نووسینی شارۆ کرماشانی*
وەک ئاگادارن، چ لە سەردەمی ڕژیمی دیکتاتۆری پاشایەتی و چ لە سەردەمی دیکتاتۆریی حاکمی کۆماری بە ڕواڵەت ئیسلامی، دەیان ساڵە پسپۆڕانی مێژوو و ئەدبی ژێر فەرمانی ئەو دوو سیستەمە حوکمڕان و دیکتاتۆرە، لە ڕێگای جۆراوجۆری وەک وەرگێڕانی پڕ لە پاڕادۆکس و بێ بنەما، بە دەستتێوەردانی کتێبی مێژووناسانی وەک گەزنەفوون، گیرشمەن، میکیا واڵتاری و مێژووناسانیترەوە و هەروەتریش لە ڕێگەی نووکتە و گاڵتەی ئەدبی، لە ڕێگای گۆڤار و ڕۆژنامە و ڕادیۆ و بە تایبەتی دەنگوڕەنگ و سینەماوە، سەرجەم خەڵکی گەلانی ئێران و بە تایبەت گەلی کوردیان کردووەتە ئامانج بۆ سپاندنی کەلتوورسەروەری خۆیان و هێشتاش کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوامە لەو ڕەوتە بۆ سووکایەتیکردن بە نەتەوە ژیردەستەکانی ئێران. لێرە ئەگەر باسی دەستتێوەردانی مێژوویی لە ڕیگای وەرگێڕان و وەرگێڕەکانی وەکو «زەبیحوڵای مەنسووری» بکەین و ئەو بابەت و قسەو گاڵتانەی ئەوان بهێنینە بواری شرۆڤە و نووسین، قسەی زۆری لێدەکەوێتەوە و لەم دەرفەتەدا بواری تاوتوێکردنی نابێت. بەم هۆیەوە تەنیا ناچارین ئاماژە بە چەند فیلیمک ئەویش بە کورتی بکەین و بڕۆینە سەر بابەتی سەرەکی کە «زنجیرە تەلەڤزیۆنیی ئیپیسۆدی چواری نوون.خ (نوورەدین خانزادە)یە کە لە نووسین و دەرهێنانی «سەعید ئاقا خانی» و بەرهەمی «کەناڵ یەکی سیمای کۆماری ئیسلامی)ـیە لە ژانری تەنز (بەزمەسات).
پێش دەسپێکی شرۆڤەی «نوون.خ»، تەنیا وەک نموونە باسی فیلمی «چ» دەکەم کات نییە بڕۆمە سەر فیلمەکانی "کانی مانگا" و "درە قاسملوو" و دەیان فیلمی تر. بۆ نموونە؛ فیلمی «چ» لە نووسین و بەرهەم و دەرهێنانی «ئیبراهیم حاتەمی کیا»یە کە باس لە ژیانی دوو ڕۆژە و خەباتی مستەفا چەمران لە شاری پاوە دەکات. بە کورتی ئەگەر ئاماژەی پێ بکەین، لە دیمەنێک دا: کەرێک لە ژێر باری چەکدا بریندارە!؟ فەرماندەی ژێردەستی چەمران، بە چەمران دەڵی: "گەورەم ئەم کەرە باری چەکە و بریندارە و ناتوانی درێژە بە ڕێگا بدا و زەجرێکی زۆر دەکێشێ، با بە گولەیەک خەلاسی بکەم، گوناهە!؟ چەمرانیش وەڵامی دەداتەوە: کاری ئێمە کوشتن نییە لێیگەڕێ!؟ خۆی سەقەت ئەبێت".
لێرە دەبێ عەرزتان بکەم کە نووسەری ئەم بابەتە وتاری لەسەر نووسی و بە داخەوە بایەخی پێ نەدرا لە کاتی پێویست، بۆیە دووپاتی دەکەمەوە و زۆر بە گرێ و گۆڵ و بە کورتی دیسان ئەو دیمەنە شرۆڤە دەکەمەوە.
سەرەتا پێویستە باسی ناوی فیلمەکە بکەم؛ فیلمی «چ» ناسناو و پیتی یەکەمی "ئیرنیستۆ چ گیڤارا" ئازایخوازی بەناوبانگی شیلییە و چەمران بە "چ"ـێی "چێ گیڤارا" بە بینەر دەناسێنێت.
لە دیمەنی کەرەکەدا: بێ ئەملاوئەولا، مەبەستی لە کەرەکە : وەک ئەوەی کە ئەوان پێناسەی دەکەن حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتن کە لە ژیر باری قورسی چەک و شەڕدا بە برینداری و بێهێزی و لێقۆماوی دەناڵێنن. تکایە بمبوورن کە بەو سەراحەتە باسم کرد زۆر پێویست بوو تەعارووف بخەمە لاوە، تا خەڵک ڕاستەوخۆ تێ بگەن و هەڵوێستیان هەبێت بەرامبەر بەو سووکایەتییەى کە لە ڕێگای ڤیژۆڵ ئارتی نیمە مەرئی و سوورریالییەوە دەیکەن و دەیخزێنە میشکی کۆمەڵگا و وردە وردە دەیکەن بە هەبوونێکی ڕیئالیستی.
ئێستا ئیزن بفەرموون بچینە سەر زنجیرە فیلمی نوون.خ ـێی سەعید ئاقاخانی کە خۆی وەک دەرهێنەرێکی کورد پێناسە دەکات و گوومانیش لەوەدا نییە کە کوردە. وەک ئاگادارن زۆر کورد لە ئێراندا و بگرە لە پارچەکانیتری کوردستانیش ئاڵاهەڵگری کۆماری ئیسلامی ئێرانن و خۆشیان بە کوردی ڕاستەقینە دەزانن. نووسەری ئەم بابەتە تاسووکێشانە بابەتەکە ناورووژێنێت، بەڵکو زۆر ڕوون لە ڕوانگەی هوونەری سیاسییەوە تاوتوێی دەکات و هەڵسەنگاندنیشى دەسپێرێتە ڕۆڵە ژیر و پسپۆڕەکانی کۆمەڵگە ستەملێکراوەکەمان.
پاش حوکمرانی قاجارەکان و میر و خان و بەگەکانی نەوتەوکانی ئێران، ڕەزاشای پەهلەوی دەستی بە سەر هەموو ناوچە نەتەەوییەکانی ئێراندا گرت و مەکتەبی ملاباشییەکانی هەڵوەشاندەوە کە پاشتر لە ڕیگای سوپای دانشەوە زمانی فارسی خستە بواری فیربوون لە سەراسەری ئێران. خەڵکی کورد لە کرماشان کە گرنگترین ناوچەی پڕ کێشەی خێڵەکی و ئایینی بوو، باشترین شوێن بوو بۆ ڕەزاخان تا پاش ڕاوێژ لەگەڵ خوێنەوارگەلێکى لە ڕۆژئاوا گەڕاوەى سەردەمى مزەفەرەدین شا (تحصیل کردەگان از فرنگ برگشتە زمان مظفرالدین شاە)، دیمۆگرافیای ئەو ناوچەیە تێک بدات. پارێزگا و قائیمقامیەتی دامەزراند و بە فەرمانی ئەو دەبوایە فارسی قسەیان بکردبایە لە ئیدارەکان، هەر بۆیە ئەوانیش بە نیوەوناتەوا فارسی قسەیان کرد و بووە ئەو زمانە فارسی کرماشانیانەی زاراوەیی کوردی و زمانی کوردییان وەک زاراوەیک لە زمانی فارسی پێناسە کرد کە بە ڕاستی لەم بوارەشدا بە داخەوە سەرکەوتوو بوون.
«خوێنەری بەڕێز تکایە لەگەڵم بمێننەوە تا کۆتایی، بێ مەبەست نییە لە بابەتەکە دوور دەکەومەوە و دەڕۆمە پراویزەوە».
لە ساڵانی ڕابردوودا بە هەوڵ و تێکۆشانی حیزبەکان و نووسەران و پسپۆڕانی بواری ئەدەبی کورد لە زانکۆکان و شوێنە سەربەخۆکان، کەلام و نووسینی کوردی لە زاراوەوە گۆڕا بۆ زمانی کوردی لە ئەدبیات و مێژوونووسی نێو زانکۆکانی ئێران. پاش ئەزموونی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بڵاوبوونەوەی کتێب و پەرەسەندنی ئەدەبیاتی کورد لە ئێران، ناوچەی کرماشان و ئیلام پێشکەوتنێکی هۆشیارانەی بەرچاوی بە خۆیەوە بینی و ئەمەش ژوورى فکرى «اتاق فکری»ـى کۆماری ئیسلامی خستە جووڵەوە کە دیسان بە شێوەیەکی مودێڕنتر پارسەنگ بگۆڕن و هەژموونی زمانیی خۆیان جارێکیتر زاڵ بکەن بە سەر زمانی کوردیی پەرەسەندوو لەو پارێزگانەی کە باسمان کردن.
ڕێک بۆ ئەم مەبەستە «بیرۆکەی فیلمی نوون.خ » خرایە ژووی فکریی کۆماری ئیسلامی. زۆر پسپۆڕانە و ئاگایانە کونجکۆڵ بوونە و ڕیسێرچیان کردووە و پەیان بردووە بە خاڵە لاوازەکانی کورد لە میدیا ئیگنۆرینسدا. ئەو خاڵە لاوازانە جلوبەرگ و گۆرانییە کوردییەکان بوون. نەوەى خۆڵەمیشی و ناوەندی و خوار ناوەند لە ڕۆژهەڵات لە پڕێکدا جلوبەرگی خویان کە پێشتر لە نزمترین ئاست وەک کەواوپانتۆڵێکی دووڕەنگی ناشیرین دوورا و لە سینمادا خراوەتە بەرچاو، ئێستە لە فیلمی نوون.خ ـدا جوانتر و ڕازاوەتر و ستانداردتر دێتە بەرچاو، بەڵام غافڵن لەوەی کە سەعیدی ئاقاخانی هەر هەمان فەرەنجی کە نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر لە لایەن پێشکەشکارێکی دەنگوڕەنگی کۆماری ئیسلامی وەک جلی شوانی «چوپونی» ناوزەد کرا و هەڵویستی ڕژد و بێورانەى کوردی لە دونیای مجازی (تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان) لێکەوتەوە، ئێستا لە بەری "مهیار"ی شوانە ئەحمەقەکەی زاوای "نورەدین خانزادە"دایە. لە ڕاستیدا ڕژیم لەم زنجیرە تەنزەدا هەیندێک ئیمتیازی بچووک کە لەبەر چاوی بینەر غەیری پڕۆفیشناڵ گەورە وێنا دەکرێن، داوە تا ئیمتیازی زۆر گەورەتر بداتە خۆی. نووسەر و دەرهێنەری ئەم فیلمە، گۆرانییە کوردییەکانی هوونەرمەندانی گەورە و تاراوگەنشین کە لە نێوان خەڵک خۆشەویستن و مافخوازیی ئەوان و ئۆپۆزیسیۆنی ڕژیم بوون، وەک کارتی سەرکەوتن و پێکهاتەشکێنی «ساختارشکن»ـى دا بە دەستی خەڵکەوە کە نەک هەر هەست بە قووڵایی بابەتەکە نەکەن، بەڵکۆ خۆیان وەک پاڵەوانی شکۆمەند ببینەوە. سەعیدی ئاقاخانی لە ئیپیسۆدی چواری ئەم زنجیرە تەنزەدا کە تا ئێستا دوو بەشی بڵاو بووتەوە، بابەتی تەنزەکەی چڕتر کردووەتەوە و مۆری تەئیدی داوە لە کارنامەی سینەمایی سەربەڕژیمبوونی خۆی و وەک جێبەجێکاری ئامانجەکانی ڕژیم بە ڕوونی خۆی خستووەتە بەر چاو کە نووسەری ئەم بابەتە شرۆڤەی دەکات و دەیخاتە بەر باس و ڕوانگە و بیروبۆچوونی خەڵک.
دوو لادێ لە چیرۆکی ئەمجارەدا کێشەیان هەیە؛ لادێی خواروو و لادێی سەروو، لادێی خواروو نوێنگەى خەڵکی ناوخۆی ئێران و کۆماری ئیسلامین و لادێی سەرووش نوێنگەى ئۆپوزیسیۆنی دەرەوەی وڵات دەکات کە زۆربەی ئاماژەکان پێمان دەڵێ سەڵتەنەتتەڵەبەکانن بە موجاهیدینی خەڵقیش. لە لادێی خوارین گورگ کەوتوونەتە ناو مەڕ و ماڵات و خواردوویانن و لەتوپەتیان کردوون، کە ئەمەش بووەتە هۆی نائەمنی و دڵەڕاوکە لە نیوان خەڵکی لادێی خوارین. ئەمە باس لە شۆڕشی ژینا دەکات. لێرە ئاقاخانی نەیتوانیوە چیرۆکەکە وردتر بە ئاکام بگەیەنێ، یان شوێنپێی خۆی کوێر بکاتەوە. لە بەر ئەوەی کە گورگەکان لە خاوەنداریەتی چیرۆک دەردەچن.
شوانی لادێی خوارین "مەهیار"ی سائەقڵە! کە سیاسەتی تایبەتی خۆشی هەیە. مەهیار نوێنەرایەتی حیزبە کوردیەکانی ڕۆژهەڵات دەکات. ئەو وەک شوانێکی گەمژە کە پووزەوانەی لە قوولەپێیە و فەرەنجی لەبەرە. لێرە پێویست بە شرۆڤە ناکات، چوونکە ئاقاخانی ڕاست فەرنجی هەڵبژاردووە بۆ شوانەکە، بەڵام دوو هەڵبژاردەی دیکە سەرنجی ئێمە ڕادەکێشێ کە بریتین لە دوو جامانە: جامانەی خاڵی ڕەش و جامانەی خاڵی سوور.
جامانە ڕەشەکە بە سەری شوانەکەویە و نوێنگەى سەرۆک حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتە، بەڵام جامانە سوورە کە وەک تۆشەبەرە (جانتای هەڵگری پێداویستییەکانی شوان، وەکو نان و چەقۆ و چراقووە و ڕادیۆ و هەر شتێکیتر) باس لە پشتیوانی دەکات، ئەمەش بەو واتایەیە کە حکومەتی هەرێم و بارزانییەکان لە پشتی سەرهەڵادانی شۆڕشی ژیناوە بوون. لە ڕوانگەی فیلمەکەوە، مەڕ و مانگا و و بزنەکانیش خەڵکی کوردن بە نوێنەرایتی خەڵکی دیکەی ئێران، چوونکە شۆڕشەکە لەوێوە سەری هەڵداوە. لەو فیلمەدا خەڵکی لادیی خوارین، ڕاوچی و تەفەنگچی باشیان نییە و بیر لە کەسێک دەکەنەوە کە بتوانێت گورگەکان بکوژێت و کاوڕەکان لە مەرگ و برینداربوون ڕزگاریان بێت. بە داخەوە لێرە بەوپەڕی بێ حوورمەتی مەڕەکان نوێنەرایتی لە خەڵک دەکەن لە چیرۆکەکەدا.
خەڵکی لادێی خوارین متمانەیان بە شوانە گەمژەکە نەماوە، بەڵام ئەگەر متمانەشیان هەبێت شوانە گەمژەکە هیچ دەسەڵاتێکی نییە، تفەنگچییەکەشیان پیاوێکی درۆزنە و قەناسێکی بە دەستەوەیە و هیچیش ناپێکێت، چوونکە پیر بووە و و دەستی دەلەرزێ.
لێرە ئەم شوانە پیرە درۆزنەش کە هیچ ناپێکێت، دواجار خەڵکی لادێی خوارینە کە هەرگیز نیوانیان باش نەبووە لەگەڵ لادێی سەرین و بڕیاریان داوە هەرگیز ژن و ژنخوازییان لە بەیندا نەمێنێت، ناچارن پەنا ببەن بۆ کۆنە دوژمنەکەیان و دواجار نوینەریان ئەچێ بۆ لای "ڕامین شکارچی" لە لادێی سەرین و قەناسبەدەستەکەی لادێی خوارینیش کە مۆری شوورای ئاوایی پێیە، ڕازی نییە و هەڵوێستی گرتووە. ئەمەش ڕێک نیشادەرى سەرۆکی حیزبی دیموکراتە کە بەڕیز "مستەفا هیجری"ـیە و لایەنی موافقیش "ڕامین شکارچی"ـش نوێنگەى کۆمەڵە و بەڕێز عەبدووڵا موهتەدییە. خودی رامین شکارچی بە رامین فوود بەناوبانگە. لیرە کێشی هیجائی تەنز، دەمانباتە سەر ناوێکیتر کە ئەویش «ڕۆبین هوود»ە، ئەو قارەمانەی کە دزی لە دەوڵەمەندەکان و نەجیبزادەکانی ئینگلیس دەکرد و ئەیبەخشیى بە خەڵکی هەژار. وەک پسپۆڕانی سیاسەت و ئەدەب ئاگادارن، لە هەموو ئەدبیاتی جیهاندا ڕۆبین هوود وەک مەهدی مەوعود و ڕزگارکەری خەڵک دێتە ئەژمار.
لە کۆتاییدا نووسەر چاوڕوان نییە کە بەشەکانیتری ئەم زنجیرە تەنزە ببینێ و تا ئێرە بە کافی دەزانێ کە هۆکار و مەبەستی درووستبوونەکەی، ڕێک سووکایەتیکردنە بە کورد و پیرۆزیەکانی.
هیوادارم حیزب و ئاکادیمیسیەن و پسپۆڕانی بواری تەنز و سینەما و خەڵکی بەشەرەفی کوردستان، هەڵوێستی ڕژدیان هەبێت ڕێگە نەدەن چیتر ئەم تەنزە پڕ لە سووکایەتیکەرە بڵاو ببێتەوە و سەعیدی ئاقاخانی و رژێمی پەتوسێدارە لانیکەم ناچار بکەن داوای لێبووردن لە خەڵکی کوردستان بکەن.
* شارۆ کرماشانی ـ بەریتانیا
٢٣مارسی ٢٠٢٣ زایینی