تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

چەند کۆمپانیایەکى نەوتی ئاسیا چیتر نەوتى ئێران ناکڕن

چەند کۆمپانیایەکى نەوتی ئاسیا چیتر نەوتى ئێران ناکڕن
AvaToday caption
posted onApril 18, 2019
noتعليق

 

بە پێی ڕاپۆڕتی هەواڵدەری بلۆمبێرگ لە بەرەبەری پێداچوونەوە بەسەر بڕیاڕی لێخۆشبوونی کاتی بۆ گەمارۆکانی سەر ئێران، چەند پاڵاوگە و کۆمپانیایەکی وڵاتانى چین، ژاپۆن و کوریای باشور، داخوازی کڕینی نەوت لە ئێرانیان ڕاگرت. بە پێی ئەو ڕاپۆڕتە لانیکەم پێنج پاڵاوگەی ئاسیایی داواکاری نوێیان بۆ کڕینی نەوت لە ئێران نەداوە.

 

کاتی پێویست بۆ بارکردنی بارە نەوتییەکان بۆ چین، ژاپۆن و کوریای باشور ٢٠ ڕۆژ تا مانگێکە و بەو هۆکارە هێندێک لە پاڵاوگەکانی نەوتی ئەو وڵاتانە کڕینی نەوت لە ئێرانیان ڕاگرتووە. لەو پەیوەندییەدا هەواڵدەری ڕۆیتەرز لەسەر بنەمای زانیارییەکانی پاپۆرەوانی و شوێنهەڵگرتنی نەوت هەڵگرەکان ڕۆژی سێشەمە بڵاوی کردەوە کە نێونجی هەناردەی نەوتی ئێران لە نیوەی یەکەمی مانگی خاکەلێوە واتە دوو حەوتوو لەمەوبەر گەیشتووەتە خوارووی ملیۆنێک بەرمیل کە کەمترین ڕێژەیە لەم ساڵدا.

ئەوە لە کاتێکدایە هەناردەی نەوتی ئێران لە سەرەتای ساڵی ڕابڕدوودا ٢.٥ ملیۆن بەرمیل بووە. ڕۆیتەرز لە درێژەدا نووسیویەتی ئاماری نەوتهەڵگرەکان و سەرچاوەکانی پیشەسازی نەوت نیشانی دەدات هەناردەی نەوتی خاوی ئێران لە مانگی خاکەلێوە بۆ کەمترین ئاستی خۆی لەم ساڵدا دابەزیوە.

ئەمریکا مانگی گەڵاڕێزانی ساڵی ڕابڕدوو لێخۆشبوونی کاتی بۆ هەشت وڵات ڕاگەیاند بۆ ئەوەی بە شێوەی سنووردار درێژە بە هاوردەی نەوت لە ئێران بدەن. ئەو لێخۆشبوونە دوو حەوتووی دیکە کۆتایی پێ دێت و تەنیا چین، هیند، کوریای باشور، ژاپۆن و تورکیە کەڵکیان لەو لێخۆشبوونە وەرگرت و تایوان، ئیتالیا و یونان سەرەڕای بوونی لێخۆشبوونی کاتی، نەوتیان لە ئێران نەکڕی.