رفتن به محتوای اصلی

ئێران و داعش ئابوورى و سیاسەتى عێراقیان وێران کرد

ئێران و داعش ئابوورى و سیاسەتى عێراقیان وێران کرد
نەبوونى وەزیرى ناوخۆ و بەرگری لە عێراق کاریگەرى لەسەر بەهێزبوونى داعش و دەستتێوەردانى ئێران دەبێت لە عێراق
posted onDecember 8, 2018
noدیدگاه

 

دواى تێپەربوونى ساڵێک بەسەر سەرکەوتنەکانى هێزەکانى عێراق بەسەر ڕێکخراوی داعش و، دەرکردنى ئەو گرووپە لە ناوچەکانى باکوورى ڕۆژئاواو ڕۆژاوای ئەو وڵاتە، دووبارە خەریکە ئەو گرووپە چەکدارە خۆى ڕێک دەخاتەوە و، دەستى بە چالاکییەکانى کردووەتەوە کە ئەمەش مەترسیی بۆ هاوڵاتیان دروست کردووە.

 

بەگووتەى پسپۆڕانى ئەمنى و سەربازی، یەکێک لە هۆکارەکانى خۆ ڕێکخستنەوەى چەکدارانى داعش لەن اوچەکانى موسڵ و نەینەوا، بۆ ئەو سەرکەوتنە ڕێژەییە لە سووریا بەتایبەت لە ڕۆژاواى فورات تۆماریان کردووە، جگە لەوانەش دەستنیشانکردنى هەردوو وەزیرى بەرگرى و ناوخۆی حکومەتى عێراق، ڕێگەى داوە پرسى ئەمنی لەو وڵاتە لاوازتر بێت لەوەى پێشوو.

عەمیدی خانەنیشنکراوى عێراقی جەلال حەسەن، پسپۆری ئەمنى و سەربازی بە تۆڕی میدیایی ئاڤاتودەى ڕاگەیاند "جموجۆڵەکانى ئەم دواییەى داعش تاڕادەیەک پەیوەندیی بە سەرکەوتنەکانى سووریا دێن، کە لە ڕۆژاواى فورات تۆماریان کردووە".

گووتیشى "لەپاڵ ئەو سەرکەوتنەى داعش، دەستنیشاننەکردنى وەزیرى ناوخۆ و بەرگرى، کاریگەرییان نەرێنیان لەسەر پرۆسەى ئەمنى دورست کردووە، کەرێگەى داوە داعش بتوانێت لەسنوورەکانەوە دزە بکەن". حەسەن ئاماژەى بەوەش داوە "گوێنەدان بەکەیسى ئەمنى لەعێراق و تیشکخستنە سەر گەندەڵییەکان، هۆکارێکن بۆ دووبارە گەشەسەندنەوەى داعش لەنێو موسڵ".

داعش لەسەرەتاکانى حوزەیران (جۆزەردان)ى ٢٠١٤، لە هێرشکدا توانى دوو لەسەر سێی خاکی عێراق و بەشێکى خاکی سووریا کۆنترۆڵ بکات و، لەوێشەوە خەلافەتى ئیسلامی ڕاگەیاند. ئەو هەنگاوەش بووە هۆکارێک بۆ ئەوەى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى هاوپەیمانییەکى فراوان دژى ئەو گرووپە چەکدارییە دروست بکەن و، هەوڵى لەناوبردنى بدەن.

عەمیدە خانەنیشینکراوەکە سوورە لەوەى کە سنوورەکان بەشێوەکى فراوان لەلایەن هێزە ئەمنییەکان کۆنترۆڵ نەکراون، ئەمەش ڕێگەى بەداعش داوە ئەو هەلە بقۆزێتەوەو، لەهەندێک شوێن بەئاشکرا جموجۆڵی خۆى بکات. لەبارەى ئەگەرى کۆنترۆڵکردنەوەى شارەکانى عێراق یاخووود سووریا لە لایەن داعشەوە هاوشێوەى ٢٠١٤، جەلال حەسەن دەڵێت "داعش ناتوانێت دووبارە شارە گەورەکان بگرێتەوە، چونکە ئەو گرووپە توانا سەرەکییەکانى خۆى لە دەست داوە، بەڵام بەهۆى نەبوونى وەزیرى ناوخۆ و بەرگری، کاریگەرى لەسەر لەناوبردنى ئەو گرووپە کردووە بتوانێت هەناسەیەک بداتەوە".

یەکێک لەهۆکارەکانى دواخستنى دەستنیشانکردنى وەزیرانى ناوخۆ و بەرگرى حکومەتەکەى عادل عەبدولمەهدی، بۆ دەستێوەردانى وڵاتانى هەرێمایەتیە لەو کەیسە بەتایبەت ئێران، کەدەیەوێت کەسێک نزیک لەخۆى پۆستى وەزارەتى ناوخۆی پێبدرێت، بەتایبەت فالح فەیاز، پیاوی یەکەمى تاران.

بەپێی ڕێککەوتنە سیاسییەکانى عێراق، پۆستەکان لەنێو لایەنەکان بە یەکسانى دابەش دەکرێت، بەتایبەت لە نێو (شێعە، سوننەو کورد)، هاوشێوەى ساڵانى ڕابردووش پۆستى وەزارەتى ناوخۆ لەپشکى شێعەکانەو بەرگریش لەنێو سوننەکان دیاریی دەکرێت.

لەبەرامبەریشدا لیوا عەبدولکەریم خەڵەف، پسپۆڕی ئەمنى و سەربازی، ڕاوێژکارى پێشووى وەزیرى ناوخۆى عێراق، لەبارەى کۆنترۆڵکردنەوەى شارەکان لەلایەن داعشەوە، هەمان بۆچوونى هاوپیشەکەى هەبووە. گووتیشى "داعش تواناى سەربازی گەورەى نەماوە بۆ ئەوەى دووبارە بتوانێت شارەکان داگیر بکاتەوە، بەڵکو سەرجەم پرۆسەو چالاکییەکانى بەنهێنى و بەدزییەوە ئەنجامدەدات.

خەڵەف هێمای بەوەش کردووە "دەکرێ لێرەو لەوێ ئۆتۆمبێلێک بتەقێنێتەوە، کەسێک تیرۆر بکات، چونکە ئەو کارانە پێویستیان بەهەوڵی زۆر گەورە نییە، ئەوان ئێستا لەژێر زەوییەکانەوە کار دەکەن و، ململانێیەکان لەچوارچێوەى زانیارییەکانە".

تاران دەیەوێت لەرێگەى وەزیرى ناوخۆوە، هەناسەى خۆ دزینەوە لە سزا ئابوورییەکانى ئەمەریکا بدات، کە دەیەوێت عێراق بکاتە قەڵغانى هەڵاتن لەکاریگەرییە نەرینییەکانى ئەو سزایە، کە ئاڵۆزی و قەیرانى مەترسیداری بۆ دروست کردووە، بەتایبەت لەدواى جێبەجێکردنی قۆناغی دووەمى سزاکان، کە کەرتى وزەو دامەزراوە داراییەکانى گرتۆتەوە.