بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

سووکایەتیکردن بە مامۆستایان.. گۆڕینى ناونیشانى دکتۆرایەکى دەروونناسى بۆ کۆگادار!

سووکایەتیکردن بە مامۆستایانى زانکۆ.. گۆڕینى ناونیشانى دکتۆرایەکى دەروونناسى بۆ کۆگادار!
AvaToday caption
posted onFebruary 26, 2023
noبۆچوون

پڕۆژەى سووکایەتیکردن بە کەسایەتییە فەرهەنگی و ئازادیخوازەکان لە لایەن کۆمارى ئاخوندى و لە ئێرانى داگیرکراو، هەردەم پرسێکى باوى دژەئینسانى بووە و لە دواى ڕاپەڕینە سەراسەرییەکانى گەلانى ئێرانیشەوە، ئەم پرسە زیاتر پەرەى سەندووە. لە نوێترین نمونەشدا، گۆڕینى ناوونیشانى مامۆستایەکى هەڵگرى بڕوانامەى دکتۆراى دەروونناسییە بۆ کۆگادار (ئەنباردار)ى قوتابخانە.

 

دکتور محەمەدڕەزا ڕەئیسى کە لە ڕابردوو و لە کاتى دەسەڵاتى دەوڵەتەکانى پێشوو چەندین جار خراوەتە بن پاڵەپەستۆ و مافى پێشێل کراوە، ئەم جارەیان لە بەشى ٢ى شارى ڕەى، پلەکەى لێ سەندراوەتەوە و لە ڕووى کارگێڕییەوە بە شێوەیەکى نایاسایی دابەزێنراوە بۆ پلەى "کۆگادار" و پاش ٣ مانگ خزمەت، مووچە کەمەکەشیان لێ داگیر کردووە.

بە پێى ئەو بەڵگانەى لە دەستى ئەنجوومەنى هەماهەنگى ڕێکخراوە سنفییەکانە و دەست تۆڕی میدیایی ئاڤاتودەى کەوتووە، دکتور محەمەدڕەزا ڕەئیسى سەرەڕاى بوونى چەندین ساڵ پێشینەى کارى و بە هۆى پاڵەپەستۆى حەراسەتى بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردە و فێرکردنى شارستانەکانى تاران، ناچارکراوە پۆستى کۆگادار بە مووچەکى زۆر کەمی مانگانەى ٥ ملیۆن و نیو تمەن وەربگرێت و ئێستاش ئەم مووچە کەمەشیان لێ داگیر کردووە.

مورتەزا

پێویست بە بیر خستنەوەیە کە ئەم مامۆستایە، لە ساڵانى ڕابردوو چەندین جار دەرکراوە و سزا دراوە، بەڵام دواجار توانى بە ڕەئی دادگاى تێهەڵچوونەوە حوکمەکەى پێشووى هەڵوەشێنێتەوە و بگەڕێتەوە سەر کارەکەى. دکتور محەمەدڕەزا ڕەئیسى کە لە ساڵى ١٣٨٨ى هەتاوییەوە ئازار و ئەزیەت دەدرێت، دوور خرابووەوە بۆ دەوروبەرى شارى ڕەى وەک "دەفتەردار" کارى پێ دەکرا و سەرەڕاى دامەزراندنى بە شێوەی فەرمى، تا ئێستا بە هۆى ڕوانگە ڕەخنەگرە سیاسییەکانى و ڕاپۆرتە ساختەکانى حەراسەت، دوو جار کەوتووەتە بەر تاقیکردنەوەى عەقیدەتی و دەرکردن.

دکتور محەمەدڕەزا ڕەئیسى، پێشینەى چالاکى و کارکردنى لە ئەنجوومەنى ئیسلامى زانکۆى عەلامەى تەباتەبایی و جووڵانەوەى سەوزی هەیە و هەر لەبەر ئەمەشە چەندین ساڵە ڕووبەڕووى کینە و کارشکێنی و فشار و پاڵەپەستۆى ناوەندە ئەمنییەکانى کۆمارى ئیسلامى بووەتەوە.

بە پێى ڕاپۆرتى گەیشتوو، بەڕێوەبەرانى شارى ڕەى بە دکتور محەمەدڕەزا ڕەئیسییان گوتووە "هەرگیز ڕێگە نادەن وەک مامۆستا و بە بڕوانامەى دکتۆراوە لەو بەشەى ئەوان کار بکات و دەبێت تەنیا وەک کۆگادارێک بمێنێتەوە".

لە هەیکەلى کارگێڕیی مامۆستایەتیدا، پلەى کۆگادار، پلەیەک لە سەرووى خزمەتگوزار (فەڕاش)ـەوە پێناسە کراوە و ناوەندە ئەمنییەکانیش بە دەستى ئەنقەست و وەک سووکایەتى و شکاندنی کەسایەتی دکتور محەمەدڕەزا، ئەم پلەیەیان پێ بەخشیوە و ئێستا ئەم دکتۆرە لە بوارى دەروونییەوە لە ژێر پاڵەپەستۆ و فشارێکى گەورەدایە.