حوسێن ئەحمەدی نیاز پارێزەری ڕامین حوسێن پەناهی لە نووسێنێکی مافناسانەدا باس لە جیاوازییەکانی دۆسیەی ڕامین حوسێن پەناهی و محەمەد سەلاس ـى دەروێشى گۆنابادى دەکات کە دووشەممە و لەسەر پرسى شێلان و کوشتنى سێ کەس لە هێزە ئەمنییەکانى کۆمارى ئیسلامى شەقامی ئینقلاب بە پاس، لەسێدارە درا.
ئەحمەدی نیاز دەڵێ: ئەگەرچی لە سێدارەدانی محەمەد سەلاس هەژێنەر بوو و لە ڕوانگەی حقوقیشەوە قسەی لەسەرە بەڵام جیاوازی لەگەڵ دۆسیەی ڕامین یەکجار زۆرە.
ناوبراو ئاماژە بە چەند خاڵێک دەکات لە نووسینەکەیدا کە بەم شێوەیە ڕێک خراون:
یەکەم: محەمەد سەلاس سکاڵاکەری تایبەتی هەبوو کە دەرکردنی بڕیاڕی سێ جار قەساسی ڕاستەوخۆى بە هۆی ئەو سکاڵاکەرانەوە بەسەردا سەپێنراوبوو، بەڵام ڕامین هیچ سکاڵاکەرێکی تاکەکەسی لەسەر نییە.
دووهەم: لە دۆسیەی سەلاسدا کەسانێک کوژران و بریندار بوون، بەڵام لە دۆسیەی ڕامیندا هیچ سەرباز و کاربەدەستێکی دەسەڵات نەکوژراوە و تەنانەت خوێنیشیان لە لووتی نەهاتووە.
سێهەم: بەرامبەرى ڕامین دەسەڵاتە، بەڵام لایەنی بەرامبەر و سکاڵاکارى دۆسیەکەى محەمەد سەلاس بنەماڵەی کوژراوەکانی هێزی ئینتیزامییەکانە.
چوارەم: دۆسیەی ڕامین بە پێی یاسا دەکرێ بکەوێتە بەر لێبوردن، بەڵام دۆسیەی سەلاس ئەو یاسایەی نەدەگرتەوە، بە هۆکاری ئەوەی قەساس وەبەر لێبوردن و بەخشین ناکەوێت تەنها ئەو کاتە نەبێت کە بنەماڵەى کوژراوان لێى خۆش بن.
پێنجەم: پێکهاتەى ئەو دوو دۆسیەیە جیاوازە.
شەشەم: سزای ڕامین سێدارەیە و سزای سەلاس قەساس بوو.
لە کۆتایی نووسینەکەیدا، ئەحمەدى نیاز دەڵێ "بە پێی ئەوەی ڕامین چەکدار نەبووە و لە بنەڕەتدا دەستی بۆ چەک نەبردووە و داواکاری تایبەتیشی نییە، بۆیە سزای سیدارەدانەکەى ناوبراو دەکرێ هەڵگیرێت".
لە کۆتایی قسەکانی ئەو پارێزەرەدا هاتووە کە سێدارە و قەساس هەردووکیان گیانی مرۆڤ دەستێنن و ئەوەش کارێکی نەشیاوە و نابێ قەبووڵ بکرێت و پاراستنی مافەکانی تۆمەتبار لە بنچینە بنەماییەکانى یاساکانی دادڕەسی کەیفەرییە و پێویستە دەسەڵات بەرامبەر بەو پرسە دڵ گەورە و سینگ فراوان بێت.
پارێزەری ڕامین لە نێو قسەکانیشیدا ئەوەى نەشاردووەتەوە کە ئەوپەڕی تاوانی ڕامین ئەندامەتییە لە ڕێکخراوی کۆمەڵەدا و پڕوپاگەندەکردن بۆ ئەو لایەنە کە بە پێی یاساکانی کۆماری ئیسلامی هەوڵدان لە دژی تەناهی نەتەوەیی دیتە ئەژمار و سزاکەشی ٢ بۆ ١٠ساڵ زیندانە. هەر بۆیە سزای سێدارە بۆ ڕامین بە پێجەوانەی یاسایە و پڕەنسیپی پاراستنی هاوسەنگی نێوان تاوان و سزای تێدا نەپارێزراوە.