بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

لە قەسرشیرین زبڵ مەترسی لەسەر ژینگە و تەندروستی خەڵک دروستکردووە

قەسرشیرین
فڕێدانی زبڵ لە نزیک شاری قەسرشیرین
posted onJanuary 18, 2025
noبۆچوون

فڕێدانی نەگونجاوی زبڵ و بڵاوبوونەوەی زبڵ لە شاری قەسرشیرین لە بوارەکانی ژینگە، تەندروستیی خەڵک و کشتوکاڵ کێشەی گەورەی دروستکردووە.

لەو شارەی پارێزگای کرماشاندا زبڵەکان بەشێوەیەکی نەگونجاو و بەبێ رەچاوکردنی رێوەشوێنە تەندروستییەکان لە دەروازەی شاری قەسرشیریندا فڕێ دەدرێن، زبڵ لە رووبەرێکی بەرفراواندا بڵاو بووەتەوە و بەم هۆیەشەوە زەوی کشتوکاڵی و ئاوە ژێرزەمینییەکان پیس بوون.

لەلایەکی دیکەشەوە، تەندروستیی خەڵک کەوتووەتە مەترسییەوە، بەتایبەت کە زۆر جاران زبڵەکە ئاگر دەدرێن و بۆن و دوکەڵەی دەچێتە نێو گیانی خەڵک.

بەپێی راپۆرتەکان، جوتیار و ئاژەڵدارانی ناوچەکە ناڕازین بەو بارودۆخە و داوایان کردووە پێڕاگەیشتنی پێدا بکرێت.

شارەوانیی قەسرشیرین بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە جاروبار زبڵ و خاشاک ئاگر دەدات، بەڵام ئەمە چارەسەرێکی کاتییە و لەلایەکی دیکەش دووکەڵەکی زیانی بۆ تەندروستی خەڵک هەیە.

با پلاستیکەکان بۆ نێو زەوی کشتوکاڵیی خەڵک دەبات و ئەمەش کێشەیەکی گەورەی بۆ جوتیارانی ئەو ناوچەیە دروست کردووە.

جوتیارانی ئەو ناوچەیە نیگەرانیی خۆیان لەو دۆخە دەربڕیوە و داوا لە بەرپرسانی پەیوەندیدار دەکەن خەمێک لەو دۆخە بخۆن.

ناوچەی رۆژئاوای پارێزگای کرماشان کارگەی ریساکلینی نییە، ساڵی ٢٠١٨ بڕیار دراوە کارگەیەکی ریساکلین بۆ ئەو ناوچەیە دروست بکرێت، بەڵام دوو هەفتە لەمەوبەر بوو کە سەرۆککۆماری ئێران بڕیاریدا قەرزێکی بانکیی بەبڕی ٨٠ ملیار تمەنی بۆ تەرخان بکرێت. بەم پێیە روون نییە کەی ئەو کارگەیەش تەواو بێت.

شاری قەسرشیرین لە سەر سنوور هەڵکەوتووە و دوو دەروازەی سنووریی هەیە و خەڵکێکی زۆر هاتوچۆیان پێدا دەکەن، بۆیە بڵاوبوونەوەی زبڵ، بۆنەکەی و دووکەڵەکەی دیمەنی ناوچەکەی بۆ خەڵکی گەشتیاریش ناشیرین کردووە.

رۆژانە لە شاری قەسرشیریندا زیاتر لە ٤٠ تۆن زبڵ بەرهەم دێت.