تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

کۆچبەران دەیانەوێت بگەنە ئەوروپا

کۆچبەران دەیانەوێت بگەنە ئەوروپا
AvaToday caption
posted onMarch 2, 2020
noتعليق

کارزان حەمید

 

هەر لەگەڵ کردنەوەى سنوورەکان بەرووى پەنابەران بەرەو ئەورۆپا لەلایەن تورکیاوە، هەزاران کەس بەئاراستەى یۆنان بەرێکەوتن و، بەشێکیش لەو کۆچبەرانەش چاوەڕوانی بەلەم و کەشتی و پیادەیان نەکردووە بۆ گەیشتن بەسنوورەکانى یەکێتى ئەورۆپا، بەڵکو لەرێگەى مەلەوانیەوە خۆیان گەیاندە سنوورى یۆنان.

بەپێی زانیارییەکانى (سکای نیوز)، نزیکەى ١٣ هەزار کۆچبەر لەبەردەم تەلبەندە سنوورەکەی ئەنکەرا و ئەسینا گردبوونەتەوەو، سەدانى دیکەش لەرێگەى بەلەمەوە گەیشتوونەتە سێ دوورگەى یۆنانی.

هەفتەى رابردوو دەسەڵاتدارانى ئەنکەرا رێگەیان بەپەنابەرانى نێوخۆى وڵاتەکەى دا، سنوورەکان ببەزێن و، روو لەوڵاتانى ئەورۆپا بکەن، بەشێک لەو کۆچبەرانە سەرەڕاى مەترسییەکانى نقوومبوون هەوڵیاندا بەرووبارى ئیڤرۆس بپەرنەوە.

بەشێک لەوێنە تۆمارکراوەکان دەریانخستووە، ژمارەیەک کۆچبەر بەنێو ئەو رووبارە کەدرێژییەکەى ١٩٤ کیلۆمەترە لەکۆى ٢٠٦ کیلۆمەتر، بەمەولەوانى پەریوەنەتەوە. بەپێی رێکەوتننامەیەک لەنێوان ئەو یەکێتیەو تورکیا کە ساڵى ٢٠١٦ واژۆ کراوە، رووبارى ئیڤرسۆن ناچێتە نێو رێکەوتننامەى سنوورەکان، کەرێگە بەگەڕاندنەوەى سەرجەم پەنابەران دەدات کەبەشێوەیەکى نایاسایی و لەرێگەى دەرگا دەگەنە یۆنان.

پێشتر لەنێوان ئەنکەراو ئەسینا ئەو سنوورە بەیاسایی کرا، بەڵام هەرزوو تورکیا لەو بڕیارە پاشگەزبوویەوە، بەتایبەت دواى ڕەتکردنەوەى ڕادەستکردنى ژمارەیەک ئەفسەرى هەڵاتووی هەوڵە کودەتا شکستخواردووەکەى تەمموزی ٢٠١٥.

پەنابەراننن

گەواهیدەرانی ناوچەکەش بەمیدیاکانیان ڕاگەیاند " پۆلیسى یۆنانى دژى پەرینەوەى کۆچبەرانى نایاسایی گازی فرمێسکرێژى بەرامبەر ئەو خەڵکە بەکارهێناوە،  کەبەهاوێشتنى بەرد دژى هێزە ئەمنیەکانیان ویستوویانە سنوورەکان ببەزێنن ". بڕیارەکەى رەجەب تەیب ئەردۆگان بەکردنەوەى سنوورەکان، دواى چەندین هەڕەشە دێن دژى یەکێتى ئەورۆپاو، دەستێوەردان لەکاروبارى سووریاو لیبیاو چەند وڵاتێکى دیکە.

بیانووەکەى ئەنکەراش بۆ ئەو پرسە " ئاڵۆزبوونى ڕەوشى مرۆیی پارێزگاى ئیدلیبە، لەباکوورى رۆژئاواى سووریا، کە سەدان هەزار خەڵکى مەدەنى لەئاگرى جەنگ بەرەو سنوورى ولاتەکەى هەڵاتوون".

لەو بارەیەوەش سلێمان سوێلو، وەزیرى ناوخۆی حکومەتى ئەنکەرا لەهەژمارى خۆى لەتویتەر بڵاویکردەوە " سەرووى ٧٦ هەزار پەنابەر لەرێگەى ویلایەتى ئیدیرن، وڵاتیان جێهێشتووە"، کەئەو شارە ناوچەیەکى سنوورییە لەنێوان یۆنان و بۆلگاریا.

یۆنان دواى بڕیارەکەى دراوسێیە رۆژهەڵاتیەکەى، دەستبەجێ سنوورەکانى داخست و، ژمارەیەک کۆچبەریشى دەستگیرکرد، کەتوانیبویان سنوور ببەزێن و، بچنە نێو ئەو وڵاتە ئەورۆپیە. چاوەڕوانیش دەکرێت، وەزیرانى دەرەوەى یەکێتى ئەورۆپا هەفتەى داهاتوو کۆبوونەوەیەکى بەپەلە ئەنجامبدەن و، گفتوگۆ لەسەر پێشهاتەکانى ئەمدواییەى ململانێیەکانى سووریاو شاڵاوی کۆچبەرانی نێوان تورکیاو یۆنان بکەن.

جۆزیب بۆریل، وەزیرى دەرەوەى ئەو یەکێتیەش لەراگەینراوێکدا باسى لەوە کردووە " جەنگەکانى دەوروبەرى پارێزگای ئیدلیبی سووریا هەڕەشەیەکی جددیە بۆ ئاشتى وئاسایشى نێودەوڵەتى".

هیمای بەوەشداوە " کاردانەوەى مرۆیی مەترسیداری دەبێت لەسەر ناوچەکەو جیهان".

گووتیشى " بەو بۆنەیەوەش داواى کۆبوونەوەیەکى بەپەلەى ئەنجومەنى کاروبارى دەرەوە دەکەم بۆ تاوتوێ کردنى ڕەوشەکەو، پێویستیشە یەکێتى ئەورۆپا هەوڵەکانى بۆ چارەسەر کردنى ئەو قەیرانە مرۆییە بەهەموو شێوەیەک چارەسەر بکات".