
کتێبێکی منداڵان بە ناوی "ئایا تۆ دایکی منیت؟" لە نووسینی کارلا دیجێس، بەم دواییانە لە بۆکان چاپ و بڵاوکرایەوە. کتێبەکە لەلایەن خاتوو سوێسنە ئیسماعیلنژاد لە زمانی ئینگلیزییەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی.
بە گوتەی سوێسنە ئیسماعیلنژاد، ئەمە یەکەم کتێبیەتی کە چاپ دەکرێت و ئەویش پێشکەشی هەموو منداڵانی کوردستانی کردووە.
مەعسوومە مستەفازادە کاری نیگارکێشی بۆ کتێبەکە کردووە، چیا سەرسپیش کاری ڕووبەرگ و پەڕەبەندییەکەی ئەنجام داوە.
کتێبەکە کە بۆ منداڵانی خوار تەمەنی شەش ساڵانە، لەلایەن چاپەمەنی ئامیار لە سنە بە هاوکاری وەشانخانەی خۆر لە بۆکان چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
سوێسنە ئیسماعیلنژاد لە ساڵی ١٣٩٤ەوە خاوەنی کتێبفرۆشی و بەرپرسی وەشانخانەی "خۆر" لە شاری بۆکانە و هەروەها بەرپرسی لێژنەی منداڵانی ناوەندی نووسەرانە.