تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

"ژنى خۆمە و دەیکوژم"

"ژنى خۆمە و دەیکوژم"
AvaToday caption
قەتڵی نامووسی و شەرعیەتدان بەو قەتڵانە لە ژێر سێبەری کۆماری ئیسلامی
posted onMay 14, 2019
noتعليق

 

ڕۆژی یەکشەممە تاقمێک لە چالاکانی مافی ژنان لە سنە لەپارکی ئای.تی ئەم شارە بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی دژی قەتڵە نامووسییەکان لە ئێران و کوردستان کۆ بوونەوە. ماوەی چەند مانگی ڕابردوو کوژرانی زیاتر لە ۱۱ ژن بەهۆکاری نامووسی لەپارێزگای سنە و ورمێ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بووەوە کە دژکردەوەی زۆری بەدوادا بوو و بەهۆی نەبوونی پاڵپشتی یاسایی لەم ژنانە تا ئێستا سزایێکی ئەوتۆ بەسەر بکوژەکانیان نەسەپێندراوە.

 

ئەم کۆبوونەوانە کە دژکردەویێکە دژی پلەوپایگای ژن لەکۆمەڵگای کوردستان و ئێران، بەمەبەستی کۆکردنەوەی پاڵپشتی بۆ گۆڕینی ئەو نەریت و یاسایانەیە کە کۆماری ئیسلامی لەبەرژەوەندی خۆی و بە چەوساندنەوەی ژنان، کەڵکی لێوەردەگرێت. بەپێ ئامارە فەرمییەکان لەساڵی ۹٥ هۆکاری ٦۲٪ لە کوژرانی ژنان نامووسی بووە. کە ئەم قەتڵانەش لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەکانەوە بەشێک لە قەتڵە بنەماڵەییەکان ناسراوە و تا ئێستا وەک دیاردەیێکی جیاواز کە دەبێ بە شێوەیکیتر ڕووبەڕووی بوونەوە، باسی لێنەکراوە. واتا تا ئەو کاتەی ئەم قەتڵانە وەکوو کێشەیێکی بنەماڵەیی چاوی لێبکرێت نەک کێشەیێکی کۆمەڵایەتی، چارەسەر ناکرێت و دەبێ چاوەڕێ زیاتربوونی ئەم چەشنە کارەساتانە لەنێو کۆمەڵگا بین.

قەتڵی نامووسی کاتێک ڕوو دەدات کە پیاوانی بنەماڵەیێک یان خزم و کەسوکاریان، ژنێک لە بنەماڵەی خۆیان بە هۆکاری جۆراوجۆری وەک پەیوەندی سێکسی یان بڵاوبوونەوەی دەنگۆ سەبارەت بەوە، دەکوژن تا بەڕای خۆیان ئەو ڕیسوابوونە لەنێو کۆمەڵگا بسڕنەوە. قەتڵی نامووسی لە ئێراندا بەهۆی پاڵپشتییەکی یاسایی کە هەیەتی خەریکە پەرە دەسەنێت و بکوژەکانی ئەم قەتڵانەش بە وەى کە دەزانن دواتر سزا نادرێن، بە ئاسانى دەست بۆ ئەو کارە دەبەن. واتا شەرعییەتبەخشین بە کوشتنی ژنان لە کۆمەڵگایێک کە بەشێک لە خەڵکەکەی لەباری فکرییەوە بەرەو مودێڕنبوون دەڕوا، لە دەسکەوتەکانی کۆماری ئیسلامییە کە نایهەوێ گۆڕینێک لەو دۆخە پێک بێت کە بنەڕەتی ئایدیۆلۆژیاکەی لەسەری دامەزراندووە.

نامووس

بەپێ ئامارێک کە لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی بڵاو بووەتەوە، پارێزگای خووزستان، شیراز و ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، ئیلام، سنە و کرماشان زۆرترین ڕێژەی کوشتنی ژنان بە هۆکاری نامووسیان هەیە. هۆکارێک کە کاتێ بکوژەکان بەڵگەیان بۆ ئەم کارە دایە دادگا ئیدی سزایێک بە سەریاندا ناسەپێنرێ و تەنانەت ئەگەر سزایێکیش هەبێت، لەبەر ئەوەى لەگەڵ کوژراوەکە لەیەک بنەماڵەن دیسان لە لایەن بنەماڵە و خزم و کەسوکاری دەبەخشرێت و ئازادانە لە کۆمەڵگا دەسوورێتەوە.

بەهۆی زاڵبوونی چوارچێوەی ژیانی عەشیرەیی و شێوازی نەریتی لەم پارێزگانە، ژنان تووشی زۆرترین ئازار دەبنەوە لەلایەن پیاوانی بنەماڵەکەیانەوە. تێکدانی هەنجارەکان گەورەترین تاوانە و کاتێ ڕوو بدا بنەماڵە خۆی بۆ سزادانی ئەو کەسەی کە تووشی تاوان بووە! دەسبەکار دەبێت. بەوتەی شەهلا ئەعزازی کە ۱٥ساڵ لەم بوارەدا لێکۆڵینەی کردووە "پاش ۱٥ ساڵ هیچ جۆرە گۆڕینێک لەبواری کەمبوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان ڕووی نەداوە. نە یاسا گۆڕاوە، نە ڕێکخراویێک بۆ پاڵپشتی لەم ژنانە دامەزراو و نەش کارێک بۆ زیاترکردنەوەی ئاستی زانیاری خەڵک لەمەڕ دیاردەی توندوتیژی دژ بە ژنان ئەنجام دراوە. ئەوەی کە دەیبینین هەڵکشانی ئاستی ئەم توندوتیژیانەیە کە بە یارمەتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئێستا بڵاو دەبێتەوە.

ئەوەی کە ئاشکرایە توندوتیژی دژ بە ژنان، دەرەنجامى پلەوپایەی ژن لە کۆمەڵگایە. بۆیە دەبینین لە سنە مێردێک لە شوێنێکی گشتی بە چەقۆ دەکەوێتە گیانى ژنەکەی و هاوار دەکا و دەڵێ "ژنی خۆمەو دەیکوژم" و خەڵکیش بە ئاسایی لە پاڵ ئەم ڕووداوە تێپەڕ دەبن و ئەو موڵکییەتی پیاوە لەسەر ژنان قەبووڵ دەکەن.

نامووسرى