رۆژی شەممە، تەرمی «سۆران محەمەدزادە»، پێشمەرگە و ئەندامی ڕێکخستنە نهێنییەکانی پارتی ئازادیی کوردستان (پاک)، لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان دۆزرایەوە.
بەپێی زانیارییەکان، هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان کاتژمێر ٥ی ئێوارە دوای ئاگادارکردنەوەیان گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و تەرمەکەیان دۆزیوەتەوە. بەوتەی کەسێکی نزیک لە ناوبراو، چەند ڕۆژێک بەسەر گیانلەدەستدانی سۆران محەمەدزادەدا تێپەڕ دەبێت.
سەرچاوەیەک لە پارتی ئازادیی کوردستان ڕایگەیاندووە، پێدەچێت ناوبراو لەلایەن تیمێکی چەند کەسییەوە بە چەقۆ کوژرابێت، هەرچەندە هێشتا ئەم زانیارییە بە فەرمی پشتڕاست نەکراوەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوە ئەمنییەکان پشتڕاستیان کردووەتەوە کە لێکۆڵینەوەکان بۆ ئاشکراکردنی وردەکاری و هۆکاری ڕووداوەکە دەستیان پێکردووە.
بەرپرسانی پارتی ئازادیی کوردستان بەهۆی چالاکییە سیاسییەکانی ناوبراوەوە، گومان دەکەن تیرۆرەکە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ئەنجام درابێت.