بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

میدیا و ئازادیخوازان ڕێگرن لە سێدارەدانى ڕامین

میدیا و ئازادیخوازان ڕێگرن لە سێدارەدانى ڕامین
تا ئێستا لە دونیاى مەجازى زۆرترین پاڵپشتى و کەمپەین بۆ هەڵوەشاندنەوەى سزاکەى ڕامین دروست بووە
کەیسی ڕامین حوسەین پەناهی ململانێ نێوان دەسەڵات و ئازادی خوازان
posted onJune 30, 2018
noبۆچوون

 

یەک ساڵ بە سەر دەستبەسەرکردنی ڕامین حوسەین پەناهی تێپەڕی. پاش ئەوەی شوعبەی یەکی دادگای ئینقلابی سنە لە ڕۆژی ٢٥ی بەفرانباری ١٣٩٦ حوکمی لەسێدارەدانى بە سەر ڕامین دا سەپاند و ئەو حوکمە لە رۆژی 22 خاکەلێوە لە لایەن دادگای پێداچوونەوە لە شاری قوم پەسەند کرا، ئێستا بڕیاری جێبەجێکردنی حوکمەکە بە هۆی ناڕەزایی خەڵک سێ جار دوا خراوە و بەمەیش ململانێ لە نێوان چالاکڤانانی مەدەنی و ئازادییخوازان لە لایەک و کۆماری ئیسلامی لە لایەکى دیکە دروست بووە.

ڕامین رۆژی دووی پووشپەڕی ساڵی 1396 لەگەڵ تیمێک لە پێشمەرگەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە نزیک شاری سنە، پاش چەند کاتژمێر شەڕ و لە کاتێکدا بە وتەی بنەماڵەکەی چەکدار نەبووە بە برینداری دەستگیر کرا. نزیک حەوت مانگ لە بەندیخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە هێڵرایەوە و پاشان گواسترایەوە بۆ گرتووخانەی ناوەندی سنە.

ئێستا هەوڵی چالاکوانانی مەدەنی بە پلەی یەکەم و کاریگەریی سوشێاڵ میدیا، ڕامینی لە پێشمەرگەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران در هێنا و کردی بە نوێنەری خواستی ئازادیخوازانی کوردستان و ئێران و تەنانەت رێکخراوەکانی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤیش هاتنە سەر خەت و پشتگیری خوێان بۆ ڕامین دەربڕی. 

لە ناوخۆ و دەرەوەى وڵات دەیان کەمپەین و چالاکى بۆ بەرگرتن لە سێدارەدانى ڕامین بەڕێوە چوون

لە ناوخۆ و دەرەوەى وڵات دەیان کەمپەین و چالاکى بۆ بەرگرتن لە سێدارەدانى ڕامین بەڕێوە چوون

 

رۆژی سێ شەممە، یەکی مەی (رۆژی جیهانی کرێکاران،) ڕامین لە گرتووخانەی ناوەندی سنە بۆ جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدانەکەى گواسترایەوە بۆ ژووری تاکە کەسی. هەمان رۆژ Amnesty International  لە ڕاگەیاندراوێکدا حوکمی لەسێدارەدانەکەى ڕامینی بە مەرگی دادپەروەرى ناو برد و داوای کرد هەرچی زووە سزای لەسێدارەدانەکەى ڕامین ڕابگیرێت. پاش راگەیاندراوەکەی Amnesty و چەند کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی چالاکڤانانی مەدەنی لە سنە، ڕامین گەڕێندرایەوە بەندی گشتی گرتووخانەی شارى سنە. 

هەروەها چالاکڤانانی مەدنی لە تارانەوە تا ئەهواز خویان گەیاندە ماڵی ڕامین و لە دێهاتی قوڕی چیا لە ناوچەی لەیلاخ و لە لایەکەوە پشتگیری خویان بۆ ڕامین دووپات کردەوە و لەلایەکی دیکەشەوە خەمی مەرگی نیشتمان و ئاوارەبوونی کوڕەکانی خاڵو میرزا و دایە شریفە (باوک و دایکی ڕامین) لە ماڵیان ڕەویەوە. 

ئەم جارە کۆماری ئیسلامی بڕیاری خوی دا کە پاش مانگی ڕەمەزان حوکمى لەسێدارەدانەکەى ڕامین جێبەجێ دەکرێت (چونکە لە ئێران مانگی رەمەزان بە مانگی حەرام ناو دەبرێت و سزای سێدارە لەم مانگە جێبەجی ناکرێت.) رۆژی ٣١ی پووشپەڕ دیسان ڕامین گوازرایەوە بۆ ژووری تاکەکەسی تا لەسێدارە بدرێت و ئەم جارەش دووبارە چالاکڤانانی مەدەنی شاری سنە خویان گەیاندە پێش گرتووخانەی ناوەندی ئەو شارە و ئەو پەیامەیان گەیاندە گوێی بەرپرسانی پارێزگای سنە و کۆماری ئیسلامی کە (این تو بمیری دیگە از اون تو بمیریا نیست.)

ئازادیخوازان و ڕۆژنامەنووسان و ئەدیبان بەردەوام سەردانى بنەماڵەى حوسەین پەناهى دەکەن

ئازادیخوازان و ڕۆژنامەنووسان و ئەدیبان بەردەوام سەردانى بنەماڵەى حوسەین پەناهى دەکەن

 

لە لایەکی دیکەشەوە چالاکڤانانی مەدەنی و پیاوماقووڵانی ناوچەی لەیلاخ و سنە تا ئێستا چەند جار کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەهمەن مۆرانیا ـى پارێزگاری پارێزگای سنە و ڕەجەبی بەرپرسی سوپای بیتولموقەدەسی سنە ئەنجام داوە و دەرەنجامە خراپەکانمى لەسێدارەدانى ڕامینیان پێ ڕاگەیاندووە. 

بە پێى زانیارییەکانى تۆڕى میدیایی ئاڤاتودەى، بەرپرسانی پارێزگای کوردستان بە باشی لە مەترسییەکانی لەسێدارەدانى ڕامین تێگەیشتوون. رەجەبی، موردانیا و مەلەکی بەرپرسی گشتی ئیتلاعاتی پارێزگای کوردستان دوای سێ کۆبوونەوە گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەى کە جێبەجیکردنی حوکمی لەسێدارەدانەکەى ڕامین کێشەی ئەمنی بۆ شارى سنە دروست دەکات و باشتر وایە جێبەجێ نەکرێت، ئەو بڕیارەی خوشیان بە تاران راگەیاندووە. لە لایەکی دیکەشەو بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە تاران و بە تایبەتی باڵی بناژۆخواز سوورن لە سەر ئەوەی ئەو حوکمە هەرچی زووە دەبێت جێبەجێ بکرێت. 

پاش ئەوەی جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدانى ڕامین سێ جار ڕاگیرا، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بە باشی لە ڕۆڵی میدیا و کاریگەرییەکانی دونیاى مەجازی لە سەر ئەو پرسە تێگەیشتوون، بۆیە ماوەی دوو حەفتەیە ڕامین گوازراوەتەوە بۆ بەندی ئەمنی لە گرتووخانەی سنە و ناهێڵرێت کەس بیبینێت، تەنانەت لە دواهەمین کۆبوونەوەی ڕامین و پارێزەرەکەی سێ ماموری ئیتلاعات بەشدار بوونە. هەروەها میدیاکانی کۆماری ئیسلامیش دەستیان کردوە بە کارکردن لە سەر کەیسی ڕامین و ڕای گشتی ئێران بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ جێبەجێکردنی ئەو سزایە.

لە لایەکەوە چالاکڤانانی مەدەنی و ئازادیخوازان، هەوڵەکانیان بۆ پشتگیری لە ڕامین دووهێندە کردووە و پێداگری لە سەر وەستانی حوکمی لەسێدارەدانەکەى ڕامین دەکەن و لە لایەکی دیکەشەوە سوپا و میدیاکانی کۆماری ئیسلامی سەرقاڵی ئامادەسازی ڕای گشتین بۆ جیبەجێکردنی ئەو حوکمە.