بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ڕاپورت/ دەستبەسەر کردنی شارۆمەندانی کورد به بۆنەی بەڕێوبردنی ئاگر نەورۆزی درێژەی هەیه

ڕاپورت/ دەستبەسەر کردنی شارۆمەندانی کورد به بۆنەی بەڕێوبردنی ئاگر نەورۆزی درێژەی هەیه
وێنەی چەند چالاک و هونەرمەندی کورد که بەدەست هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر کراون
نەورۆز وەکوو هێمایەک دژ به داگیرکەر هەموو کاتێک دەرفەتێک بووه بۆ دەربڕینی هاواری ئازادی و گیرساندنی ئاگری تۆڵه
posted onMarch 24, 2024
noبۆچوون

ڕۆژی یەکشەممه، پێنجی خاکەلێوەی ١٤٠٣ هەتاوی، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنه، به تۆمەتی هەول دان بۆ بەڕێوه‌بردنی ڕێوڕەسمی ئاگر نەورۆزی، پووریا سەعیدی، یەکێک له چالاکوانانی ئەو شارەیان بانگهێشت کردووه و بۆ ماوەی چەند ساعەت لەژێر لێکۆڵینەوه و ئەشکەنجەی دەروونیدا ڕاێانگرتووه.

جێگای ئاماژەیه جاش و بەکرێگیراوانی ڕێژیم نەیانهێشتووه نەورۆزی شارۆچکەی حەسەن ئاوای سنه بەڕێوە بچێت. ئەوان هەروەها هانی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سنەیان داوه که پووریا سەعیدی بانگهێشت و لێکۆلینەوەی لێبکەن.

به وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو چالاکوانە دواتر، ئازاد کراوە بەڵام پێیان راگەیاندووە کە دەبێت لە چەند رۆژی داهاتوودا جارێکی دیکه سەردانی ناوەندە ئەمنییەکان بکاتەوە. هەروەها بەڵێننامەی نووسراوەیان بە ناوبراو واژوو کردووە که له هیچ ڕێوڕەسمێکی نەورۆزدا بەشداری نەکات.

ڕاپورت/ دەستبەسەر کردنی شارۆمەندانی کورد به بۆنەی بەڕێوبردنی ئاگر نەورۆزی درێژەی هەیه
نەورۆزی ئەمسال به شکۆیەکی تایبەتەوه بەڕێوه چوو

 گووشارەکان له سنه درێژەیان هەیه

هەروەها ڕۆژی هەینی، سێیەمی خاکەلێوە، جەلال خودامورادی، هاووڵاتیی خەڵکی شارۆچکەی حەسەناوای شاری سنە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە دوای چەند کاتژمێر لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوە و دروستکردنی دۆسیەی یاسایی، ئازاد کراوە و پێیان ڕاگەیاندووە کە دەبێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا جارێکی تر سەردانی ناوەندە ئەمنییەکان بکاتەوە.

هەروەها بەڵێننامەی نووسراوەیان بە ناوبراو واژۆ کردووە لە ڕێوڕەسمی نەورۆز کە بڕیارە ڕۆژی ٦ی خاکەلێوە لەشارۆچکەی حەسەناوا بەڕێوە بچێت، بەشداری نەکات.

بۆکان بووەته دڕکی نێوچاوانی داگیرکەر

له لایەکی دیکەوه، ڕۆژی شەممە، چواری خاکەلێوە، هێزەکانی ئیتلاعات لە شاری بۆکان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی حەسەن کاکەیی، گۆرانیبێژ و هونەرمەندی خەڵکی ئەو شارە و بە شێوەیەکی دڕندانە دەستبەسەریان کردووە و لێیان داوە.

ڕاپورت/ دەستبەسەر کردنی شارۆمەندانی کورد به بۆنەی بەڕێوبردنی ئاگر نەورۆزی درێژەی هەیه
خەڵک له نەرۆز بۆ دەربڕینی هاواری ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان کەڵک وەردەگرن

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هونەرمەندە تەمەن ٦٤ ساڵە، له گرتوخانەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی له بۆکان له شەوی شەممه تاکوو بەرەبەیانیی یەکشەممه لێپرسینەوە و ئەشکەنجه کراوه و دواتر ئازاد کراوە.

بەگوێرەی وتەی سەرچاوەی هەواڵی ئاڤاتودەی، لێدان لە حەسەن کاکەیی ئەوەندە دڕندانە بووە کە شینبوونەوە و کوتراوی لەسەر دەموچاوی ئەو هونەرمەندەوە بەڕوونی دیار بووە.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەم هونەرمەندە کوردە لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لە شارەکانی بۆکان و سەقز بەشداریی کردووە و چەند گۆرانی و سروودێکی شۆڕشگێڕانەی خوێندووە.

هەروەها جێگای ئاماژەیه له درێژەی گوشارەکان بۆ سەر چالاکوانانی کورد، ڕۆژی یەکشەممە ٥ی خاکەلێەوەی ١٤٠٢، سمکۆ نەسروڵڵاهی، هاووڵاتیی تەمەن ٣٥ ساڵی خەڵکی گوندی قازڵیان سەر بە شاری بۆکان لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەرکرا.

بەوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار بۆ ئاڤاتودەی، ئەو هاووڵاتییە یەکێک لە بەڕێوەبەرانی ڕێوڕەسمی نەورۆز لەو گوندە بووە و دوای دەستبەسەربوون بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی سمکۆ نەسروڵڵاهی کە باوکی دوو منداڵە لەبەر دەستدا نییە.

سەرەڕای ئەو هەموو هەڕەشه و توقاندنه، گەلی کورد له ڕۆژهەڵات به هەموو گیان و هێزیدا ڕێوڕەسمەکانی تایبەت به نەورۆزی کوردەوارییان به شکۆیەکی تەواو بەڕێوەبرد.

ئەو شکۆ و حەماسەیه هاواری له جاش و بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامی ئێران هەستاندەوه به شێوەیەک که مەلا قادر، گەوره جاش و خۆفروش، له کۆبوونەوەی جاشەکان، دەڵێت: "ئەوەندەی من تەمەنم کردبێت ئاوا شتێکم نەبینیووه".

ڕاپورت/ دەستبەسەر کردنی شارۆمەندانی کورد به بۆنەی بەڕێوبردنی ئاگر نەورۆزی درێژەی هەیه