
دادگای باڵای ئارژانتین له دوا دانیشتنیدا بۆ تاوتوێ کردنی کەیسی تەقینەوەی تیرۆریستی باڵوێزخانەی ئیسرائیل و کۆمەڵگای جووەکان له بوینس ئایرس، کۆماری ئیسلامی ئێرانی به بەرپرسی سەرەکی و پیلان داڕیژی ئەم کردەوه تیرۆریستیه ناسی و داوای تۆمار کردنی سکاڵا دژ به ئێران له دادگا نێونەتەوەییەکانی کرد.
بەپێی حوکمی دادگای باڵای ئارژانتین، ئێران له دۆسەی تەقاندنەوەی باڵوێزخانی ئیسرائیل له ساڵی ١٩٩٢ زائینی و هەروەها تەقینەوەی ئۆتۆمبیلێکی خۆکوژی له ساڵی ١٩٩٤ی زایینی له کۆمەڵگای هاوکاری جووەکان، ناسراو به "ئامیا" له بوینس ئایرس به تاوانباری سەرەکی دانراوه.

لە تەقاندنەوەی باڵوێزخانەی ئیسرائیل له ئارژانتین ٢٩ کەس کوژران و زۆرتر له ٢٠٠ کەسییش برینداربوونه و هەروەها له تەقینەوه خۆکوژییەکەی ئامیاش ٨٥ کەس کوژراون و زۆرتر له ٣٠٠ کەس بریندار بوونه.
هەرەها دادگای باڵای ئارژانتین، له حوکمەکەیدا ئەم هێرش تیرۆریستیانەی به "تاوان دژ به مرۆڤایەتی" ناساندووه و کۆماری ئیسلامی ئێرانی به "حکومەتێکی تیرۆریستی" ناوبردووه که ئەم تاوانه مەزنەی به هاوکاری و بەشداری راستەوخۆی حزب الله بەڕێوەبردووه.
تەقینەوەکەی ئامیا، کوشندەترین هێرشی مێژووی ئارژانتین بەئەژمار دێت که زۆرینەی کوژراو و بریندارەکان جوو نەبوونه.
