بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

کۆمپانیاکانی ئێران دەرگاکانیان دادەخەن و بێکاریش بەرز دەکەنەوە

کۆمپانیاکانی ئێران دەرگاکانیان دادەخەن و بێکاریش بەرز دەکەنەوە
posted onNovember 20, 2018
noبۆچوون

 داخستنى دەرگای کۆمپانیاى پیشەسازی تامنوش بۆ ئاوە گازییەکان، کۆتایی بە 16 ساڵى بەرهەمهێنان و بەگەڕخستن دێنێت و، دەیان کرێکاری دیکەی ڕەوانەى ماڵەوە دەکات، کەبەهۆى سزاکانى ئەمەریکاوە بەسەر ئێران تووشى زیانێکى گەورە بووەتەوە، لەپاڵ ئەوانەش بەرزبوونەوەى نرخى کاڵاى خاوی هاوردە کراو، خاڵێکى دیکەى زیانەکانى ئەو کۆمپانیایە بوون.

فەرزاد رەشیدی، سەرۆکى جێبەجێکارى ئەو کۆمپانیایە ئاماژەى بەوەداوە " سەرجەم کارمەندانى کەژمارەیان 45 کەس دەبن، ئێستا بێکارن، خۆیشى کارى شۆفێری تەکسی دەکات"، جەختى لەوەشکردۆتەوە " کارمەندە ئافرەتەکانیانیش گەڕانەوە ماڵەوەو خزمەتى مناڵەکانیان دەکەن".

بەپێی بەدواداچوونێکى ئاژانسى رویتەرز، لەگەڵ خاوەنى چەندین کۆمپانیاى کۆمارى ئیسلامی ئێران، دەرکەوتووە سەدان کۆمپانیا هێڵى بەرهەمهێنانیان داخستووەو، هەزاران کرێکاریانیش خستە سەر شەقامەکان.

هۆکاری ئەو ئاڵۆزییەى کۆمپانیاکانیش بەهۆى سزاکانى واشنتۆن و تێکچوونى ڕەوشى کارکردنیانە لەنێو وڵاتێکدا کەتووشى گێژاوی سیاسی و ئابوورى بووەتەوە.

دواى کشانەوەى دۆناڵد ترامپ، سەرۆکى ئەمەریکا لەرێکەوتنە ئەتۆمییەکەى 2015  لەئایارى رابردوو، و بڕیاردان بەسەپاندنى سزاى نوێ بەسەر تاران، بەهاى تمەن بەرامبەر دراوە سەرەکییەکان بۆ ئاستى پێوانەیی دابەزین و، چالاکییە ئابوورییەکانی ئەو وڵاتە لاوازبوونەوە.

ترامپ کۆمەڵێک سزاى دارایی و ئابوورى بەسەر کۆمارى ئیسلامی سەپاند، لەنێویدا کڕین و فرۆشتنى دۆلار لەلایەن دامەزراوەکانى تاران، پیشەسازی ئۆتۆمبێل، هەروەها لەدواى 5 تشرینى دووهەمیشدا کەرتەکانى نەوت و بانکى ئەو وڵاتە رووبەرووى سزا بوونەوە.

بەگووتەى رەشیدی " نزیکەى پێنج ملیار تمەن (نزیکەى 120 هەزار دۆلار) بەنرخى ئاڵوگۆری فەرمیی وڵات  لەچەند مانگی رابردوو زیانیان بەرکەوتووە".

دەشڵێت " ئەنجومەنى کارگێری کۆمپانیاکە بڕیاریدا بەهۆى ناسەقامگیرى بازاڕەکان و دراووە سەرجەم چالاکییەکانى راگرت، بەتایبەت دواى گەیشتن بەکۆتایی رێگاکە".

لەپاڵ سزا ئابوورییەکان و ئاڵۆزبوونى تواناى کڕینى هاوڵاتیان لەسەرەتاى ئەمساڵەوە کۆمەڵێک خۆپێشاندان لەلایەن چینە جیاوازەکانى وڵات سەریانهەڵدا، بەتایبەت لەنێو گەنجان، توڕەیی خۆیان لەبێکاری و بەرزبوونەوەى نرخەکان و توندوتیژییەکانى هێزە ئەمنییەکان نیشانداوە.

بەرپرسانى تاران پێشبینى ئەوەش دەکەن " لەگەڵ تووندبوونەوەى ئاڵۆزییە ئابوورییەکان، ناسەقامگیرى زیاتر لەنێو شەقامدا سەرهەڵبدەنەوە".

پێش چوار رۆژ لەدوورخستنەوەى لەپۆستەکەى لەلایەن پەرلەمانەوە عەلی رەبیعی، وەزیرى کارى حکومەتى تاران ئاشکراى کرد " تاکۆتایی ئەمساڵدا یەک ملیۆن بێکار دەچنە سەر ژمارەى گشتى بێکارانى وڵات".

بەپێی ئامارە فەرمییەکانیش ژمارەى بێکاری لەسنوورى سەدا 12.1 ـەو، سێ ملیۆن کەس بەهیچ شێوەیەکى کاریان دەستناکەوێت.

هاوکات پەرلەمانى رژێمى کۆماری ئیسلامی لەراپۆرتێکی مانگی ئەیلوولی رابردوو پێشبینى کردووە " بەرزبوونەوەى قەبارەى بێکاری، ڕەنگە هەڕەشەى سەقامگیرى بۆ کۆمارى ئیسلامی دروست بکات".

راپۆرتەکە باسى لەوەکردووە " ئەگەر پێمان وابێ ڕەوشى ئابوورى بزوێنەرى خۆپێشاندانەکانى ئەمدواییە، ئەوا قەبارەى هەڵاوسان لەسنوورى سەدا 10 و بێکارى لەسنوورى سەدا 12، بڵێسەى خۆپێشاندانەکان بوون، ئەوا لەبەرزبوونەوەى توندی ئەو پێوەرە چ کاردانەوەیە مەترسیدار دروست دەکەن".

دووپاتیشی دەکاتەوە " لەو چوارچێوەیە ئەگەرى ئەوە هەیە رێژەى بێکارى بگاتە سنوورى سەدا 26 ـى کۆى گشتى خاوەنکاران".

زۆربەى خاوەن کۆمپانیاکان ڕەخنە لەسیاسەتى نەختى وڵاتەکانیان دەگرن، کەزۆرینەى دژ بەیەکن، هەندێکیانیش حیسابی بەرزبوونەوەى نرخى کاڵا بیانیەکان و بەرزبوونەوەى رێژەى سوودی بانکەکان ناکەن".

بەشێک لەکۆمپانیاکان چەندین مانگە مووچەى کرێکاران و کارمەندانى نەداوەو، زۆرینەشى بەرەو ماڵەوە بەرێکردووە.

لەو نێوەندەش کۆمپانیاى جولفاکاران ئاراس، کەیەکێکە لەگەورە کۆمپانیاکانى چنین لەئێران بەرویتەرزى گووت " کۆمپانیاکەیان تاوتوێی راگرتنى کارەکانى دەکات و، ئەگەرى ئەوەش هەیە سەدان کارمەند کارەکانیان لەدەست بدەن".

هەرچەندە واشنتۆن دووپاتیدەکاتەوە " فشارە ئابوورییەکانى دژى تاران، ئاراستەى حکومەت و دەسەڵاتدارانى ئەو رژێمەو بریکارەکانیەتى لەناوچەکە، نەوەک گەلى ئێرانى"، بەڵام لەسەر زەویدا یەکەم توێژ تووشى کارەسات و داڕمان بوویەوە گەنجانن، کەتاکە زیان بەرکەوتووى ئەو ئاڵۆزییەن.

تاوەکو ئێستاش گەورە دەسەڵاتدارانى ئێران، هیچ کێشەو ئاڵۆزییەکیان بۆ دروست نەبووەو، تەنانەت بازرگانیەکانیان لەگەڵ جیهاندا و لەناوخۆى وڵاتەکەیانیشدا بەردەوامیی هەیە.

بێکارى لەنێو توێژى گەنجان لەسنوورى سەدا 25 ـە، کەسەدا 60 کۆی گشتى دانیشتووانى ئێران کەژمارەى 80 ملیۆن کەسە پێکدەهێنن، تەمەنى هەرەزۆریان لەخوار 30 ساڵییە.

لەنێو خاوەن بڕوانامە باڵاکانیشدا سەدا 50 یان بێکارن، کەتاوەکو ئێستا هیچ کارێکیان نەدۆزیوەتەوە.