی (تاران ڕێگە بە شوعی و عەلمانى و بەعسییەکان نادات دەسەڵاتى عێراق بگرنە دەست)".

ئێستا کارەکانى ئەو کەسایەتییە لە عێراق لە ڕێگەى قاسم سولەیمانى فەرماندەى سوپای قودسی ئێران و، میلیشیاکانى حەشەدی شەعبی هەڕەشەیان لە عەبادی و بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا کردووە، گەر هاتوو سزا سەپێنراوەکانى سەر وڵاتەکەى درێژەى هەبێت.

نووسەرە عێراقییەکە دەشڵێت "لەهەمووی مەترسیدارتر هەڵوێستى بەشێک لە سەرکردە شێعەکان بووە، کاتێک ڕەخنەیان لە عەبادی گرتووە بەوەى پاڵپشتى ئەمریکا دەکات، هەڕەشەى ئەو سەرکردانەش گەیشتووەتە قۆناغێکى مەترسیدار بەوەى دژى واشنتۆن کار بکەن و، بەرژەوەندییەکانی لە عێراق بخەنە مەترسییەوە".