بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

لە رووداوێکی هاتوچۆدا لە ئیلام ١٤ کەس گیانیان لەدەستدا و بریندار بوون

رووداوی هاتوچۆی ئیلام
رووداوی هاتوچۆی سێ رێیانی جندڵا لە ئیلام
posted onJanuary 30, 2025
noبۆچوون

لە رووداوێکی هاتوچۆدا لە نێوان شارەکانی ئیلام و مێران ٣ کەس گیانیان لەدەستدا و ١١ کەسی دیکەش بریندار بوون. رووداوەکە بەهۆی کێشەی ستاپی (تۆرمۆز) ترەیلەیەکی قیرەوە بووە.

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، ١١ی رێبەندانی ١٤٠٣، لە نزیک سێ رێیانی جندڵا لە نێوان شارەکانی ئیلام بۆ مێران ترەیلەیەکی قیر ستاپی کاری نەکردووە و خۆی بە نیسانێکی وانت، پرایدێک و هیوندا سۆناتایەکدا کێشاوە و دواتر بارهەڵگرەکە خۆیشی وەرگەڕاوە و سوتاوە.

لەو رووداوەدا دەستبەجێ شۆفێری پرایدەکە و سەرنشینێکی و شۆفێری بارهەڵگرەکە گیانیان لەدەستداوە و لە ١١ بریندارەکەش هەندێکیان دۆخی تەندروستییان جێگیر نییە.

بەپێی زانیارییەکان، دوو لەو کەسانەی گیانیان لە دەستداوە، دایک و کوڕن و خەڵکی شاری مەڵکشای و لە عەشیرەی رەسوڵوەندن و دۆخی تەندروستی کچێکیشیان ناجێگیرە.

ساڵی رابردوو بەڕێوەبەری رێگاوبان و گواستنەوەی پارێزگای ئیلام بەڵینی دابوو لەو شوێنە جێگایەک لە تەنیشت جاددەکە دروست بکرێت بۆ ئەو بارهەڵگرانەی کە ستاپیان نامێنێت بۆ ئەوەی لەوجۆرە کاتانەدا تووشی رووداوی هاتوچۆ نەبن، بەڵام هێشتا دروست نەکراوە.

خراپی رێگاکان، کوالێتی نزمی ئۆتۆمبیلەکان و هۆکاری ئینسانییەکانی وەک خەواڵووی، کەمتەرخەمی و ... وەک هۆکارەکانی رووداوەکانی هاتوچۆ لە قەڵەم دەدرێن.