بە گوێرەی هەواڵیك کە کەمپینی داکۆکی لە بەندکراوانی سیاسی و مەدەنی ئێران بڵاوی کردووەتەوە، دەزگاکانی بەسیج و 'پۆلیسی تایبەت بە پاراستنی ئەمنیەتی ئەخلاقی کۆمەڵگا' رۆژی سێ شەممە ٢ی گەلاوێژ ٦ ژنیان بە هۆکاری لابردنی پەچەی سەر و دانانی وێنەکانیان لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستبەسەر کردووە.
لە لایەکی دیکەوە ناوەندی ناسروا بە 'ئەمری بە مەعرووف و نەهی لە موونکەری' دێزفول رۆژی دووشەممە یەکی گەلاوێژ ٥ کچیان بە تاوانی دژایەتی لەگەڵ نۆڕمەکانی کۆمەڵگا دەستبەسەر کردووە.
هەڵمەتی کچانی شەقامی ئینقلاب کە تێیدا کچان سەرپۆشی سەریان فڕێ دەدەن سەرباقی سەرکوتی چالاکانی ئەو هەڵمەتە هەروا بەردەوامە و کچان و ژنانی ئێران سوورن لەسەر لابردنی یاسای حیجابی زۆرەملی.
یاساکانی کۆماری ئیسلامی لەسەر بنەمای شەریعەتی ئیسلام داڕێژراون و لە چوارچێوەی سیستەمی ویلایەتی فەقیهدا هیچ بایەخێک بە ویستی مرۆڤەکان و ئیرادەیان لە دیاری کردنی شێوازی ژیانیان نەدراوە. لە راستیدا مرۆڤی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی مەحکوم دەکرێ بەو شتەی دەسەڵات دەیهەوەێ و ئەوەش ناڕەزایەتی بەربڵاوی چین و توێژە جیاجیاکانی ئێرانی لێکەوتۆتەوە.
بزاڤی ژنان یەکێک لەو بزاڤە زیندووە ناڕازیانەی ئێرانە کە لە دووتوێی کەمپین و چالاکی سەرشەقام و هەڵمەتی جۆراوجۆردا دژی یاسا دژە ژنەکانی کۆماری ئیسلامی وەستاوەتەوە و لەو پێناوەشدا ساڵانە بە دەیان کەسیان دەستبەسەر دەکرێن و سزا دەدرێن.