بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ئەو کامێرایانەی چاودێری کە تەنها خۆپیشاندەر و ناڕازییان دەناسێتەوە

ئەو کامێرایانەی چاودێری کە تەنها خۆپیشاندەر و ناڕازییان دەناسێتەوە
AvaToday caption
posted onMarch 3, 2023
noبۆچوون

سەنتەری داکۆکیکاری مافی مرۆڤ لە نامەیەکدا بۆ کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان نووسیویەتی: "ژەهراویکردنی بەکۆمەڵی قوتابیان قوتابخانەکانی ئامادەیی کوڕان و کچان بە ئامانجی تۆقاندن لە نێوان خێزان و کچانی گەنجدا بە ڕادەیەک ڕووی داوە کە بەشێک لە خێزانەکان ناوێرن منداڵەکانیان بنێرنە قوتابخانە".

ئەم ناوەندە، ئاماژەکردن بە ڕووداوەکانی شەش مانگی ڕابردووی ئێران "دوای کوژرانی ژینا ئەمینی" لە لایەن بەکرێگیراوانی خامنەییەوە "بە تۆمەتی ئەوەی کە بەشێک لە قژی دیار بووە" و هەروەها کوشتنی چەندان کچ و کوڕی هەرزەکار لە ڕاپەڕین و خۆپیشاندانە ئاشتیخوازەکان، باسی لەوە کردووە: "ئێستا زیاتر لە ٥٠ قوتابخانە لە شارە جیاوازەکانی وەک قوم، تاران، بروجێرد، ساری، قەزوین، زیاتر لە ٥٠٠ قوتابی لەسەر ژەهراویبوونی کۆئەندامی هەناسەیان براونەتە نەخۆشخانە، بەشێک لە قوتابییەکانیش باسیان لەوە کردووە کە کەلوپەلێکی وەک نارنجۆک فڕێدراوەتە ناو قوتابخانەکەیان و گازی لێ هاتووەتە دەرەوە و دوای ئەوە تووشی ژەهراویبوونی بەکۆمەڵ بوونەتەوە".

ئەم سەنتەرەی مافی مرۆڤ، ئاماژەکردن بە سروشتی نادیاری ئەو گازەی کە لە قوتابخانەکانی ئێران بڵاو کراوەتەوە، ڕایگەیاند: "هەرچەندە جێگری بەڕێوەبەری توێژینەوە و تەکنۆلۆژیای وەزارەتی تەندروستی پشتڕاستی کردەوە کە ژەهراویبوونەکان بە مەبەست بووە، بەڵام بەداخەوە هیچ هەنگاوێکی کاریگەر بۆ دۆزینەوەی ئەو گازە نەگیراوەتەبەر" و پەنا نەبراوە بۆ هۆکارەکانی دۆزینەوەی تاوان وەک کامێراکانی چاودێری، لە کاتێکدا ڕژێم کامێراکانی چاودێری تەنیا بۆ دۆزینەوە و ناساندنی بەشداربووانی ناڕەزایەتی و کۆبوونەوەکانی سەر شەقامەکان بەکار دەهێنێت و بە ئاسانی کوڕان و کچان دەستنیشان دەکرێن و دەستگیر دەکرێن."

سەنتەری داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ لە درێژەی نامەکەدا بە بەراوردکردنی هەڵسوکەوتی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە ژنان و کچان لەگەڵ هەڵسوکەوتی تاڵیبان لە ئەفغانستان پێداگری لەوە کردەوە: "بێهەڵوێستی کۆماری ئیسلامی لە بەدواداچوون بۆ ئەم ڕووداوانە، سەرەڕای سەرنجی زیاتری دەسەڵاتە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان، نیشان دەدات کە دژایەتی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ مافەکانی ژنان ڕەگ و ڕیشەی داکوتاوە و ئەمەش هۆکاری سەرەکی ئەو جۆرە کارەساتانەیە."

لە کۆتاییدا سەبتەری داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ داوای لە کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە کە سوود لە هەموو سەرچاوە یاساییەکان وەربگیردرێت بۆ کۆتاییهێنان بەو جۆرە "کردەوە تاوانکارییانە" و لێپرسینەوە لە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی.