تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

ئێران دەیەوێت لە سووریا قەرەبووى زیانە ئابوورییەکانەوە بکاتەوە

ئێران دەیەوێت لە سووریا قەرەبووى زیانە ئابوورییەکانەوە بکاتەوە
بەلایەنى کەمەوە دوو هەزارو ٤٠٠ سەربازی ئێرانى لە سووریا لەسەرەتاى ٢٠١١ ـەوە کوژراون
posted onOctober 2, 2018
noتعليق

 

کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ دەربازبوون لەو قەیران و ئاڵۆزییەى تێی کەوتووە، دەیەوێت لە ڕێگەى بەکارهێنانى سووریا، بۆ وەبەرهێنانی دەرەکی بەکار بهێنێت.

لەو بارەیەوە وەزیرى وزەى حکومەتى تاران ڕایگەیاندووە "وڵاتەکەیان لەگەڵ دیمەشق گەیشتووتەنەتە ڕێککەوتنێک، بۆ ئەوەى بەبەهاى ٤٠٠ ملیۆن یۆرۆ (٤٦٠ ملیۆن دۆلار) وێستگەیەکى کارەبا لەو وڵاتە دروست بکات". شوێنى ئەو وێستگەیەش بەپێی ڕێککەوتنى هەردوو لایەن لەشارى لازقیە لە کەنارە ڕۆژئاواییەکەى ئەو وڵاتە دەبێت، کە هاوکات یەکێکە لە پێگە گرنگەکانى ڕژێمەکەى بەشار ئەسەد. رەزا ئەردکانیان، گووتیشى " ڕێککەوتنەکە ئەمڕۆ سێشەممە ٢ تشرینى یەکەم واژوو کراوە".

چاودێران لەبارەى هەوڵەکانى تاران لەسووریا، بۆ قەرەبوو کردنەوەى زیانە ماددی و مرۆییەکانیەتى لەو وڵاتە، کەساڵانێکى زۆرە لەو زۆنگاوە تێوەگڵاوە. ئاماژەیان بەوەش داوە " ئێران لەرێگەى بەدەستهێنانى وەبەرهێنان لە کەرتە جیاوازەکانى سووریا، قەرەبوویەکیش بەزیانە ئابوورییە ناوخۆییەکانى دەکات". تاران دەیەوێت لە چوارچێوەى پرۆسەى نۆژەنکردنەوەى سووریا ڕۆڵێکى کارای هەبێت، دیمەشق ناچار بکات، بەرامبەر ئەو یارمەتیدانە سەربازییانەى پێشکەش کردووە، لەسەر زەویدا جێگەیەکى پێبەخشێت.

ئامارە نافەرمییەکان دەریانخستووە " دوو هەزارو ٤٠٠ سەربازی ئێرانى بەلایەنى کەمەوە لەسووریا لەسەرەتاى ٢٠١١ ـەوە کوژراون". لەپاڵ ئەو سەربازانە چەندین گرووپی میلیشیایی لەسووریا وەک (لیوای فاتیمیەکان)، کە لە پەنابەرە ئەفغانیەکانى نێو ئێران پێک هاتووە، هەروەها (لیوای زەینەبیەکان)ـى پاکستانییەکان لە لایەن کۆمارى ئیسلامییەوە پاڵپشتی دەکرێن، بۆ ئەوەى لەریزەکانى ئەسەد بجەنگن.

لە سەرووى هەمووشیانەوە حیزبوڵای لوبنانى، بەهەموو قورساییەکەیەوە پاڵپشتى ڕژێمەکەى دیمەشق دەکات و، ڕاستەوخۆ لەلایەن قاسم سولەیمانى، فەرماندەى سوپای قودس سەرپەرشتى دەکرێت. تاران بەدەر لەپرۆسەى وەبەرهێنان، بیانووی کوژرانى سەربازانى بۆ پاراستنی مەزارگەکانى شیعەکانى سووریایە، هەروەها ڕێککەوتنێکى سەربازیی لەگەڵ ئەو وڵاتە هەیە، بەڵام زۆربەى تێوەگڵانەکانى لەچوارچێوەى ڕاوێژکاری چڕی کردووەتەوە.

بەهۆى سزا ئابوورییەکانى ئەمەریکاوە بەسەر ئێران، ئاڵۆزی و قەیرانە ئابوورییەکانى تاران، گەیشتووەە قۆناغێکى مەترسیدار، بەو هۆیەوەش بەهاى تومەنى ئەو وڵاتە ڕووبەرووى داڕمانێکى گەورە بووەتەوە. ئەو داڕمانەش کاریگەرى لەسەر تواناى کڕینى هاووڵاتیان کردووە لەدابینکردنى پێداویستییە گرنگەکانى ڕۆژانەیان.